ژنەکان چییان دەوێت؟
3 مانگ پێش ئێستا
یاسین ئافتاو
ژنەکان دەیانەوێت هەبن، دەیانەوێت وەکو بوونەوەرێکی تەواو ببینرێن و مامەڵە بکرێن، ژنەکان دەیانەوێت کەرامەتیان پارێزراو بێت، دەیانەوێت جیاکارییان لەگەڵ نەکرێت، ژنەکان دەیانەوێت بە ئازادیی گۆرانیی بڵێن، دەیانەوێت لەگەڵ کەسێک بژین کە خۆیان دەیانەوێت، دەیانەوێت جلێک بپپۆشن کە بە بەریان دەبێت، ژنەکان دەیانەوێت میهرەبانیی باڵادەست بێت، دەیانەوێت دادپەروەریی هەبێت، ژنەکان خۆنەویستن، بڕوانە دایکت کاتێک خۆشترین خواردنەکان لەسەر خوانەکە دابەش دەکات، باشترینەکان بۆ ئێوە و بنکڕ و پارچەی نیوەسووت و بەشە نەکڵۆکەکان بۆ خۆی، ژنەکان نەک هەر دادپەروەرن، بگرە لە ئیپار و خۆنەویستییدا بەوەفاترینن بۆ پەیامی دادگەرانەی خودا، هەر پیاوێک، بە هەر پاساوێک دژی ژن بێت، گاڵتە بە ژن بکات، بە سووک سەیری تواناکانی ژنان بکات، بەر لە هەر کەس لە دایک و ژن و خوشک و مێینەکانی نزیکیەوە تەماشا دەکات و ئەوەش بێئەمەکیی و بەدئاکارییەکی ڕووت و پەتییە، دەستانێک، سنگانێک، باوەشگەلێک کە شیریان پێ داویت، بەخێویان کردوویت و ڕایانژەندوویت بە سووک و کەم تەماشایان بکەیت.
ژنەکان -بە تایبەتیی ئەوانەی دەنگیان هەڵبڕیوە و ناڕازین-، شایانی ستاییش و ڕێز و پێزانینن، ئەوانن بە یاخیبوونیان دەیانەوێت نەوەیەکی ملکەچ و لارەمل پێ نەگەیەنن، ژنەکان کە ناڕزایین مانای ئەوە نییە خۆیان ژیانیان خراپە و کێشەیان هەیە، نەخێر، ژنان بەهەستن، بەویژدانن، قبوڵی ناکەن ژنەکانی دیکە و پیاوانیش لە ئازار و مەینەتییدا بن. من زۆر دەمێکە وتوومە پیاوی بەهێز هیچکات لە ژنی بەهێز ناترسێت، بەڵام پیاوی خەسیو، پیاوی ئاڵۆشپەرست و بۆسێکسژیاو، پیاوی بوودڵە و گرگن، نەک هەر لە ژن بگرە لە سێبەری خۆشی دەترسێت، ژنی بەهێز، یانی ماڵی بەهێز، منداڵی بەهێز، خێزانێکی بەهێز، وڵاتێکی بەهێز... هەر نەتەوە و گەلێک ژنەکانی بەهێز نەبن ڕەنجبەخەسار و دۆڕاو و گەوزاون، سەیری ئیسرائیلێکی ١٥ ملیۆن کەسی بکە بەرانبەر دەوڵەتگەلێکی عەرەبیی سەروو ٣٠٠ ملیۆن ڕەعییەت؟.
ژنان دوورترینن لە بەدئاکاریی، ئەوەی وای کردووە بەدئاکاریی سەروەر بێت کولتووری نێرسالاریی و بەشێک لە پیاوەکانن، ژن هەر بە خۆڕسکانە داوێنپاک و دەمپاک و دەستپاک و هزرخاوێنن، ئەوە کولتووری نێرسالارانەیە کە پەرە بە داوێنپیسیی، دزیی و تاڵانیی، جەنگ و دەمپیسیی و هزرگەماریی دەدات.
ئەی نێرینەی موحتەرەم، ژنان دژی پیاو نیین، فێمەنیستەکان دژی نێرینە نیین، ئەوان دژی پیاوی خراپ و گرگن و بێڕەوشتن، ئەوان دەیانەوێت وەکو مرۆڤ مامەڵە بکرێن، دەیانەوێت لەگەڵ یەک پیاوی تەواو بژین، ئەوان دژی بەرەڵڵایی و فرەسەرچاوەیی چێژن، بەشێک لە ئێوەن پەرە بە کولتووری بەرەڵڵایی دەدەن و سەروەری دەکەن.
