ئەی خەڵکی چی دەڵێن؟
2 مانگ پێش ئێستا
هێمن عەبدولقادر
سەروەختی لە دایک بونم لە نەخۆشخانەیەکی گشتیدا ، باپیرم کردبووی بەهەرا ، وتبووی بیبەن بۆ نەخۆشخانەی تایبەت ، کاتێک لێیان پرسی بوو بۆچی ؟
ئەو وتی (ئەگەر نەیبەینە نەخۆشخانەی ئەهلی ئەزانی خەڵکی چیمان پێدەڵێن؟)
....
ویستم بچمە قوتابخانەکەی گەڕەکی خۆمان لەگەڵ هاورێکانم دڵخۆش بم ، بەڵام وتیان نابێت ، دەبێت بچیتە قوتابخانەیەکی نموونەیی و تایبەت ، (ئەزانی دوایی خەڵکی چیمان پێدەڵێن)
...
حەزم لە هونەرەجوانەکان بوو ، باوکم وتی تەنها پزیشکی یان ماتماتیک ، ئەزانی نەبی بە پزیشک یان ئەندازیار (دوایی خەڵک چیمان پێدەڵێن)
.....
ویستم هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بکەم ، وتیان ئەزانی ئەم کارە بکەیت (خەڵکی چیمان پێدەڵێن)
.....
دەمویست کارێکی سادەی شەرەف مەندانە لە بازاڕ بکەم ، نەک کارێکی ساختەچێتی ئاڵۆز ، وتیان نابێت ، دەزانی ئێمە کێین ؟ ئەزانی
(خەڵکی دوایی چی دەڵێن ؟
........
دەمویست بە پارەی مووچەکەم خانوویەک لە خوارووی شار بکڕم ، وتیان نابێت بڕۆ قەرز بکە و لە شوێنێک یەکەیەکی نیشتە جێبوون بکڕە ، ئەزانی بچیتە ئەو گەڕەکانەوە (خەڵکی چیمان پێدەڵێن)
....
کاتێک خەڵکی دەهاتن بۆ ماڵمان دەمویست میواندارییەکەو شێوازی پێشوازییەکە و خزمەتکردنیان گەرم و گوڕ بێت ، بەڵام نا ، بۆ ئەوەی خەڵکی هیچ نەڵێن ، دەبوو سفرەکە گرانتر بێت مێزەکە قەرەباڵختربێ ،میوەکە دەگمەنتر بێت ، ئەگەر ئەوەم نەکردایە ئەزانی (خەڵکی چیان پێ ئەوتین)
.......
ئوتومبێلێکی سادەم هەبوو ،کارەکانمی هەمووی پێ ڕایی دەکرا ، لە هەرشوێنێک دەیانبینی نەیان دەهێشت ، دەیانگووت ئاخر بەم ئوتومبیلەوە ئەزانی خەڵکی چی دەڵێن ؟
.....
کاتێکیش مردم ، لەسەر شێوازی گۆڕەکەم و بەردی کێلکەم و هۆڵی پرسەکەم و جۆری خواردنەکەم بوو بە کێشە ، چونکە هەمووان بیریان ئەکردەوە (ئاخۆ خەڵکی چی دەڵێن )
کاتێکیش دواین خاکەناز گڵیان کردە سەر لاشەکەم تەنها سەرمایەیەک کە لەپاش خۆم بەجێم هێشت و لەگەڵیدا ژیابووم ئەوەبوو کە :-
(خەڵکی چی دەڵێن)
..................................................................................
چانسی ئەوەمان هەبوو بە سروشتی لە دایک بین ، نەیانهێشت و خستینیانە بەر نوکی نەشتەر ،
چانسی ئەوەمان هەبوو لە خوێندندا دڵخۆشبین ، نەیانهێشتین و خستیانیەن بەردەم دەرونی پڕ تەشەر ،
چانسی ئەوەمان هەبوو بە عیشقەوە کار بکەین ، خستینیانە بەردەم کاری زۆرەملێ و ناجاری ،
چانسی ئەوەمان هەبوو ، وەستایەکی دەست ڕەنگین ، جوتیارێکی پڕ بەرهەم بین ، کەچی خستینیانە بەردەم لەقەبێکی زانستی بێ بەرهەم ،
چانسی ئەوەمان هەبوو ماڵێکی گەرمی بچوکمان هەبێ ، لێ خستینیانە کۆشکێکی پڕ شەختە و چۆڵ و هۆڵ و یەکتر نەبینین بە چەند ڕۆژ و پەیوەندیەکی ساردوسڕ ،
چانسی ئەوەمان هەبوو نەناسراو بین ، بەڵام خۆشبەختبین ، کەچی خۆمان خستە بەردەم ناسراوی بەڵام پر کیشە و دڵتەنگی ،
چانسی ئەوەمان هەبوو مرۆڤ بین ، بۆ هەمووان بین سایەی هەژار و نەدار و گەدا و منداڵ و پیر و بێ دەرەتان و ئاژەڵ و درەخت باران بین ،
کەجی قسەی خەڵکی بچوکی کردینەوە ، بۆ ئەوەی تەنها کوڕ و کچی فڵان بنەمالە و نازناوبین .
..........................................
کورد ئەڵێ (ماسی گەورە لە تاڤگەدا ناگیرێ) ، هەر بەو چەشنە خۆشبەختی و ئارامی گەورە ، لە هاژە و قەڵبەز و قسەی خێرا و تێپەڕ و بەردەوامی خەڵکیدا ناگیرێ ، لەکەنارێکدا بە ئارامی ، بنیشە و بژی.
(نیازبوون بە ڕەزامەندی ئەوانی تر ، واتە تێڕوانینی خەڵکی بۆ من ، لە تیڕوانینی من بۆ خۆم گرنگترە)
هەر ئەمەیە هۆکاری نائارامیمان
(دوایی خەڵکی چی دەڵێن)
ــــــــــــــ
*بیرۆکەی نوسینەکەم ساڵانێک لەمەو پێش لە شوێنێک خوێندەوە یادم نەماوە