ڕۆحی شادی - بەشی یەكەم

2 مانگ پێش ئێستا

پەیكار عوسمان
ئەگەرچی شادی و غەمگینی سیفەتێکی مرۆییەو پەیوەندی بە دەروونی فەردییانەی مرۆڤەوە هەیە، بەڵام کۆمەڵایەتی و کولتووریشەو هەنێجار تایبەتمەندییەکی دەستەجەمعییە، بۆ نموونە شیوەن و ڕەشپۆشی شیعەکان و ڕەنگاڵەپۆشی و هەڵپەڕکێ ی کوردەکان.
ئەگەر تەنیا ئەم ناوچەیە بە نموونە وەرگیرین، شادی میراتی شاخەکانی زاگرۆس و غەمگینی میراتی دەشتاییەکانی خوارووی میزۆپۆتامیایە.
خەڵکی سەرەوە، پەیوەندییەکی خۆشیان لەگەڵ سروشت هەبووە، چونکە باران و بەرهەمی باشی هەیەو ناوچەکەش قایم و پارێزراوە لە هێرشی دوژمن. بەڵام بۆ ناوچەکانی خوارەوە، هەم لافاوی دیجلەو فورات مەترسییە، هەم بێ بارانی کێشەیە، هەم زەوییەکەش تەخت و کراوەیە لەبەردەم هێرشی دوژمندا.. هەموو ئەوانە وایکردوە، کە لە سەرەوە کولتوری شاد و لە خوارەوەش کولتوری شیوەن دروستببێ.
ڕووبار حەزارەتی شاری دروست کرد، بەڵام شار، چەنجارێک لافاو بردی و چەنجارێکیش دوژمن سوتاندی، ئیتر داستانەکانی غەمگینی لەدایکبوون و "شار و غەمگینی" بوون بە دووانە. بەڵام گوند، لە هەردوو زەبری سروشت و دوژمن پارێزراوترە، ئیتر ئەفسانەکانیشی تەڕترە، وەلێ چونکە "نووسین" شارییە، ئیتر شار توانی غەمگینییەکەی خۆی بکات بە مێژوو، بەڵام چونکە سەقافەتی گوند دەمییە، ئیتر گوند نەیتوانی شادییەکەی خۆی بکات بە مێژوو.
لە ناوچەی شاخاوییدا، سروشت بێلایەن نیەو هەمیشە ئەبێتە هێزی پشتیوان بۆ خەڵکی ناوچەکەو ئەشبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ دوژمن. بەڵام لە تەختاییدا سروشت بێلایەنەو بەرگری لە خەڵکەکەی خۆی نایەت، نەک بێلایەن، بەڵکو زیاتر بەلای دوژمنیشدا ئەیخات، کاتێ کە هیچ ڕێگرییەکی سروشتیی بۆ دروست ناکات!
کاتێکیش کە سروشت بەشدارێکی فیعلیی شەڕەکە نیە، ئیتر داوای بەشداریی خەیاڵیی لێئەکرێ و چیرۆکی لەتکردنی دەریاو ئەو شتانە دروست ئەبێ، کە حیکایەتی وا لە ئەفسانەکانی زاگرۆسدا بوونی نیەو خودا شاخێکی لەولاوە نەهێناوە بۆ ئێرە لە پێناو پاراستنی تۆ، بەڵکو شاخەکە خۆی لێرەیەو ئیتر پێویست بەو جۆرە خەیاڵەش ناکات!
شیوەنی عاشورا پەیوەندی بە حوسەینەوە نیە، بەڵکو کولتورێکی کۆنی هەزاران ساڵی پێشترەو گەلانی ئەو خوارە، جیل بە جیل و دین بە دین، لەگەڵ خۆیاندا بەناو مێژوودا ئەیگێڕن و هەموو شتێکیش ئەکەن بە دەرفەت بۆ بەرهەمهێناوەی غەمگینی. هەڵپەڕکێ و بەزمی شادیش، کولتوری خەڵکی سەرەوەیە، کە بەناو مێژوودا هێناویەتی و هەموو یادێک ئەکاتە دەرفەت بۆ ئەو جەوە، ئەگەرچی یادەکە فڕیشی بەو جەوەوە نەبێت!
خەڵکی ئەو خوارە، تەنانەت لە دیسکۆشدا، مقامی حەزین ئەڵێن، کچە سەماکەرەکانیش، هەنێ جوڵەیان هەیە کە ئەچێتەوە سەر شیوەن و لەخۆدان! بە پێچەوانەوە کوردە حەیاتەکە، لە موزاهەرە هەڵئەپەڕێ و لە هەشتی مارسدا هەڵئەپەڕێ و لە هەڵبژاردن هەڵئەپەڕێ..
یان سەیرکە، ئەوان بۆ عاشورا، چل ڕۆژ لە ماتەمدان و لە بیانوون بۆ درێژکردنەوەی غەمگینی، کەچی ئێمە یەک ڕۆژ دوای یادی هەڵەبجە، ئەکەوینە ئامادەکاری بۆ جەوی نەورۆز!
هەر بەهۆی ئەوەشی کە ناوچەکانی سەرەوە، باراناوی و سەغییە، ئیتر پەیوەندی مرۆڤ و سروشت، هاوڕێیانەیەو دینە کۆنەکانی ئەوێ، لەسەر خۆشەویستی بۆ سروشت دامەزراون، نەک لەسەر ترس لە سروشت، بۆیە قوربانی و خوێنڕشتن و بەرتیلدانی بە ئاسمان کەمتر تێدایە. بەڵام بە هۆی سەختی سروشتەکەوە، دینەکانی خوارەوە، لەسەر ترس لە سروشت دامەزراون و مرۆڤیش خەریکی قوربانی و بەرتیل و ماستاوچێتییە بۆ خواکان.
