جیابوونەوە-وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی

3 مانگ پێش ئێستا

‌لوقمان مصطفی صاڵح
ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاوازە، بە گوێرەی ئامارەكان ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهاتووە، رێژەی جیابوونەوەش زیاتر لە ناو شارەكاندا تۆماركراون.

لە ساڵی 2022 بەپێی‌ ئامارەكانی دادگای باری كەسی سلێمانی،16 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری تۆماركراوە. نزیكەی 60%ـی ئەو كوڕ و كچانەی هاوسەرگیریان كردووە، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵ بووە. هەر بەپێی ئامارەكان لە پارێزگای سلێمانی، یەک لەسەر سێی ئەو كەسانەی هاوسەرگیریان كردووە، ژیانی هاوبەشیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهێناوە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە زۆر بەرزبونەتەوە و تاڕادەیەک نزیک بووەتەوە دوو بەرابەری ساڵانی رابردوو، ئەمەش، رێژەیەکی یەکجار زۆرە بۆ هەرێمی کوردستان و بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە بەتایبەت لە بەراورد بە رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیریی.

بە گوێرەی ئەو داتایە بێت، رێژە‌ی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی (30% تا 40%) بەرز بۆتەوە،
هەر لەو بارەیەوە، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022ـدا، هەزار و 604 حاڵەتی تەڵاق له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فه‌تواوه‌ یەکلایی کراونەتەوە.

یەکێتییەکە ئاماژه‌یداوه‌، سەرجەم ئەو کێشه‌ خێزانییانه‌ی لە ساڵی رابردوو روویانکردووه‌ته‌ لقەکانی یەکێتی زانایان ئاینی سێ هەزار و 148 حاڵەت بوونە، لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەر و بە تەڵاق کۆتاییان هاتووە، بریتی بوونە لە هەزار و 604 حاڵەت.

بۆ شارەزایی زیاتر و ئاگاداربوون لە چۆنێتی جۆری جیابونەوەکان دەتوانین بۆ سێ حاڵەت پۆلێنی بکەین :-بەپێی مادەو دەقە یاساییەکان جیابونەوەی نێوان ژن و مێرد / سێ ریگە هەن بو جیابونەوەیان ئەویش ( الطلاق - التفریق - الخلع )

١- الطلاق /  جیابونەوە..بریتیە لە ھەڵگرتنی کۆتی ھاوسەرگیری یاخود مافێکە  لە مافەکانی پیاو لە گرێبەستی هاوسەرگیری کە هەر کاتیک وویستی دەتوانیت تەلاقی ھاوسەرەکەی بدات.
وە دەکرێت بە رەزامەندی لە گریبەستی هاوسەرگیری ئەو مافە بە ژن  بدرێت، واتە دەتوانێت  تەڵاقەکە بەدەستی ژن خۆی بێت و  بە خۆی گلاقەکەی بخات.

٢- التفریق /  جیابوەنەوە لەرێی دادگاوە..جیابونەوەی نیوان ژن ومیرد لە ریگەی دادگاوە بە هوی بونی هوکا رێک لە هوکارەکان کە بەردەوامبونی ژیانی هاوسەرگیری ئەستەم بوە .

٣- الخلع /  داماڵین .. بە ڕێکەوتنی ھەردولا جیادەبنەوە یان ژن تێیدا دەستبەرداری بڕێک یان هەموومافە شەرعی و یاساییەکانی دەبێت بەرامبەر بە تەڵاقدانی.

ھەڵبەتە کۆمەڵناسان و یاساناسان بەشێوەیەکی وردتر لە بابەتی جیابوونەوە دەکۆڵنەوە و وەک بابەتێکی سەرەکیی بوارەکەیان تەماشای دەکەن.ئەگەر هاوسەرگیری پرۆسەیەکی بەستنی پەیمانی کۆمەڵایەتی بێت یان گرێبەستێکی یاسایی ھاوسەرگیری بێت  لە نێوان  ژن و مێرد بەگوێرەی ئەو شتانەی ئەو دوو لایەنە بڕوایان پێی هەیە. ئەوا جیابوونەوە بەمانای ڕزگاربوون و وازهێنانە لەو پەیمانەی کۆمەڵایەتییەی یا گرێبەستە ھاوسەرگیریەی کە لە نێوان ئەو دوو کەس هەبووە و لەم نێوانەدا خێزان ئەرکەکانی خۆی لە دەست دەدات و هەر یەک لە هاوسەرەکان بەگوێرەی ئەوەی خۆیان پێیان خۆشە ڕەفتار دەکەن و هیچ شتێک بەیەکەوەیان نابەستێتەوە.

