ئۆپۆزسیۆن بەدیل یان شەراکەت؟
3 مانگ پێش ئێستا
ڕێبین محەمەد
یەکێتیو پارتی، ئەرکی قورستریان خستۆتەسەر ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆن درک بەئەرکەکەی خۆی ناکات، بۆیە تەمەنیان وەرزیەو زوو گەشە دەکەنو زوش لەناودەچن.
ئێستا یەکێتیو پارتی خۆیان دان بەشکستی حوکمڕانیدا دەنێن، دەڵێن، ئەوەی دەبوو بیکەین نەمانکردوە، حکومەتیش پاکێجێکی چاکسازیی هەیە، ئەوەش واتای داننانە بەکەموکوڕی دارایی لەسیستمەکەدا (ئەوەی ئۆپۆزسیۆن پێی دەڵێن، گەندەڵیو دزی، بەزمانی خۆیان)، لێرەدا ئەگەر ئۆپۆزسیۆن کاری تەنها ڕەخنەگرتن بێت، ئەوا یەکێتیو پارتی خۆیان ئەمەیان کردوە.
ئیدی کاتی ئەوەیە، ئۆپۆزسیۆن پڕۆگرامێکی جێگرەوەی دەسەڵات بێت، نەک بەشداریکردن لەدەسەڵات، چونکە، بەشداریکردن لەدەسەڵات خانەی شێرپەنجەییە بۆ، سیستمی دەوڵەتی.
لەبنەڕەتدا، دەوڵەت پێویستی بەدەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنە بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەکە هاوسەنگ بکەن، ئەگەر لایەکیان ئەرکی خۆی باش جێبەجێنەکرد، ئەوا هاوسەنگی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەبێتە، سەرلێشێواوی (فەوزا).
لەبری ئەوەی بەشداریی بکەن لەسێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت، دەبێت پڕۆگرامی جێگرەوەیان هەبێت، چونکە خەڵک قۆناغی بڕیوەو لەگوتارە کۆنەکان تێدەگات، بەم مۆدێلە کاریگەرییان نامێنێت لاى جەماوەرو متمانەش بەڕەخنەگرتن کەمدەبێتەوە یان نامێنێت.
گوتاری نوێی ئۆپۆزسیۆن دەبێت، قسەی حسابی بێت نەک سۆزداریی، بۆ نمونە، باسی ئاوەدانکردنەوەی کرد، نابێت (ئامانجەکەی ئەوەبێت وەزیرەکەی لەکابینەی دەسەڵات وەربگرێت) یان تەنها بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەران، باسی ئەوە بکات حکومەتی ئێستا خراپە لەدروستکردنی ڕێگهوبان، دەبێت گوتارەکەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی چۆن دەتوانن کاتێک ئەوان دەسەڵاتیان وەرگرت، چاکی بکەن، چۆن پارە بۆ سێکتەرەکە تەرخاندەکەنو چۆن پلانی چاکسازییو دروستکردنیان دەستپێدەکەن.
باسی کەرتی داراییو نەوت کرا، نەڵێن، دادپەروەری نییە، تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، یان وەرگرتنی پۆستی وەزیرەکەی لەدەسەڵاتی ئێستادا، دەبێت گوتارێک بەرهەمبهێنن، دەسەڵاتیان وەرگرت چۆن چاکیدەکەنو چیدەکەن بۆ ئەوەی چاکی بکەن، داهاتەکان زیادبکەنو پڕۆژەیاسای بودجە دابنێنو خەرجیەکانیش دابڕێژنەوە بەپێی پێویستی بەڕێوەبردنێکی سەردەمیانەی کۆمەڵگه، نەک، پێویستی عەقڵی بەکاربەرانەی کۆمەڵگه، بەئامانجی عەوام فریوی.
لەبابەتی ئەدەبیدا، گۆشەیەک هەیە بۆ بابەتێک، ناوی ڕەخنەگری ئەدەبیە، گوتار بەرهەمناهێنێت، بەڵکو تەنها ڕەخنە دەگرێت، شیکاری نوسینی ئەوانی دی دەکات، ئەمە لەسیاسەتو کارگێڕِییو دەوڵەتداریشدا، کاری ڕۆژنامەنوسو شرۆڤەکاری سیاسیە، نەک حزبی ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆن بەدیلە بۆ دەسەڵات، بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیو وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دەوڵەتو سەرۆکی حکومەت، نەک ڕەخنە بگرن، ڕەخنەی بێ کردار بۆ سیاسیەکان جگە لەپۆپۆلیستی هیچ نییە!.