ئومانیسم و خودا

3 مانگ پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا
تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئاین، هێشتا پەی دەبردۆتە نێو قۆناغی ئومانیسمەوە، واتە، ئاین نەیتوانیوە، مرۆڤ بکات بە سەنتەری گرنگییپێدانەکانی، بەو مانایەی کە ئاین بۆ مرۆڤە، نەک بۆ خودا.
لە تێگەیشتنی ئێمەدا، مرۆڤ پاشکۆیە، کۆیلەیە، دەبێ هەموو ئەرکە سەپێندراوەکانی خودا جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئەو رازی بکات و سندان لە خۆی بدات.
ئەم تێگەیشتنە، بە درێژایی چاخە تاریکەکانی ناوەند، کڵێسای کاسوولیک پەیڕەوی دەکرد، ئینجیل ئەو کتێبە گەوهەری و بنەڕەتییە نەبوو کە مرۆڤی مەسیحی بگەڕێتەوە سەری، بەڵکو بە دەیان بەرگی زل، تەفسیر لە دوای تەفسیر، جیهانبینی کڵێسای بەسەر رەعییەتی خۆی دەسەپاند.
دین بوو بوو بە تەقس، بە کۆد، دەبوو بەو جۆرە پەیڕەو بکرێ کە باوکەکانی کڵێسا دەیانویست. کڵێسا لە ناوەندی گوند، بوو، خودا سەنتەر بوو. ئیدی بۆ ئەوەی ئەو رەشە خەڵکە لە دەور کڵێسا کۆ بکرێنەوە، دەبوو زمانی تۆقاندن و ترس بڵاوبکەنەوە، ئاگری جەهەننەم وەک سزای ئەبەدی مرۆڤی بە شێوەیەک دەنوشتاندەوە ئیدی نەیدەتوانی خودی خۆی ببینێ. چەکی لێبوردن دەفرۆشرا بۆ ئەوە پارچە عەرزێکی بەهەشتی پێ بکردرێت...
ئومانیسم، کۆی ئەم هاوکێشەیە قڵبودیو دەکات، هەر لە ناو خودی کڵێسا، رێبازێکی دیکە، دژ بە فەرمانەکانی پاپا دەستیان بە خەبات کرد، لۆتەر لە ئەڵمانیا، کالڤان لە ژنێف، رێبازی ئینجلیسم لە فەڕەنسا، ئێراسموس لە هۆڵەندا، ئێسپینۆسا دیسانەوە لە هۆڵەند، رابلێ لە فەڕەنسا، ئەم زاتانە کۆی تێگەیشتنەکانیان گۆڕی، تەفسیرە قەبەو زلەکانیان ناردەوە بۆ پاپا، ئینجلیان لە ناو سنووقەکان دەرهێنا و سەرلەنەوێ، لە ژێر رۆشنایی داتا نوێیەکان خوێندەوە و مرۆڤیان لەگەڵ ئاسمان ئاشت کردەوە. ترس و تۆقاندن گۆڕا بە دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤ و خودا، خودایان لە ئاسمانە دوورەکانەوە هێنایە خوارەوە و بوو بە یاوەری مرۆڤ.
خودا بیر لە مرۆڤ دەکاتەوە، بیر لە بەختەوەرییەکانی سەر ئەرزی دەکاتەوە. خودایان لە مرۆڤەکان نزیککردەوە. 
پرسیار ئەوەیە، بۆچی ئەم تێگەیشتنە مرۆڤدۆستانەیە ناتوانێت جێگای ئەو دەیان، بەڵکو سەدان مەلا و بانگەوازخوانان لەق بکات، کە بەردەوام خۆیان کردووە بە ساحیبی خودا، بە زمانحاڵی خودا، خەڵکی بە ترس دەتۆقێنن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن نەک پاراستنی ئاین. دەیانەوێ خۆیان بەسەر خەڵکییدا زاڵ بکەن. مرۆڤەکان نەتوانن لە دەرەوە تێگەیشتنی ئەوان بیر لە خودا بکەنەوە، ئەوان دەبن بەو فلتەرەی کە دەبێ خەڵکەکە بە ئەواندا تێپەڕێ تاکو بگاتە رەحمەتی ئاسمان. 
ئەوان، وەک جەبەروت قسە دەکەن، هەمیشە مرۆڤ وەکو گوناهبار، زەلیل، گوناە سەیر دەکەن، هەمیشە سەیری دنیا دەکەن وەکو قەبرێکی گەورە، شوێنی ناخۆشیی و گوناهەکان بێت. مرۆڤ لە دەرەوەی هاوکێشەکە دایە.
ئومانیسم دێت دەسکاری پەیوەندییەکانی نێوان خودا و مرۆڤ دەکات، رێگە تاریکە پێچیدەکانی نێوان ئەم دوانە فراوان دەکات، مرۆڤ تەنها بیر لە گونا و سزا نەکاتەوە، بەڵکو بیر لە خۆشگوزەرانیش بکاتەوە.
خودای ئێمە، بوونەوەرێکی توڕەەیە، وەکو باوکان، دەبێ خودایەکی دیکە دابهێنین کە زەردەخەنەی لەسەر لێوان بێت و رووی لە مرۆڤ بێت.
کەس کلیلی بەهەشت و دۆزەخی بەدەستەوە نییە....
تێبینی : ئومانیسم رێبازێکی فرە لایەنە، راستییەکەی دەسکاری کۆی تێگەیشتنی مرۆڤی چاخی ناوەند دەکات و ئاسۆی فراوانی بۆ دەکاتەوە...لە فیلۆلۆژییەوە بۆ زانستە پەتییەکان، هونەر و ئەدەبییات، هتد.