تۆم كروز و هونەرمەندە كوردەكان

3 مانگ پێش ئێستا

کــابرا فیلمەکەی، واتا؛ (Top Gun: Maverick)، بۆ (شەش) دانە خەڵاتـی ئۆسکار پاڵێوراوە، بەڵام بەوجۆرەیش هێشتا بەهۆی سەرقاڵی بە کاری ترەوە فرسەت و چانسی ئەوەی نابێت لە بۆنە و ئاھەنگی دابەشکاری خەڵاتەکانی ئۆسکاری - ٢٠٢٣ ئامادەیی ھەبێت، تەنانەت ھەر بەلاشیەوە گرنگ نیە تاوەکو بە ھەر جۆر و شێوازێک بێت خۆی بگەیەنێتە سەر (فەرشـی سور)ی، فێستیڤاڵی ئۆسکار.
کەچی لێرە - زەلاممان ھەیە - سینەماچی، ئامادەیە زۆر ڕووقایمانە و بە قاتێکـی سپۆرتی ئوتوکراوەوە بچێتە سەر شاشە و تیڤیییەکان و پاشانیش بەوپەڕی بڕوابەخۆبوون و قسەزلییەوە، قسە لەسەر سەرجەم فیلمە پاڵێوراوەکان بکات، تەنانەت بێئەوەی لەوەوبەر نەک سەرجەم فیلمە پاڵێوراوەکانی دیبێت و بەڵکو زۆریانی تەماشاکردبێت، یاخود لە پێشتردا خوێندنەوە و شیکردنەوەیەکی ڕەخنەئامێزانەی بۆ زۆرێک لە فیلمەکان کردبێت. یاخودێکی تر، تەنانەت توانیبێتی لە ماوەی (ساڵەکەدا)، چاودێرییەکـی ورد و چڕ و قوڵی بۆ سەرجەم فیلمە پالێوراو و و پاڵێونەکراوەکان کردبێت، یان لانیکەم شەونخوونی کرد بێت و کاتی بەخشیبێت بە تەماشاکردنی فیلمەکان و کەمێک بە دیاریانەوە خۆی ماندووکردبێت. 
بە ھەرحاڵ چون (کەناڵ) و (میوان)ی کوردی لە کوردستاندا، بە تایبەت لەم سەردەمەدا (کاتی بەتاڵ)، یان زۆرە، بۆیە (کاتـی خاڵــی)، بە یەکتریی پڕدەکەنەوە و کە دواجار ئەوەیش دەرئەنجامەکەیەتی کە ھەموان دەیبیبین و دەیزانین چییە! 
دواجار؛«کورد ئەو میللەتەیە زۆرترین قسە و ڕەخنەی لەسەر ھەموو شتێکی دەرەوەی خۆی هەیە، جگە لە ناوەوەی خۆی».
شــادمان محەمەد