ژنانی کورد بە تایبەتیی پڕن لە ماتەوزە و تین و تاو، ئەوان لە باشوور، باکوور، لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندوویانە کە ئەگەر ئێمە واز لە شەڕە بێهودەکانی خۆمان بێنین لە دژیان، دەکرێت هاوکار و هاوپیشە و هاوپشت و سووککەری بارگرانییمان بن، ژنانی کورد ئەگەر لە دۆخێکی وەکو ئەوەی لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات هەیە، هاوشان بن بە ڕێبەر و پیاوگەل و نێرینەی یەکسانییخواز، دەتوانن بەگژ ترسناکترین دێوەزمەکانی مێژوودا بچنەوە، دەتوانن لە تاریکترین ساتەکاندا دایک بن و جەنگاوەریش، دروود بۆ هەر کەسێک ئەم توانست و ماتەوزەیەی لە ژنەکانماندا تەقاندەوە.
ژن مرۆڤە، ژن ڕۆحە، ئینجا لەش، ژن لوقمە نییە، مەزە نییە، سەیارە نییە، ژن ڕەگە، ژن ئاسمانە، ژن ئاوە، ژنە خراپەکان ئەوانەن کە لاسایی پیاوە خراپەکان دەکەنەوە، پیاوە هەرەباشەکانیش ئەوانەن ئەمەکدارن بۆ شیری دایکیان، ژن و پیاو تەواوکەری یەکدیین، ژن لوقمە نییە بیخۆیت، بولبولێکە کە دەبێت ئازادانە گوێی بۆ بگریت، مانەوەی بەندە لەسەر توانای خۆگونجاندنی تۆ، ژن زرنگترین بوونەوەری گەردوونە، چونکە ژن دایکی مرۆڤە، ئەو بوونەوەرەی کە دەیەوێت لەو ئاڵۆزییە زەبەلاحەی گەردوون تێ بگات.
ئەگەر ڕۆژێک وا بیرت کردەوە ژن لاوازە، ئەوا بیر لەم فاکتە بکەرەوە: دایکت بە تەنیا یەک مرۆڤە، منداڵدانی ئەو نیشتیمانی تۆ و دوو برا و سێ خوشکەکەشت بووە، هەموو ماتریاڵی لەشی تۆ هی ئەوە، سەرباری ئەوەی شەش کیانی لێ جیابۆتەوە کەچی هێشتاش دەتوانێت وەکو تۆ هەر کارێک کە دەتوانیت بیکەیت؛ بگرە لە تۆش باشتر بیکات، ئایا ژن لاوازە یان تۆ توانای تێگەیشتنت نییە و حەپۆلیت؟! ژن پەرجوویەکی ڕاستەقینەیە.
٨ی مارس با ڕۆژی تازەکردنەوەی پەیمان بێت بۆ ژنەکانی ناو ژیانمان، سەرەتا بۆ دایکمان، ئینجا خوشکیلە جوانەکان، من خوشکێکم هەیە هێندەی زەها حەدید زیرەک، لەبەر هەژاریی خێزانەکەی و بۆ ئەوەی چوار براکەی لە خوێندن بەردەوام بن وازی لە خوێندنی خۆی هێنا، ئیشی دەکرد و دەیکرد بە قوڕگی ئێمەدا، ئێستا ئێمە کە تۆزێک هەین بە هۆی میهر و خۆنەویستیی و گەورەیی ئەوەوەیە، لەم ڕۆژەدا دەستی ماچ دەکەم و دەڵێم سوپاس بۆ قوربانییدانەکەت (کەژاڵ) گیان، شەرمەزارم کە ئێمە بووینە بکوژی خەونەکانی تۆ...
با ٨ی مارس ڕۆژی بەخۆداچوونەوە بێت بەو پەیوەندییەی بە ژنەکانمانەوە هەیە، هاوسەرەکانمان، هاوڕێ کچ و ژنەکانمان، هاوپیشە مێینەکانمان، کچەکانمان، قوتابیی و خوێندکارە کچەکانمان، شەرمە وەکو ئامێر مامەڵەی ئەمانە بکەین: ئامێری خۆتێرکردن، ئامێری منداڵخستنەوە، ئامێری ئاڵووێر، ئامێری دامرکاندنەوەی کینە و ڕقی پەنگخواردوومان بەرانبەر بە نێرینەکانی دیکە، کە خۆمان هێندە ئازا نیین بەوانی بڕێژین دەچین لە ئازیزترین کەسەکانی خۆماندا خاڵییان دەکەینەوە.
با هەر پایەدار بێت ٨ی مارس؛ ڕۆژی جیهانیی ژنان، با هەر ٣٦٥ ڕۆژەکە بکەینە ڕۆژی مامەڵەی یەکسان و دادپەروەرانە لەگەڵ ژنان، سوپاس بۆ خودا کە دایکە حەوای کردە هاوشان و هاودەمی باوکمان، چ بەدبەختێک دەبوو ژیانی خاڵی لە ژنان.
تێبینی:
کارە هونەرییەکە هی بەڕێز شاد محەمەد كامەرانە