کەی ڕۆژمان وا ڕەش بوو؟ خەساندنی عەقڵ "1"
3 مانگ پێش ئێستا
لە سادەترین مانای خۆیدا ڕۆشنگەری یان تەنویر واتە بەکارهێنانی عەقڵ بەجۆرێکی تەواو سەربەخۆ بە شێوەیەک نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ جۆرە ویست ئیرادەیەکی دەرەکی دیکەوە. بەکارهێنانی عەقڵ و بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆی ئازایانە و ئازادانە کارێک بکات نەهێڵیت تۆ بکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ جۆرە سوڵتەیەکی دەرەکی خۆسەپێن و ئیرادەکوژەوە. ئەمە پوختەی ئەو قسەیەی کانتە کە دیگوت ئازایانە عەقڵت بەکار. ڕۆشنگەری یان Enlightment دەقیق لە وشەی تەنویری عەرەبییەوە وەرگیراوە.
لە تەرمینۆلۆژی کەلامی دینیشدا عەقڵ بە نوور چوێندراوە، ئایەتەکانی قورئان زۆرجار نور، ئیمان، عیلم و تەعەقولی بەتەنیشت یەکەوە بۆ یەک مەبەست بەکارهێناوە. ئەمە جگە لەوەی ئیشراقییەکان بەڕوونی و بێ پەردە و کینایە زانست و بیرکردنەوەیان بە نوور چواندووە، دیارە نووریش دەلالەتێکی پیرۆز و خودایی هەیە لە قورئاندا کە خودا خۆی پێ دەچوێنێت وەک زات. گەورەیی عەقڵ بەجۆرێکە تەنانەت ئەشعەرییەکی تەمام عەیاری وەک ئەبوحامیدی غەزالی لە وەسفی عەقڵدا دەڵێت "نورُ علی نور"، ئەمە جگە لەوەی لە گەورەترین کتێبی خۆی "احیاءعلوم الدین"دا چاپتەرێکی زۆر دوورودرێژ بۆ وەسفی عەقڵ و شەمائیلەکانی تەرخان دەکات.
هەر غەززالی وەک دەلالەتی گرنگی عەقڵ فەرمودەیەکی قودسی باسدەکات و دەڵێت:" یەکەمین شتێک خودا دروستیکرد عەقڵ بوو، باشان گوتی ڕووم تێکە، ڕوی تێکرد، گوتی پشتم تێکە پشتی تێکرد، دواتر خودا گوتی سوێند بە عیزەت و گەورەیی خۆم شتێکی باشترم لە تۆ دروستنەکردووە، بە هۆی تۆ دەبەخشم و هەر بەهۆی تۆش ووەردەگرمەوە، بەهۆی تۆ هەم سزا و هەم پادەشتیش دەکەم : أولُ ما خلق اللهُ العقلَ فقال له : أقبلْ ، فأقبل ، ثم قال له : أدبر ، فأدبر ، فقال : وعزتي ما خلقت خلقًا أكرمَ عليّ منك فبك آخذُ وبك أعطي وبك الثوابُ وبك العقابُ "
ئەم فەرموودەیە هەرچەندە ئەهلی حەدیس پێیان لاواز بێت بۆ ئەم نووسینە و مەبەستەکەی من گرنگ نییە، مەبەستی بەندە لەو دەلالەتە گەورەیەیە کە ئەشعەرییەکی وەک غەزالی بۆ عەقڵ هەیەتی.
ڕیفاعە ڕافیع تەهتاوی لە باسی چوونە پاریسی خۆیدا دەڵێت: کە ڕۆیشتینە پاریس و زانکۆکانی، ئەوەی پێمان دەگوترا شتێکی نوێ نەبوو بەڵکو هەمان ئەوەبوو کە پێشتر موعتەزیلە و ئیبن ڕوشد پێشتر لای خۆمان گوتبوویان، دۆخەکە وەک ئەوەی دەهاتە پێش چاو ئێمە هاتووین بۆ پاریس تا ئەمان سەرلەنوێ بێن خۆمان پێ بناسێننەوە.
