وریابن، نەمانگێڕنەوە سەدە تاریكەكانی مێژوو!

3 مانگ پێش ئێستا

سەمەد زەنگەنە
دیمەنی شەش هەزار باڵا پۆشی سیاسی، عەرشی سەلەفی ساڵەحی یەكێتی و پارتی لەرزاند ، ئێوە خەریكی ململانێی دەسكەوتی نەوت و غازو گومركی سنورەكان بن و ئەمانیش هەڵتەكاندنی بنەماكانی سۆسیالیدیموكراسی یەكێتی و دیموكراتی پارتی دەبن.
تۆ باوەش لە سەلەفی و شێخەكان بدەو ، ئەویش  باوەش بۆ ئیخوانی ئەردۆگان بكاتەوە.
بنەمای كۆمەڵگە بە دیموكراسی و كرانەوە پتەوتر دەبێ‌ و بە گەڕانەوە بۆ ڕابردو و دەستپێوەگرتنی هەڵسوكەتەكانی سەلەف وێران دەبێ‌ .
سەدان ساڵە دایكانی ئێمە جلوبەرگی كوردەواری و سەرپۆش و بۆیمەو هەوریان دەپۆشی و كەس پێی نەدەگوتن باڵاپۆشیی حەیاو ناموسن و شەرەفن ، لەژێر بۆیمەیەكی بە زەنگیانە چنراو و تاسكڵاوێكی پڕ لەرزانەدا هزرێكی كراوەیان هەبوو  بۆ نەریتی كوردەواریی و عەقڵێكی تۆكمە بۆ پاراستنی بەها باوەكانی شەرەف و ناموس و كەرامەت.
كێشەی ئێمە لە باڵاپۆشی ژناندا نییە ،كەسێك لە ئێمە پێی ناخۆش نییە دایك و خوشك و هاوسەری لەچك بپۆشێ‌  و خۆی داپۆشێ‌ ،چونكە ژنانی كورد بە درێژایی مێژوی بونیان نمونەی بەرزی ڕەوشت و پاراستنی كەرامەتی خۆیانن ،  كارەسات لە گۆڕینی زیهن و بیركردنەوەی كچان و ژنانماندایە ڕوەو قەناعەتێكی سەلەفی سەبایەو جاریەو كۆیلە ، ترسمان لە بەمێگەلكردنی پیاوانمانە ڕوەو بڕوابون بەو چوار ژنەی دونیاو دەیان حۆری ڕۆژی قیامەت .
ترسی ئێمە لە گەڕانەوەیە  بۆ قەساس و  دوركەوتنەوەیە لە یاساو لێبوردەیی و چاكسازیی هەڵسوكەوت و هەنگاوی مرۆڤە گورگەكان .
ترسی ئێمە لە دوبارەبونەوەی مێژوی تالیبان و داخستنی زانكۆكانە بە ڕوی ژنان و كچانی كۆمەڵگەی كوردەواری ، ترسی ئێمە لە نەهێشتنی خۆشەویستی و عەشقە ، لە سەربڕینی وشەو شیعرە ، لە ڕوخاندنی سینەماو شكاندنی تەختەی شانۆیە ، ترسی ئێمە لە هەڵوەرینی نۆتەو سەربڕینی مۆسیقایە ، ترسی ئێمە لە قەدەغەكردنی ڕۆمانەكانی بەختیار عەلی و شیعرەكانی قوبادی جەلیزادەیە ، ترسی ئێمە لە نانبڕینی دەلاكی سەروڕیشەكانە ، لە قوماشفرۆشی تەنورەو عەزێ و جلی كوردی خانمانە ، ترسی ئێمە لە ئاوارەبونی مامۆستای زانكۆو وانەكانی فەلسەفەو ستاتیكاو گەردونناسییە .
ترسی ئێمە لە سوتاندنی گەنجینەی كتێبەكانی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و گڕتێبەردانی فەرهەنگەكانی شێخ محەمەدی خاڵە.
 ترسی ئێمە لە ئاوابونی عیرفانی مەحوی و عیشقی نالی بۆ مەحبوبەو شكاندنی تەشییەكەی شیرینی وەفاییە .
ترسی ئێمە لە سڕینەوەی قەوارەی نەتەوەیی و زمانی كوردی و گەڕانەوەیە بۆ خەلافەتی ئەردۆگان و تالیبان و داعش .
ئۆباڵی ئەم گەڕانەوەیە ، هەڵتەكاندنەوەو سڕینەوەی مێژوە ، خەبات و قوربانیدان و شەهیدبونە ، ڕقلێبونەی تاك بە تاكی كۆمەڵگەی كوردەواری ، كەرتبونی بڕواو متمانەو ئیمان و قەناعەت  بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی دژە یەك ( سەلەفی ، ئیخوانی ، عەلمانی ، بێباوەڕی ، وجودی و ...هتد ) ، دەكەوێتە ئەستۆی پارتی و یەكێتی .
 بیرمە لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا بە فەرمانی مەلا مستەفای بارزانی سەركردەی شۆڕشی ئەیلولی مەزن  پرچی درێژی سەدان دەروێش و مورید و سۆفی تاشرا،ئێستەش دوای دەیانساڵ هەر ئەو پارتییەیە كار بۆ گەڕانەوەی خەلافەت دەكات ، یەكێتی شەڕێكی خوێناوی كرد بۆ كۆتایی هێنان بە سەلەفیەت و توندڕەوی ئاینی ، ئێستاش سەلەفییەكان زۆرینەی ڕەوتە ئیسلامییەكان پێكدەهێنن .
ئەگەر ئەم هەنگاوە سیاسییانەی یەكێتی و پارتی وەكو تەكتیكێكی سیاسیش و بۆ باڵادەستی ئەم قۆناغە بەكاربهێنن دژی یەكدی یان بەهێزكردنی خۆیان ، ئەوە لە پاشەڕۆژێكی نزیكدا شەش هەزار باڵاپۆش دەبن بە سەدهەزار و پانتۆل و شەرواڵ كورتەكانیش دەبن بە یەك ملیۆن كەس .