بزوتنەوەی ئیسلامی لە حاڵێکدا نییە گلەیی لێبکرێت
3 مانگ پێش ئێستا
ئیبراهیم عەلی
دەست لەکار کێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەکگرتوو و پڕکردنەوەی کورسییەکانیان لە لایەن کاندیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لیستی بەرەو ئیسڵاح، کارێکی تەواو چاوەڕوانکراوە.
حەق نییە کەس گلەیی لە بزوتنەوەی ئیسلامی بکات، چونکە بۆ بزوتنەوە دەرفەتێک هاتۆتە پێش و دەتوانن بڵێن خاوەنی فڕاکسیۆنێکی پێنج پەرلەمانتارین وەک خۆیان دەڵێن ئەگەر بۆ یەک سەعاتیش بێت....
بزووتنەوەی بە هۆی دەرەنجامەکانی دواین کۆنگرەی ئەو حیزبە ئێستا لە دۆخێکدایە کە ئەو حیزبە دابەش دوو بووەو لایەنی کەم دوو کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن ڕابەری گشتی ئەو حیزبەن.
بۆ باڵی عیرفان عەلی، دەرفەتێکی زێڕینە کە لەو ڕێیەوە شەرعیەتی خۆیان بەسەر باڵی کامیلی حاجی عەلی بسەپێنێنن. بەتایبەت لای کۆمسیۆن و دادگا بڵێن ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەو حیزبە دەکەن خۆیان بە باڵی عیرفان عەلی دەزانن.
لە لایەکی دیکە کێ دەڵێت ئەو پەرلەمانتارانە بۆ چەند مانگێک دەبن بە پەرلەمانتار؟ ئەسڵەن کەس لە خۆی پرسیوە چ گرەنتییەک هەیە کە لە کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت؟
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تا ئێستا فشارێکی ڕۆژئاواییە، هێشتا فشارە ڕۆژهەڵاتییەکە ماوەو ڕەنگە چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردن بەفشاری ڕۆژهەڵات بڵێن نابێ لە زۆنی سەوز سندوقی هەڵبژاردن دابنرێت...
لەم کوردستانە هیچ شتێک گرەنتی نییەو ئەسڵەن بۆ بەرژەوەندی حیزبیانەی باڵی عیرفان عەلی لەناو بزوتنەوە لەو دۆخەدا دەست بەکاربوون و سوێندخواردنی پێنج پەرلەمانتاریان دۆزینەوەی هەنگوینە لە داردا.
ئەوەی باسی بەرژەوەندی هاوڵاتیش دەکات لە گوێی گا خەوتووە، بەرژەوەندی هاوڵاتی لە بەشێوەیەکی کردەیی لە بەرنامەی حیزبەکاندا نییەو هەموو حیزبەکان کار بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن. بەرژەوەندی هاوڵاتی تەنیا کەڤەرێکەو هیچیتر...