بەڵام لە دونیا ئێمەدا چی ڕوودەدات وا عەقڵ دەبێتە کائینێکی بێزراو و بە تەواوی لە بازنەی ژیان دەکرێتە دەرەوە لەبەرژەوەندی نەقڵ و قاڵ و قیل و گەڕانەوە بۆ مێژوو لەسێدارە دەدرێت؟
گروپێکی کەلامی لە نێو سوننەدا بەناوی موعتەزیلە لەسەر دەستی واسڵی کوڕی عەتا لەسەدردەمی ئەمەوییەکاندا دروستدەبن و گەشەدەکەن و شۆڕدەبنەوە تا ئەوەی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەلیفەکانی عەباسی تا خەلیفە ئەلموتەوەکیل بەجێبهێڵن، لە خیلافەتی عەباسییەکاندا چالاکییەکانی ئەم گروپە دەگاتە ترۆپکی خۆی و بوژانەوەی فیکر و کەلامی دینیش سەرچاوەکەی هەر ئەمانن.
ئەم گروپە کە زیاتر سەروکارییان لەگەڵ عەقڵاندن و بەڵگەکاری عەقڵییدا هەبوو پێیان وابوو مرۆڤ لەڕێگەی ئەو عەقڵەی خودا پێیداوە دەتوانێت چاکە لە خراپە جیا بکاتەوە چونکە ئەو دوو سیفەتە لە بنەڕەتدا زاتی و خودین و پێویست بەدەرەوەی خۆمان ناکات پێمان بڵێت چی چاکە و چی خراپە "الحسن والقبيح صفتان كاملتان في ذوات الاشياء".
بەبۆچونی ئەم گروپە تەنانەت مەسەلەیەکی وەک ئیمانیش مەسەلەی عەقڵە. بە پشتبەستن بەم بۆچوونە دەڵێن گەر مرۆڤ گەیشتە ئەو ئیدارکەی کە عەقڵی توانی جیاوازی نێوان خراپە و چاکە بکات ئەوە خۆنەویستانە وەک فرمانێکی عەقڵی لە خراپەکە هەڵدێت و نایکات. بنەڕەتی لێپرسینەوەی دوای زیندووبونەوەشیان هەر لەسەر گەیشتن بەم ئیدارکەدانابوو. ئەمە بنەڕەتیترین ئەو قسەیەبوو کە موعتەزیلە دەیانکرد و بە نیمچەیی لە ئەشعەرییەکان جیادەبوونەوە.
موعتەزیلە پێیان وابوو عەقڵ ڕووی لە عەدلی خودایە، خودایەکی عادل عەقڵی پێداوین و لەسەر ئەو عەقڵەش لێپرسینەوەمان لێدەکات، بەڵام ئەی ناردنی پێغەمبەران و وەحی بۆچی؟ ئەوان پێیان وایە وەحی ڕووی لە کەرەم و کەریمیەتی خودایە، خودا سەرباری ئەم عەقڵە لوتفێکیشی لەگەڵ نواندوین بەوەی لەڕێگای وەحی و پێغەمبەرانی خۆشیەوە دووبارە یارمەتی عەقڵمان دەدات بۆ چاکە و وننەکردی ڕێگاکە.
جیاوازیەکی بنەڕەتی دیکەی دیکەی نێوان ئەشعەری و موعتەزیلە لە پەیوەندی نێوان خودا و ئەخلاقدایە، موعتەزیلە پێیان وابوو کە "خودا تەنها کاری چاک ئەنجام دەدات"، بەڵام ئەشعەری دەیانگوت "هەرچییەک خودا ئەنجامی دەدا چاکە".