پرسی جیابوونەوە یان تەڵاق لە رووی مرۆییەوە کۆمەڵێ لایەن و ڕەهەندی هەیە، لەلایەک  دیاردەیەکی یاساییە کە لە رووی مافەوە تاوتوێ دەکرێت و شی دەکرێتەوە، لە لایەکی دیکە دیاردەیەکی ئابوورییە، ئەمە بەو مانایەیە کە خێزان وەک یەکەیەکی ئابووری لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبێت و رێژە و ئاستی داهاتی خێزان دەبێتە شتێکی گرنگن و بایەخی زۆری هەیە.

بەڵام لە لایەکی دیکە، جیابوونەوە دیاردەیەکی دەروونییە، لەبەرئەوەی کاریگەریی زۆر لەسەر دەروون و لایەنی سایکۆلۆژیی منداڵ و خێزان دادەنێت. هەروەها جیابوونەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییشە، چونکە هۆکار و زەمینە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵگەش لە رێگەی خێزانەوە بینا دەکرێت و لە رێگەی جیابوونەوەش ئەو بیناکردنەوە لەرزۆک و شێواو دەبێت.

یاساناسان و کۆمەڵناسەکان هۆکاری زۆربوونی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێ هۆکار دەگەڕێننەوە.

پێیان وایە  هۆکارەکان لە ئێستا پەیوەندیی بە قەیرانی ئابوورییەوە هەیە، چونکە تا قەیرانی ئابووریی زیاتر بێت کاریگەری لەسەر داهاتی خێزان دەبێت و ئەگەرەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان زیاتر دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتیی و دەروونیی هاوسەرەکان و منداڵەکانیان دەبێت. هەروەها  یەکێکە لە هۆکاری جیابوونەوە لە ئێستادا بەهۆی، خیانەتی هاوسەرییە، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەرفەتی هەڵخەڵەتاندن و فێڵلێکردن و خیانەتپێکردن زیاتر دەکات. ئەو کەیسانەی لە ئێستادا لە سەروبەندی جیابوونەوەدان زۆربەیان بەهۆی دوو ھۆکاری سەرەکیەوە روودەدەن ئەوانیش :- یەکەم دەستێوەردانی کەسی سێیەم لە ھەردوولا دووەم - خیانەتکردن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

جگە لەوانەش، تێکەڵاوبوونی کولتووری بێگانەش یەکێکە لە هۆکارە کارتێکەرەکان چوونکە ئەو کولتوورە تازانە تووشی بەرکەوتن دەبنەوە لەگەڵ کولتووری گشتیی کۆمەڵگەی ئێمە،هەر بۆیە زۆربەی کات کاریگەری لە هێنانەکایەوەی کولتووری دیکە دادەنێت.

کاریگەرییەکانی جیابوونەوەی هاوسەران هەمەلایەنەیە، لە لایەک کاریگەریی لەسەر کەسایەتیی تاکی کۆمەڵگە دروست دەکات و منداڵی ئەو کەسانەی لەیەک جیادەبنەوە دەکرێ لە رووی کەسایەتییەوە تووشی ناڕێکی و پەشێوی ببنەوە، هەروەها کاریگەریی لەسەر بینای کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەش هەیە، چونکە خێزان یەکێکە لە یەکە کۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەکان، جگە لەوەش، بە زیادبوونی جیابوونەوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتیش دەکەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە یاساناسان و کۆمەڵناسان پێیانوایە پێویستە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان، هەتا زووە لێکۆڵینەوەی زانستی و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەبکرێت و رێگەچارەی گونجاو و ئەقڵانی بگرنە بەر بۆ کەمکردنەوەی ریژەی جیابوونەوە.