لەچاوەڕوانی گورزێکی سەربازیدا
3 مانگ پێش ئێستا
شوان حەمە
سەرچونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ناوچەکەی خستووەتە بەردەم ئەگەری شەرێکی نوێوە! جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، ساڵی 2022و سەرەتای ئەمساڵ، ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا ـ ئیسرائیل، بەقۆناغێکی پێشکەوتوی هەستیار گەیشتوە. لەو ماوەیەدا، هەستی وروژێنەرو هێرشبەرانەی ئێرانییەکان، دژ بەبەرژەوەندی ئەمریکییەکان، پێشهاتی نوێی بەدوای خۆیدا هێناوە.
یەکەم: ئێرانییەکان گەیشتوونەتە دواقۆناغەکانی بەرهەمهێنانی ڕێژەی پێویستی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، لەوەش گرنگتر ئەو توانای ئەقڵی و پیشەیی و ئەزموونییەیە کە ئێرانییەکان کۆیان کردووەتەوە، کە هەرکات بیانەوێت، دەتوانن پێتاندنی یۆڕانیۆم بەرهەم بێنن.
دوەم: هێرشی دوو هەفتە لەمەوبەری ئیسرائیلیەکان، بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی نهێنی، لە ژێرزەمینی دوو باڵەخانەی گەڕەکی کەفر سوسەی دیمەشقی، ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان، لە هەوڵێ گەیشتن بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی سەربازیدان، کە ڕەنگە لە داهاتوودا بتوانن کۆنترۆڵی درۆنە هێرشبەرە ئیسرائیلیەکان بکەن و یەخسیریان بکەن.
سێیەم: لەچەند مانگی ڕابردودا ئاشکرا بوو، ئێرانییەکان بۆ خولدان و خۆلادان لەسزا ئابورییەکانی ئەمریکاو ئەوروپا، لوبنان و عێراق وەک دوو ویستگەی دەستخستنی دۆلاری ئەمریکی بەکار دێنن، هەر لەبەر ئەو هۆیەش قەیرانی گرانبونی دۆلار لەو دوو وڵاتە سەریهەڵدا.
چوارەم: لەدوو مانگی ڕابردودا، لەڕۆژئاوای کوردستان، دوجار بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشکراوەتەسەر سەربازە ئەمریکییەکان، لەو دوو هێرشەدا، لە کۆی چوار درۆنی هێرشبەر، سیانیان خراونەتە خوارەوە. ئەمریکیەکان دەڵێن، درۆنەکان ئێرانین و بکەرەکانیش ئەندامانی میلیشیا ئێرانییەکانن.
پێنجەم: هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ ڕوسیا، هاوکێشەی سەربازییەکانی جەنگی ئۆکرانیای تا ئاستێکی دیاریکراو، لە بەرژەوەندی ڕوسیا گۆڕیوە، گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕوسیا، گەیشتووەتە قۆناغێک، ڕەنگە لە داهاتووی نزیکدا، ڕوسەکان هێزی ئاسمانی ئێران نوێ بکەنەوە و ئێران بکەنە خاوەنی نوێترین فڕۆکەی جەنگی ڕوسی.
شەشەم: جەنگی یەمەن بووە بە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگای نێودەڵەتییەوە، دەزگا فریاگوزارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، سێ ملیۆن یەمەنی پێویستی بە پەلەیان بە خۆراک هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەمریکی و بەریتانییەکان دەستیان بەسەر چەندین بارە چەکدا گرتووە، کە لە ئێرانەوە بەرەو یەمەن ڕەوانە کراون.
حەوتەم: ئێران و سوریا، وڵاتەکانی ئەردەن و وڵاتانی کەنداویان پڕ کردووە لە مادەی هۆشبەری جۆری کبتاگۆن. بە جۆرێک تەنها لە وڵاتی ئەردەن، لە یەک باردا و شاراوە لە کێبلدا، دەست بەسەر شەش ملیۆن حەبی کبتاگۆندا گیراوە، چاودێران دەڵێن، داهاتی کبتاگۆن بۆ ئێران و سوریا لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی شەش ملیار دۆلار بووە، لەبەر هەمان هۆ، ئیدارەی بایدن لە یاسای هاوسەنگی بەرگریی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، هاوپێچێکی بە ناوی یاسای کبتاگۆن جێگیر کردوە.
پێگەی ورژێنەرو هێڕشبەرانەی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانی گەیاندووەتە بڕوایەک کە پێویستە سنورێک بۆ ئێران دابنێن.
سەردانی سوپاسالاری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و ڕۆژئاوای کوردستان، سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ چەندین وڵاتی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، گەورەمانۆرە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەمریکا و سعودیە. ئاماژەگەلێکی ئاشکران، بۆ خۆئامادەکردن و گورزلێدان لە توانا سەربازییەکانی ئێران،
ئێرانییەکان هەستیان بە مکوڕبوونی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، کە ڕەنگە ئەمجارە گورزی سەربازی لە زیاتر لە بیست بنکەی موشەکی و ئەتۆمی ئێران بدەن.
بۆ خاوکردنەوەی توڕەیی ئەمریکا، ئێران بە پەلە بانگی لە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان کرد، سەردانی بنکە ئەتۆمییەکان بکەنەوە. هەمانکات لەگەڵ سعودییەکان تا ئاستی کردنەوەی باڵێۆزخانەی سعودیە لە تاران، پێکهاتن.
ئایا هەوڵەکانی ئێران، ئەم جارەش توانای خاوکردنەوەی توڕەیی ئەمریکیەکانی هەیە؟ ئەی هەڵوێستی ئیسرائیل چی؟ لەوانەش گرنگتر، لەئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە، دۆخی ڕۆژەڵات و باشور و ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەبێت