ھەر بەڕاست ئێمە دەزانین یادکردنەوە چیەو چۆنە؟!
2 مانگ پێش ئێستا
ئارام حاجی عەتا
مافناس
یاخیبوون یا بزوتنەوە یان شۆڕش دەرەنجامی ناڕەزایەتیە لە دۆخێکی نەخوازراوو ناڕەوا کە مرۆڤ لە ھەڵکردن لەگەڵیدا کێشەی بۆ پێشدێت.
دۆخی نەخوازراوو ناڕەوای بەعس و پێش بەعسیش وەک ستاتۆیەکی داگیرکارو دڕندە، کە بوونی خۆی لە لەناوبردن و قڕکردنی ئێمەدا دەبینییەوەو بەربنەمای ئەو ستەمە مێژووییەی لە گەلی کوردو کوردستانیان لە ئارادابوو. پێویستی ھەڵگیرسانی یاخیبوون و بزوتنەوەو شۆڕشێکی نەتەوایەتی و نیشتمانی بوو، ئەم جوڵەیە ھەر لەسەرەتاوە ڕەوتی فیوداڵ و چەپڕەوی نەریتی بەناکۆکی و ململانێ و بەریەککەوتن و شەڕ ھاتن لەپێناو خاوەندارێتی و ڕێبەرایەتیکردنیدا و تا ھەنوکە بەردەوامن.
ئەم خاوەنداری و ڕێبەرایەتیە لەدەرەوەی تێگەشتنێکی تەندروست لەپرسەکە ھاتبووە ئاراو، زیاتر وەک کاردانەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکانی سەر پرسەکە مامەڵەی دەکرد، بەشێوەیەک کە توانستی ڕووبەڕوو بوونەوەو بەرگەگرتنی بچوکترین ھاودەنگی و پیلانگێڕی ھەرێمایەتی نەماو، لە چاوتروکاندنێکدا بە ئاشبەتاڵ گەشت و تاکە بەرەنجامیشی ڕێککەوتننامەی جەزائیربوو بۆ عێراق و ئێران.
دواتریش، کە ڕەوتە چەپگەرا ڕادیکاڵە شۆڕشگێڕییەکان ھاتنە ئارا بۆ خاوەندارێتی و ڕێبەرایەتی، بەھەمان ڕیتمی پێش ئەو قۆناغە جارێکی دیکە کەوتنەوە گێژاوی ناکۆکی و ململانێ و بەریەککەوتن لەگەڵ ڕەوتە فیوداڵ و چەپڕەوە سەرەتاییەکەی پێش خۆیان و بوونەوە بەبەشێک لەو دۆخە نەخوازاوەی پێشتر.
ئیدی لەبری ئەوەی ڕێبەرایەتی و خاوەندارێتی ڕەوای پرسەکە وەک ئاراستەی گوتارێکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی و نیشتمانی دەرکەوێت وەک ئەو ڕێبەرایەتی و خاوەندارێتیە ناڕەوایە دەرکەوت کە لە دۆخی کاردانەوەی سیاسی دەرەکی و ھەرێمایەتیدا خۆی دەنواندو بەمەش ئەو ھەژموونگەراییە سیاسییە ھاتە بوون بۆ ڕێبەرایەتی و خاوەنداریی کە بە پاشکەوتەیی سیاسی و ستراتیژی ئەم دەوڵەت یا ئەو دەوڵەتی داگیرکار دەناسرایەوە.
ئەم مۆدێلە بەتەواوی مانا نەدارە بۆ ناوەندێتییەک، کە خاوەندارێتی و ڕێبەرایەتی گوتارێک بکات کە بەربنەمای فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی شۆشگێڕی ڕەوا گوزارش لەخۆی بکات.
لەغیابی ئەم پابەندبوونەدا، شۆڕش خاڵی خاڵی دەبێتەوە لە بەرپرسیارێتیەکانی بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی و سەرتاسەری بەسەر ئەو دۆخە نەخوازراوە داگیرکارییەدا کە مانەوەو بوونی خۆی لە نەمان و لەناوبردنی شۆڕش و گەلی ئێمەدا دەبینییەوە.
شۆڕش لەھەلومەرجێکی ئاوادا ھیچی بۆنامێنێتەوە تەنھا دەستگرتن بە بانگەشەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە نەبێت وەک ئەوەی ترسی لە ناسینی ھەبێت و بەمە دەست بەمانەوەی خۆیەوە دەگرێت وەک درێژکراوەی دۆخەکە نەک وەک میکانیزمی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سستم و دۆخە نەخوزراوەکەی پێش خۆیدا و خۆ ئەگەر ئەم ڕێبەرایەتیە دۆخەکەی پێ باشتر نەکرێت دەبێت گەل مەمنون بێت کە خراپتری نەکات.
بەڵام ئەوەی لەواقعی ٣٢ساڵی ڕابردووی ئێمەدا ڕویداوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە خاوەندارێتی و ڕێبەرایەتی ناڕەوا بۆ شۆڕش لەم چێوەیە نەترازاوەو ناتوانێت بترازێت.
لەسەروەختێکی ئاوادا کە دۆخێکی نەخوازراوو نەویستراو خراپتری بەسەردابێت، یادکردنەوە بۆچی؟!
ئایا ئێمە لە خەیاڵدانی نەتەوەیی و نیشتمانیماندا پرسگەلێکمان لەبارەی ئەم شتانەوە شەن و کەو کردووە تا بزانین نەفرەت لەچی بکەین و ستایشی چی بکەین؟!
یان ھەر ئەوەندەمان بەسە بە بیستنی یادکردنەوە بکەوینە ھەلەکەسەما بەدەوری یادێکدا کە نازانین بەھۆی چیەوە ھاتۆتە ئاراو بەرەو کوێمان دەبات!!!