ئایا لەسەر ئەکتەر پێویستە زمانی بێگانـە بزانێت!

3 مانگ پێش ئێستا

ئـەکـتـەر و زمانـزانـیـن...
ھیچکات گلە و گازاندە و ڕەخنەی ئەوە مەگرن، بەوەی خانمە ئەكتەری ناوداری سینەمایی (مۆنیکا بێلووچـی)، بەتەنھا جوانیی و شۆخ و شەنگییەکەی کردبێتـی بە ئەکتەرێکی سینەمایی دیار و ناسراو! گەرچی وەک زۆربەمان ئەوە باش دەزانین؛ کە جوانـی و قەشەنگی ڕووخسار، جوانی جەستە و ڕێکـی و شیکۆپشی جەستەی خانمان و تەنانەت پیاوانیش، بەشێکی زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێش و کاریگەرن بەوەی ببێتـە مەرجێکـی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی کەسەکان بۆ چونە نێو دونیای نواندن و ئەکتەریی و وەرگرتنی چانس و ھەلی زیاتری ڕۆڵگێڕانە سینەماییەکان، بەڵام بێگومان ئەوەیش لە پاڵ جوان نواندن و پیشەیی بوندا، چون بێگومان ھەندێک مەرجی دیکەیش ھەن کە یارمەتیدەرێکـی زۆر گرنگ دەبێت لەو بوارەدا.
بۆ نمونە؛ مۆنیکـا بێلووچی، جگە لە زمانـی ئیتاڵـی کە زمانی فەرمی شوێنی لە دایکبوونیەتی، بەڵام لەپاڵیدا دەتوانێت بە زمانەکانی وەک؛ ئینگلیزی و فەڕەنسی و فارسی و ئیسپانی و کەمێکیش پورتوگالـی بدوێت، بەتایبەت پاشئەوەی لە ساڵی (٢٠١٣) بە دواوە ڕوویکردە شاری (ڕۆدی ژانیرۆ)ی بەڕازیلی کە زمانی سەرەکی و ئاخافتنیان پورتوگالییە.
لە ڕاستیدا، ھونەری زمانزانی، یاخود فرە زمانزانین؛ یەکێکی ترە لە خاڵە گرنگ و کاریگەرەکان کە ھاوکارییەکی بەھێز و پتەوە بۆ ئەکتەر کە وەک؛ پاڵپشتی و سەپۆرتێکی باش دەتوانێت (سی ڤی) پیشەکەی پێ دەوڵەمەندتر بکات و وابکات زۆرتر ویستراو و دڵخوازتر بێت بەلای دەرھێنەرەوە بەتایبەت وەک ڕۆڵـی بۆ نێو دونیا و ژانری فیلمە؛ سپایـی وسیخوڕی و شۆفارییەکان کە زۆرکات بە ھۆیەوە کوالێتی ڕۆڵگێرانەکانی بەجۆرێک بەھێز دەکات بە ھۆیەوە چەندان وڵات و کیشوەر ببڕێت و بێ ئەوەی دوچاری کێشەی نەزانینی زمانی بێگانە ببێتەوە.
تەنانەت ھەر بۆ پاڵپشتی زیاتری ئەم قسەیشمان، تارانتینۆی دەرھێنەر، کاتێک دەیویست فیلمی (Inglourious Basterds) بەرھەم بھێێت، لە پێناو دەستخستنی خەسڵت و سیفاتەکانی کارەکتەرێکی وەک (ھانز لاندا)، پێویستی بە ئەکتەرێک بوو لانیکەم بێ ئەزموونیش بێت، بەڵام دەبوو سەروو سێ زمان شارەزا بێت و قسەی پێ بکات وەک زمانەکانی؛ ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئینگلیزی، فەڕەنسی! ھەربۆیە ماوەیەکی ئێکجار زۆر چاوەڕێ بوو، تاوەکو بە ئامانجەکەی گەیشت ئەوەیش کاتێک بازی بەخت و چانس بەسەر شانی ئەکتەری نەمسایی - ئەڵمانی (Christoph Waltz)ەوە، نیشتەوە و دواتریش بە ھۆیەوە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بوو، وەک ئەکتەری پاڵپشت بە ڕۆڵەکەی، تەنانەت تارانتینۆ وتـی؛ گەر (کریستۆف)م، دەستنەکەوتایە، ئەوا فیلمەکەم دروست نەدەکرد!
دواجار؛ خەسڵەت و سیفات و بونیادی ئەکتەری و نواندنکاری، جگە لە جواننواندن و ھەبوونـی بەھرە فیترەتـی و ئەزموون و پیشەییبوونیەکەی دەکرێت؛ لە ڕێی زمانزانین و شارەزابوون لە غەیری زمانی خۆت، کێرڤ و پلە و ئاستی نواندنتی پێ بەرزتر بکەیتەوە بەوەیش ھەلی زیاتری نواندن لە فیلمە ناوازە و جیھانیەکاندا پێ مسۆگەر بکەیت.
نوسـین؛ شـادمان محەمەد