پڕۆژەكەی كاك قوباد كێشەی كاتی دەبێت!
3 مانگ پێش ئێستا
عادل ئەحمەد
ئەو پڕۆژەیەی کاک قوباد توشی کێشەی کات ئەبێت، ئەوەی مەبەستمە، کاتی تەواوبونی داخوازیەکە یاخود کارەکە. لەکاتێکدا هاوڵاتی بەدەستی خۆی ئەو داخوازیە ژوراوژور ئەبات گرنگی بەکاتەکەی خۆی ئەداتو هەوڵ ئەدات بەزوترین کات ئەمدەستو ئەودەستی پێبکات، بەڵام کارمەندەکان ئەو گرنگیە بەو کاتەنادەن ڕەنگە کارمەندێک 20 داخوازی کۆبکاتەوەو ئەوجا بیبات بۆ سەر مێزی دوای ئەو، یاخود بیخاتە ڕۆژی دوایی.
لەبەرئەوە لەڕوی کاتی تەواوبونی داخوازیەکە جیاوازی زۆر ئەبێت. هەروەها بەرەوڕوی دوو کێشەی تر ئەبێتەوە، یەکێکیان ئەوەیە ماندوبونی هاوڵاتی کەمدەبێتەوە، بەڵام ماندوبونی کارمەند چەند قات زیاد دەکاتو دەبێتە هۆی خاویو خلیچکی کارەکان.
کێشەی دوهەمیش ئەوەیە کە زۆرجار دوای ئەوەی داخوازیەکە دەچێتە بەردەستی کارمەندی دوای یەکەم، ڕەنگە زۆرجار پرسیاری هەبێت لەو هاوڵاتیەی کە کارەکەی بۆ دەکرێت، ئەمەش دەبێتە کێشەیەک دەبێت ئەو کارمەندە بەدوای هاوڵاتیەکەدا بگەڕێت.
گومان لەوەدانییە کەکاک قوباد دڵسۆزانە دەیەوێت لەئەرکی هاوڵاتی کەمبکاتەوە، دەشتوانرێ ئەو تاقیکردنەوەیە بۆ دوو مانگ لەیەک دەزگادا تاقیبکرێتەوە، پاشان سەیری ئەنجامەکەی بکرێت، زۆرم پێخۆشە بۆچونەکەی من وادەرنەچێت، چونکە ئەو بیرۆکەیەی کاک قوباد بیرکردنەوەیە لەکەمکردنەوەی موعاناتی هاوڵاتی کە کاک قوباد لەجێگایەکی گرنگی بەرپرسیارێتیدایە بۆ بڕیاردان لەچەشنی سیستەمی ژیانی خەڵکی.