عەقڵ لەنێو ئێمەدا و بەتایبەتیش لە نێو موعتەزیلەدا تا ئەم ڕادەیە ڕێز لێگیراو بوو، بەڵام چی ڕویدا وا عەقڵ لەم کائینە پیرۆزەوە بوو بە دێوەزمە و کرایە دەرەوە؟
گەمژانەترین کارێک کە موعتەزیلە کردیان وروژاندنی مەسەلەیەکی بێ ناوەڕۆک و بێ ئەجێندای پڕوپوچی وەک مەسەلەی خەلقی قورئان بوو، ئەوان هەر بە وروژاندنی ئەم باسە گەمژانەیەوە نەوەستان، بەڵکو ئەو دەسەڵاتەی کە لە خەلافەتی عەباسیدا پەیدایان کردبوو وایلێکردبوون خەڵک واداری ئەوە بکەن و بە زۆرەملێ قەناعەتیان پێ بهێنن کە بەڵێ قورئان مەخلوقە، بوون بە دیکتاتۆری سەپاندنی بۆچوونی خەڵقی قورئان. ئەم کارە گەمژانەیەیان وایکرد خەلیفە ئەلموتەوەکیل بە مەترسییان بزانێت بۆ سیاسەتەکەی خۆی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەهلی حەدیس یان ئەهلی سوننەو جەماعەت دروستبکات کە دژومنی خوێنی موعتەزیلە بوون و بە خوێنی کاسەی سەریان تینوو بوون.
عەقڵ ئەو ئامرازەبوو کە زانایانی ئەهلی حەدیس و بەتایبەتیش حەنبەلییەکانیان بەتوندی دژی دەوەستانەوە و پێیان وابوو ئەم سەری فیتنەیە دەبێ هەرچی زووە پانبکرێتەوە و لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە. بنەڕەتی کارکردنی ئەم ڕەوتە دژایەتی عەقڵ بوو بەهەموو جۆرەکانییەوە، خەساندن و جەڕاندنی عەقڵ لە بەرژەوەندی نەقڵ و بەتایبەتیش حەدیس تەنانەت لە دونیاییترین کێشەو ئارێشەشدا ئامانجی سەرەتاو کۆتایی ئەم گروپە بوو کە تا ئەمڕۆش لەشێوەی سەلەفی و وەهابی و حەرەکی و سیاسییدا خۆیان دەردەخەن و عەقڵی دینی هەر باجی دژایەتیکردنەکەیان دەدات.
هاوپەیمانی ئەهلی حەدیس و خیلافەت کارێکی کرد لەو ڕۆژەوە ئیتر عەقڵ لە دونیای ئیسلامی بەتەواوی بکرێتە دەرەوە و تەڵاق بدرێت. بەبیانووی ئەوەی لە ڕای سەلەف دەرچوون لە زۆربەی پایتەختە موسوڵماننشینەکاندا کتێبەکانیان سوتێندران و خۆشیان تارومار کران.
زاهیر بینی و گوزارەی گەڕانەوە بۆ سەلەف بوو بە سەنتەری کارکردنی ژیان و ژیاری ئەم کومەڵگایانە. ئیدی دین لەبری داینەمۆی جوڵە بوو بە ئامرازی خەساندنی کۆمەڵگا، چونکە تەنها یەک تەفسیر و بۆچوونی دینی قەبوڵکراو و ڕاست بوو ئەویش تەفسیر و بۆچوونی مێژوویی بۆ دین. لەم تەفسیرەدا کۆمەڵێک دەبنە سێبەری خودا و فیرقەی ناجییە، گەر کەسێک لەفەرمانی ئەمان دەرچووبا ئیدی ئەوە لەفەرمانی خودا دەردەچووە، یان دەبوو تەوبە بکات یان دەکوژرا، بۆچی؟ چونکە دینی ڕاستەقینە لای ئەمان بوو. لێرەوە ئیتر عەقڵ کرایە دەرەوە و هیچ ڕێز و تەقدیرێک بۆ عەقڵ نەهێڵدرایەوە.
تراژیدیای ئێمە بەم شێوەیە دەستی پێکردوو تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە. هەموو ساڵێک هەمان سوڕانەوە لەناو هەمان بازنەی دخراودا دووبارە دەکەینەوە، تۆوی فەشەل دەوەشێنین بۆ ئەوەی فەشەل بدوورینەوە. تا کەی؟ تا ئەو دەمەی دەگەڕێینەوە بۆ عەقڵانیەت.
ماوێتی