کەی ڕۆژمان وا ڕەش بوو؟ عەقڵ و نەقڵ "2"

3 مانگ پێش ئێستا

رێبین ئەحمەد رەشید

لە سادەترین پێناسەی خۆیدا هۆکاری سەرەکی پشت وەحی و ناردنی پێغەمبەران ئاوەدانکردنەوەی ژیانەکەی دیکەی مرۆڤە لەڕێی بەخشینی مانا بەوەی لێرە دەگوزەرێ. ژیانێک کە موعتەزیلە بڕوایان وابوو مرۆڤ دەتوانێت بە عەقڵ بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت بوونی هەبێت، بەڵام خودا لەپاڵ عەقڵدا لوتفی نواندوە و لەڕێگەی پێغەمبەرانەوە و بۆ یارمەتیدانی عەقڵ و ئەو ئەزموونەی کە ئەوان خۆیان کردوویانە بۆ ئێمە باس بکات لە ڕێگایانەوە. 

هیچ دەلیلێکمان نییە خودا پێغەمبەرانی بۆ ئەوە ناردبێ تا ئێمە فێری ئاوەدانکردنەوەی دونیا و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی دونیا بکەن، لەسەرێکی دیکەوە بێ شومارن ژمارەی ئەو دەلیلانەی کە پێمان دەڵێن پێغەمبەران بۆ چ میسیۆن و ئامانجێک نێردراون. ئێمە دەقیق ئەمڕۆ پێچەوانەی ئەمە باس دەکەین. پێغەمبەران و وەحییەکانی ئەوانمان کردۆتە بەردبازی پەڕینەوە بۆ دەستکەوتە ماددی و دونییاییەکانی وەک سیاسەت، بەڕێوەبردن، ئابووری، زانست، پزیشکی و کۆمەڵناسی، پەیامەکەی ئەوانمان لەو ئەمرە قودسییە بەتەواوەتی داڕنیوە کە باس لە ماناو ژیانێکی دیکە و ئەو فۆڕمانە دەکەن کە ئێمە لەو ژیانەی دیکەدا دەیانگۆڕین.

 ئیبن خەلدوون شەش سەدە بەر لە ئێستا لە موقەدیمەکەیدا بە بێ ڕتووش و بێ پەردە و کینایە باسی لەمە کردووە و دەڵێت: "هەندێک پێیان وایە پێغەمبەران هاتوون کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا بهێنن بۆ ئەوەی ئیدارەی کۆمەڵگا و نەزمی جیهانی پێبکرێت، ئێمە ئەمڕۆ دەیان کۆمەڵگا دەناسین کە پێغەمبەریشیان نەبووە و توانیویشیانە ئیدارەی کاروباری خۆیان بە باشترین شێوە بکەن، کەوابێ مەسەلەی پایە و بنەڕەتی لە ناردنی پێغەمبەران بۆ دونیا ئیدارەکردنەکەی نییە." ئیبن خەلدوون شەش سەدە بەر لە ئێستا ئەم قسە ڕاقییەی کردووە، ئەمڕۆ لەسەر ئەم قسەیە و پاش تێپەڕبوونی شەشسەد ساڵ لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا لەسەر قسەیەکی لەم شێوەیە خەڵک تەکفیر دەکرێت و خوێنی حەڵاڵ دەکرێت.

گەر پێغەمبەران و وەحی بۆ ئیدارە و سیاسەت و ئابووری هاتوون کەواتە ئیتر کاری ئەو عەقڵەی کە خودا پێیداوین چییە؟ ئێمە خۆمان دەتوانین لە ڕێگای بەکار هێنانی ئەم عەقڵەوە ئەم دونیایە بۆ خۆمان بەو جۆرەی دەمانەوێت ئاوەدان بکەینەوە، بوونی عەقڵ و پێدراوە عەقڵییەکان هەر بۆ ئەمەن، وەحی دێت لە ڕێگە مانا بەخشین بەوەی لێرەدەیبینین ئەولا بۆ ئێمە ئاوەدان دەکاتەوە. ئێمە ئەمڕۆ هاتووین دەقیق پێچەوانەی ئەمە دەکەین، لەسەرێکەوە فەزای دەرەکیمان تەسلیمی هێزێکی وەک هێزی وەحی کردووە تا وەک عەسایەکی موسایی بۆمان چاک بکات و لەسەرەکەی دیکەشەوە وەحی و نەقڵ هیچ ڕۆڵیکیان نەماوە لە بەخشینی مانا بە دیاردەکانی ژیانمان، مەلا و پیاوانی ئاینی و دیندارەکانمان لە پۆزەتیڤیستەکانی نەمسا زیاتر ماددی و ڕووکەشگەران. دین بووە بە ئامرازێک بۆ بکە و مەکەی دەستی سەڵاتین و پۆلیسەکانی حەرام و حەڵاڵ.

