بۆچی لە وڵاتی خۆت هەست بە غوربەت دەکەیت؟

3 مانگ پێش ئێستا

عەبدول محەمەد
هەموومان بیرو هۆشمان لەسەر ئەوە ڕاهاتووە و ئاشناکراوین کە نامۆبوون و غوربەت، ئەو کاتەیە تۆ وەک موسافیر وابیت و لە دەرەوەی وڵاتەکەیت بژیت ، بە مانایەکی تر ئەوەی لەناو وڵاتی خۆیدا دەژی غەریب نییە.
یاخود وا گۆشکراوین کە ئەوەی ڕەگەزنامە و کارت نیشتیمانی و فۆڕمی بایەعی وچی وچی تری هەیە ئەوە لە باوەشی نیشتیمانەکەیدایە.
بەڵام کاتێک تۆ مەحرومی لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکان ،ئیتر غەریبی لەوە زیاتر چییە؟
لەراستیدا هاووڵاتی ئەم وڵاتە هەموو مۆرک و نیشانەو ناسینەوەیەکی غەریبایەتی پێوە دیارە و ، تەنانەت وەک ناسنامەی لێ هاتووە بۆی، وەک نامۆیی لاوازی و بێ دەرەتانی و نەبوونی، یان دوور بوون دەسترانەگەیشتی بەهیچ سەرچاوەیەکی وزەو داهاتی وڵاتەکە،
تۆیەک لەم وڵاتەدا بستەخاکێکت نەبێت و جێپەنجەت بە هێچ شتێکی ئەم وڵاتەوە نەبێت، بەڵام هەموو ساتە ناساتێک ڕیکلامی شار و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بەرچاوتەوە لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخش بکرێت، ئیتر لەوە غەریب و غوربەت تر ئەبێ چی بێت؟
تۆیەک نەتوانی هیج بڵیێت و هیچ بنوسیت، دەستبەجێ گومان بخرێتە سەر نیشتیمان پەروەریت و نەزاهەتت، ئیتر لەوە غەریبتر ئەبێ چی بێت؟
تۆیەک لەگەڵ هەموو هاوارکردنێکت برسیتر بکرێت و  ڕۆژ بە ڕۆژ موچەکەت درەنگتر بدرێت، غوربەت لەوە غوربەت تر چییە؟
پێشتر ئەگەر خەڵک لەدەرەوە هەستی بە غەریبی کردبێت،  بە داخێکی گرانەوە ئێستا لەناوخودی ماڵ و نیشتیمانەکەی خۆتدا  هەست بە غوربەت دەکەیت، بەشێوەیەک ئەگەر ئێمەش وڵاتمان جێبهێشتایە ڕەنگە هێندە هەستمان بە غەریبی نەکردایە.
ئەو بێ هیوابوونەی خەڵکیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە  دابیکردنی مافە سەرەتاییەکان بوونەتە خەون و خەونیش ئەگەری بەدەیهاتنی ئەستەمە،
خۆشەویستی نیشتیمان بە ترس و تۆقاندن و بەزۆر فێرکردن نابێت لە  مەکتەب یان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە هاواری بۆ بکرێت، هاووڵاتی پێویستی بە کۆڕو کۆبوونەوەی حزبی نییە بۆ ئەوەی فێری خۆشەویستی نیشتیمان بکرێت، هاوڵاتی چۆن نیشتیمان بەدایکی خۆی بزانێت، لە کاتێکدا لە نیشتیمانەکەیدا هیچ مافێکی نەبێت؟