شیعر ڕۆحێکی جوانە بێ گیانی مەکەن...
2 مانگ پێش ئێستا
لامارتین شاعیری فەڕەنسی دەڵێ: شیعر لە سەر شەقامەکانە و شاعیران لە هەورەکاندا بۆی دەگەڕێن.
لێرەو دەمەوێ لەبارەی شیعرەوە بەگشتی شتێک بڵێم، شیعر دەروازەیەکە بۆ دەربڕینی هەست بۆ ئەوە بێ دوودڵی دەبێت ، باشترین ووشە هەڵبژێریت بەو شێوەیەی خۆت دەتەوێت کە هەستەکانت بگەیەنێت و شیاوی ئەوئەرکە بێت، بۆیە لێرەدا پێویستە ماندوبیت بۆ وەچنگ خستنی یا وە دەستهێنانی وشەی ڕاست و دروست ، تا وشەیەک بێت بدرەوشێتەوە و ھێزی شیعری هەبێ، بەجۆرێک زۆرترین کەس بیخوێنێتەوە، وشەیەک بێت دەست لە دڵیانبدات، بۆیە دەبێت بە وشە دەستەواژەیەک دروست بکەیت وگرنگی پێ بدەیت تا مانا بگەیەنێ، زۆر گرنکە شارەزای تەکنیکی ئەدەبی بیت و لە چۆنیەتی بەکار هێنانی میتافۆر شارەزابیت بۆ بەهێزکردنی وشەکانت ئەمەشبە خوێندنەوەو بەدواداچون دەبێت.
وەک دەبینین زۆرێک لە شیعر بێ گیانە ڕۆحی نیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاعیر شارەزایی و ئەزموونی نیە، نازانێ بابەتەکە چییەو دەشنوسێت ، واتە پێویستمان بە یادەوەرییە بە ئاڕاستەی مێژوو ڕابردوو بزانێت ، ئینجا دەست بە ئەزموون بکات، چونکە مێژوو، ڕابردوو، یادەوەریی دەبێتە بابەت، کاتێک شاعیر بەیادەوەریی خۆی دەنوسێ بیرکردنەوەو هەست زۆر ھەستیارانە خۆی ئاشکرا دەکات، ئەمەش زیندوو کردنەوەی هەست و سۆزی خۆمانە لێرەوەیە دەتوانین دەست لە دڵی خەڵک بدەین، چەند هەست بە خۆمان بکەین زیاتر لەدڵ نزیک دەبینەوە و دەتوانین دەست لە دڵی خەڵک وەردەین هەست و سۆزیان بجوڵێنین، ئەمەنەکەین ناتوانین ڕۆح بە شیعر ببە خشین.
ھیچ کەس بەدەر نیە لە دنیای شیعر ھەموومان پێویستمان بە شیعر ھەیە ،شیعرکراسێک نیە بدوریی و بکرێتە بەری کەسێک بەڵکوو باخچەیەکەو ھەموو کەسێکی تێدەچێت لە و باخچەیەدا ھەموو کەسێک چێژ لە بنیینی گوڵ و ڕەنگ و جوانی باخچەکە دەبینێت ،بەڵام شاعیر زمانێکی تایبەتی ھەیە دەتوانێیت قسە لەگەڵ گوڵ و ڕەنگ و باخچەدا بکات ،دیوە شاراوەکانی تەکنیکی جوانی بە فۆرمێکی تر لە زماندا بەرجەستە بکات.
ئێمیلی دیکینسۆن دەربارەی شیعر دەڵێ
: ئەگەر کتێبێک بخوێنمەوە کە ھەموو جەستەم وەھا سارد بکاتەوە، کە تینی ھیچ ئاگرێک توانای گەرم کردنەوەی نەبێت، ئیتر ئەوسا من دەزانم کە ئەوە شێعرە، ئەگەر (لە دوای خوێندنەوەی) ھەست بەوە بکەم کە تەپڵی سەرم لە جێی خۆیدا نەماوە، ئەوسا دەزانم ئەو نووسراوەیە شیعرە ، ئەمە تەنیا ڕێگەیەکە کە من دەزانم ، ئایا ڕێگەی تریش ھەیە ،
مەرج نییە، شیعر و ڕەوتاری شاعیر لە یەک بچن، ئاخر زۆر جار شاعیر لە شیعریدا ئەوە دەڵێت کە لە ژیانی ڕۆژانەیدا نایڵێت، ئەوە دەردەبڕێت کە بە ڕەوتار دەری نەبڕیوە و لە ڕەخنەی ئەدەبیدا، لایەنی بزری شاعیری پێ دەڵێن ، وەک نموونە، دەشێت شاعیرێکی ئاییندار کە لە واقیعدا مەی بە حەرام دەزانێت، لە شیعریدا ستایشی شەراب بکات، شەرابی ڕاستەقینە، نەک ئەو شەرابەی لای شاعیری سۆفی هەیە و ڕۆح بە عیشقی خودا مەست دەکات ، یان بە پێچەوانەوە، دەشێت شاعیرێکی مەتریالیست، شیعرێک بنووسێت هەر لە بەرهەمی شاعیرێکی سۆفی بچێت ، شیعر ڕەنگدانەوەی واقیع نییە، هەڵاتنێکی خەیاڵاوییە لە واقیع، بۆیە شاعیر وێنەی دونیایەک دەکێشێت، لە واقیعی خۆیدا نییە.
ئامانجی شیعر گەیشتنە بە راستی ڕەھا، نەك گرنگیدان بە شتە لاوەكیەكان ، شاعیر بەھۆی ئەو خوازە زیندوانەی پێشكەشیان دەكات زمان گەنج دەكاتەوە، لە بەر ئەوەی زمان ئامرازی خەیاڵە و خەیاڵیش توانای خوڵقاندنی ھەمووشتەكانی ھەیە ، كەواتە خەیاڵ بە ئاسانی دەتوانێت دووبارە بە پێی پێویستیەكانی خۆی زمانی خەڵك بكاتەوە ، ھەریەك لە شاعیرو فەیلەسوف بە دوای حەقیقتێكدا وێڵن ، بەڵام شاعیر ئامانجی ئەوەیەكارێكی ھونەری جوانی لێ بەرھەم بھێنێت ، بۆیە دەبێت ئەوەی دەینوسێ دەبێت رامیبكات كە لە دروستكردنی كارە ئەدەبییەكەیدا بەكاری دەھێنێت وملكەچیان بكات بۆ میزاجە كەسییەكەی خۆی، لە كۆتاییدا زەرورەت ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت تیشك ئاراستەی كاروانی رەخنە و پەرەسەندنەكەی بكەین بۆ ئەوەی خوێنەرلەسەر پێگەی مێژووی بەشەكان ڕابوەستێت،
بەیان ئیبراھیم
سەرچاوە:
بۆ بەشێکی دەقەکە سودم لە وتاری ؛ عبدالجبار العتابی، هل ینفصل سلوک الشاعر الحیاتی عن تجربتە الإبداعیە؟وەرگرتوە بە سوپاسەوە.