چەکوشەکەی ڤاگنەر، جەنگی پڕوکاندن

3 مانگ پێش ئێستا

هونەر تۆفیق
گروپی ڤاگنەر وەک یەکێک لە بێڕەحمترین میلیشاکانی دنیا کاتێک سزای داعشێکی لە سوریادادا ، بە چەکوش سەریان پانکردەوە . لەماوەی ڕابردووشدا سەرۆکی گروپەکە بەچەکوش سەری چەکدارێکی خۆی تەقاند کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو چەکدارە بەنهێنی پەیوەندی کردووە بە ئیستخباراتی ئۆکرانیەوە . یەکێتی ئەوروپا بڕیاریاندا گروپەکە بخەنە لیستی تیرۆرەوە . یەفگینی پریگۆژین هەستا بە ناردنی چەکوشێکی خوێناوی کە ئارمی ڤاگنەری پێوەبوو بۆ ناو پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا . لەگەڵ ئەو دیاریەدا پەیامێکی بۆ ناردن کە لە نێوان ئێمە و ئێوەدا جەنگێکی پڕوکێنەر هەیە.
جەنگی پڕوکێنەر ئەوەیە بەرامبەرەکان هەرچی وزەی سەربازی و ئابووری و سیاسیان هەیە بەیەکی سەرف بکەن تا ناچار بە کەوتن بن . یەکێک لەو وزانەی شایەنی پڕوکاندنە نەهێشتنی سەرباز و جەنگاوەرەکانە .
ڕوسەکان دەیان هەزار سزادراوی قاتیل و دز و جەڕدەی زیندانکڕاویان هەیە . هەرکام لەو موجریمانە ئامادەبێت بچێتە بەرەی پێشەوەی جەنگەکەوە لە ڕیزەکانی ڤاگنەردا ، لێبوردنی بۆ دەردەکرێت . بەو مەرجەی بچێتە ژێر چەکوشەکەی ڤاگنەرەوە . ئەگەر بکوژرێت بۆ ئەوان موجرمێکیان لە کۆڵ خۆیان کردەوە . ئەگەر هەڵبێت بە چەکوشەکە سەری پاندەکەنەوە . بۆیە تەنیا ڕێگایەک لە بەردەمیاندا هێرشبردنە بۆ پێشەوەی جەنگەکە . بەڵام لە بەرامبەردا تا لە نەیارەکەیان بکوژن و بیانپڕوکێنن ژیانیان درێژتر دەبێتەوە . ئەو تاکتیکە روسیەی لە جەنگەکەدا پەیڕەوی دەکات ناتۆ و ئۆکرانیەکانی هەراسان کردووە . ئەوان لە ڕۆژێکدا بیست هەزار بۆمب دەنێن بە ڤاگنەریەکانەوە . وەک خۆیان دەڵێن ئەو بیست هەزار بۆمبەی لە ڤاگنەردا خەرجی دەکەن . بەرهەمهێنانی پێویستی بە دوو مانگ هەیە . واتە توانای بەرهەمهێنانی دوو مانگ لە یەک ڕۆژدا بەکاردێت . ئەوەش کێشەی بۆ پیشەسازی سەربازی ناتۆییەکان دروست کردووە . ڕوسەکانیش چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بەتەواوی دڵنیا دەبن لە پڕوکاندن و لاوازکردنی بەرهەمی سەربازی ناتۆییەکان . ئەوکات سەرباز و توانا ڕاستەقینەکەی سوپاکەیان ، جەنگەکە دەستپێدەکەن .