لە ڕاستیدا خودا ئەم دونیایەی سپاردووە بە ئێمە، لە سیاسەتییەوە بۆ ئابووری و فەلسەفە و زانستە ئەزموونییەکەی. گەر خراپە لە کورتهێنانی ئێمەیە کە خراپە، دەبێت ئێمە چاکی بکەین، خودا ناتوانێت پێی بخاتە نێو چاککردنی ئەم بوارانەوە. ئابووری و بازاڕ کە خراپن ئێمە دەبێت چاکیان کەین،  سیاسەت و بەڕێوەبردن و پەروەردەش هەروان. تۆ شەونوێژ و ڕۆژووی خۆت بکە و بگرە بەڵام بە شەونوێژ و ڕۆژووگرتن دۆخی بازاڕ چاک نابێت، ئەمە ڕێگای چاککردنی بازاڕ نییە، بازاڕ قەواعید و ئوسوڵێکی تایبەت بەخۆی هەیە. غەزالی تەنانەت هەمان بۆچوونی بۆ فیقهی دینیش هەیە، ئەو پێی وایە فیقهی دینی توێکڵی دینە، بۆ کۆنترۆڵکردن و پێکدانەدان دروستبووە " فصل التخاصم"، نەک یاساکان خۆیان لەخۆیاندا پیرۆز بن. بەبۆچوونی غەزالی ئەو فیقهەی کە ئەمڕۆ کراوەتە هەموو دین دونیاییترین بەشی دینە. 

 بەسەرکەوتنیان بەسەر موعتەزیلەکاندا ئەهلی حەدیس بەرپرسیارێتی پیرۆزاندنی ئەم توێکڵە لەئەستۆ دەگرن، ئەوان تەنانەت ڕقیان لە موجتەهید و فەقیهێکی وەک ئەبوحەنیفەی نوعمانیش دەبێتەوە، بۆچی؟ چونکە باوەڕی بە قیاسی عەقڵی هەبووە لە ئیجتیهاد و فەتواکانیدا بۆ شتێکی دونیایی وەک فیقهــ.  ڕق و داخ لەدڵی ئەم گروپە زاهیر بینە بۆ عەقڵ و تەعەقول تا ئەم ڕادەیەیە.

گرنگترین کارێک بشێت ئێمە لەم جوگرافیا ڕەشەی خۆماندا ئەمڕۆ بیکەین ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ عەقڵ. گەڕانەوەش بۆ عەقڵ واتە ڕێز لە عەقڵ بگرین، سوکایەتی پێنەکەین، نەیجەڕێنین بۆ مەرام و ئەژێندای ئایدۆلۆژی و سیاسیی کەسی و گروپ، بەکاریبهێنین، بۆچوونی جیاواز قەبوڵ بکەین، ڕێزگرتن لەعەقڵ واتە ئیتر لەوە دەرچین ئیمان وەک کۆنتراکتێکی دەستەجەمعی نێوان خۆمان وسوڵتە تەماشا بکەین، چونکە ئیمان سەر بە ڕەکیزەکانی کۆمەڵگاو سوڵتە نییە، ئیمان پەیوەندییەکی گۆڕا و جوڵاوی نهێنی نێوان تۆ و خودایە، تەکلیفی خوداش لەم دونیا و لەو دونیاش لەسەر ئاستی تاکە نەک گروپ و مۆب و جەماعەتی موجەنەد. ڕێزگرتن لە عەقڵ واتە کارێک بکەین بیرکردنەوە هەندێک لە خوایەتی کردن بخات کە ئارەزووی دەکەن، کەس خوا نەبێت، هەمومان وەک یەک مرۆڤ بین "ٚکن مع الناس فردا منهم"

 قورئان بەڕوونی لەسەر ئەم باسە قسەدەکات: " وَكُلُّهُمْ آتِيهِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ فَرْدًا" یان " إِنسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ ۖ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَابًا يَلْقَاهُ مَنشُورًا"" ئێمە تاک و تەریک دەچینەوە لای خودا نەک بە گروپ و شوناس و ئایدۆلۆژیاکانمانەوە. بەیەک وشە ئەم ئایەتانە پێمان دەڵێن سوڵتەی دینی لە ئیسلامدا بوونی نییە، تەکلیف هەمیشە فەردییە، سوڵتەی دینی خراپترین بیدعەی کڵێسای کاپۆلیکییە کە دواتر بۆ دەستبەسەرداگرتنی سوڵتە دەپەڕێتەوە نێو ئیسلام.

لەسەرێکی دیکەوە پێوستمان بە پێغەمبەران هەیە بۆ ئەوەی ئەو دونیاکەی دیکەمان بۆ ڕووناک بکەنەوە، لە کورتترین ڕێگاوە بە خێراترین خێرایی بمانگەیەننە مەنزڵ، مەحوی کە دەیگوت "بە بێ پیرێ مەچۆرە مەعرەکەی ئەسفەندیاری نەفس" دەقیق مەبەستی لەمە بوو. لەم ڕێگایەدا دەلیل و ئاشنایەکمان دەوێت بۆ ڕێگاکە، بەقەولی مەولەوی کەسێکمان دەوێ لەم ڕێگا دووروو پڕ لە زوڵوماتەدا گۆرانیمان بۆ بڵێت تا بێتاقەت نەبین، نەمێنینەوە، لە کاروان دوانەکەوین، ئاڵنگارییەکانی ڕێگا لە ڕێگاکەمان نەکەن. ڕێگا مەعنەوییەکان هەمیشە پیر و پێغەمبەریان دەوێ، هەڵەکە لێرەدایە کە هەندێ پێیان وایە پێغەمبەران بەرپرسیاری ڕووناککردنەوەی ڕێگا کورت و ئیدارییەکانی دونیان نەک ئەوانەی دواڕۆژ.