حکومڕانی شێرپەنجەیەتی، ئەوان پاراسیتامۆڵی بۆ دەنوسن

2 مانگ پێش ئێستا

هەژماری من و یەکپەنجەرە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری هەولێری رووداو گوتی: <<لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان، ئێمە شتێکمان نییە پێ بگوترێت ئابوری. هیچ نیمانە. ئابوری لەو وڵاتەدا نییە. چی هەیە، ئەوەی هەیە چییە؟ شتێکمان هەیە نەوتە. ئەو نەوتە دەردەهێنرێت. دەنێردرێتە دەرەوە. دەفرۆشرێت. پارەکەی دەهێنرێتەوە و راستەوخۆ دابەشدەکرێت. بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە هۆی گەشەی ئابوری لەو وڵاتەدا؟ موستەحیلە.>>
لەوە دەگەڕێین نێچیرڤان بارزانی خۆی بەرپرسی هەرەسەرەکیی دروستبونی ئەو دۆخەیە، کە ئەو و ئەوانیدیش بە نەخۆشی حکومڕانیی دەبینن، من بە شێرپەنجە. ئەوان پێیانوایە ئەو نەخۆشیی حکومڕانییە بەوە چارەسەردەبێ یەکێتی و پارتی رێکبکەون و هەڵبژاردن بکرێ، من وای نابینم. ئەو سیستەمە شێرپەنجەیەتی، بەو چارەسەرییە پۆپیولیستە و سادانەی حکومەتی هەرێم چارەسەر نابن. کەسێک شێرپەنجەی بێ بەدڵنیایی لە مردنی نزیک دەبێتەوە ئەگەر پشت بە پاراسیتامۆڵی سەرئێشە ببەستێت.
کۆی سیستەمی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیە نەک ریفۆرمی سادەی وەک #هەژماری_من و #یەکپەنجەرە. من هێندەش ساویلکە نیم پێموابێ یەکێتی و پارتی گۆڕانکاریی ریشەیی ئەنجام دەدەن، بەڵام دەمەوێ بۆ ئەو بەڕێزانەی جارجار شتەکانی من دەخوێننەوە، رونبکەمەوە کە ئەوەی بە ناوی چاکسازی بە ئێمە دەفرۆشرێتەوە، چاکسازی نییە تەنها ماکیاژێکە بۆ شاردنەوەی ناشیرینییەکان و دروستکردنی ئەو خەیاڵەی کە سەرکردایەتیی حکومەت خەریکی چاکسازییە. ئەو چاکسازییە پۆپیولیستییانە هێندەی تر خەڵک بێزار دەکەن. ئەو هەوڵە پۆپیولیستانەی بەرپرسانی حکومەت، وەک هەناردەکردنی هەنار لە کاتێکدا بازاڕەکانی کوردستان پڕن لە هەناری هاوردە، لای وڵاتییان زۆر ئاسان دەبینرێ و تەنانەت ئازاری سەرئێشەکە بۆ چەند رۆژێکیش کەمناکاتەوە!
لەوانەیە هەندێک بڵێن ریفۆرم لە شتێکەوە دەستپێدەکات و دەبێ لەناو ئەو هەمو وێرانەیەدا، دڵمان بە شتی بچوکیش خۆش ببێ. من ئەمە بە کێشە دەبینم، چونکە وەک گوتم، هەموان دەزانین شێرپەنجە و سەرئێشە نێوانیان ئاسمان و زەوییە.