هەر ئەو جیاوازی باران و بەرهەمەشە، هۆکاری ئەوەی، کە گەلانی خوارەوە چاوبرسین و کولتوری غەزویان هەیە، بەڵام گەلانی سەرەوە، زیاتر پارێزەری ماڵی خۆیانن نەک داگیرکەری ماڵی خەڵکی. باسەکە وا تێنەگەیت، کە کەفوکوڵی قەومییەو وەسفی کوردو زەمی خەڵکە، لەم ناوچەیە هەموومان هاوگەمژەین و ئەسڵەن ئێمە لێمان زیادەو بەشی ئەوانیش ئەدەین. بەڵکو باسەکە لەوێوە هات، کە هەشتی مارس چ عیلاقەی بە هەڵپەڕکێ و جلی کوردییەوە هەیە؟
سادەو ئایدۆلۆژییانە سەیریکەی، هیچ ڕەبتێکی نیە، بەڵام قووڵ و کولتوورییانە سەیریکەی، ڕەبتی هەیەو زۆریش. لە کۆمۆنیزم و فێمینیزمەوە سەیریکەی، ئەبێ لە هەشتی مارسدا، ژنی هەموو عالەم، بە یەک ئاواز و بە تووڕەیی، باسی کرێکارو سەرمایەداری و یەکسانی و ئەو شتانە بکەن، ئەوەش سروشتی ئایدۆلۆژیایە کە یەک-مەوجەو جیاوازی کولتوری نافامێ. بەڵام ئەگەر لە کولتورەوە سەیریکەی، هەمان شت بە وێنەی جیاوازەوە دەرئەکەوێ و هەر گەلێک ڕۆحی خۆی ئەکات بە بەریداو تەرجەمەکردنی کولتووریی و خۆماڵیکردنی دیاردەکان ڕووئەدا.
من زۆر جوانە بەلامەوە، کە هەشتی مارس، هەم وەکو نەورۆز، شێوازێکی ڕەنگین و شادی وەرگرتووە، هەم وەکو ڤالانتاینیش بووە بە ڕۆژی خۆشەویستی و گوڵی تێدا ئەبەخشرێتەوە. ئەوە دوو ئیزافەی فرە جوان و ژیانییە بۆ ڕۆژەکەو چی لەوە باشترە کە ساتەکانی شادی و خۆشەویستی زیاتر بکەین و بیانوی بۆ بدۆزینەوە؟
بەڵام تەرجەمە کولتوورییەکە، ئەبێ ئیزافەبێ بۆ ڕەهەندە فیکرییەکە، نەک ببێ بە بەدیل و بچێتە جێگای، ئیتر شتەکەش، تەنیا ڕووکەشێکی بێ فیکر بێت!
هەر خودی دەرکەوتنی ژنەکان، بە ڕەنگاڵەیی و بە شادی، مانادارترین دەرکەوتنە بەرامبەر بە خەیاڵی یەکڕەنگکردن و دژەژن و دژەجوانی و دژەشادی، کە هەر ئەوە بۆخۆی مانادارە،، بەڵام بەهێزکردنی بە فیکر، مانادارتری ئەکات. فیکر مەبەستم ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نیە، مەبەستم لە عەقڵێکی بیرکەرەوەیە کە پرسیارەکانی خۆی بکاو پاشکۆی فیکریی نەبێت. بۆ ئەوەشی بزانین کە بۆچی هەشتی مارس لە خەباتێکی چینایەتی و فێمینیستییەوە ئەبێتە شادییەکی کولتوری، ئەبێ بپرسین ئێمە کێین؟ ڕۆحی کولتووریی ئێمە چۆنەو شتەکان چی لێئەکات؟
بۆ نموونە، ڕۆحی جو، ڕۆحێکی غەمگینەو هەر لە حیکایەتی ستەمی فیرعەون و سەبی بابلەوە، ئەم غەمگینییەی هێناوە.. ئیتر ئەشتوانێ لە دەوری هۆڵۆکۆستێک کۆببێتەوەو دەوڵەتی پێ دروست بکات. هەواڵە ناخۆشەکە بۆ عەقڵی ناسیۆنالیستی کوردی ئەوەیە کە، ڕۆحی کورد شادەو حیکایەتی غەمگینی ناتوانێ کۆیبکاتەوە. ئەنفال بۆ کورد، هەرگیز ناتوانێ ببێتە هۆڵۆکست، ئەگەر تەنانەت دنیاش بە جینۆسایدی بناسێنێ! چونکە ئەسڵەن شتەکە پەیوەندی بە دانپیانانی ئەوانەوە نیە، پەیوەندی بە ناکۆکی شتەکەوە هەیە بە ڕۆحی کولتوریی خۆمان!
کورد ئەبێ خۆی بناسێ و لەسەر چیرۆکی تەریب بە ڕۆحی کولتوریی خۆی، کۆببێتەوە نەک لەسەر چیرۆکی ناکۆک و پێچەوانە بە ڕۆحی خۆی. بۆ ئێمە حەسەن زیرەک و حەمەی ماملێ، زۆر بەهێزترە لە حیکایەتی هەڵەبجەو ئەنفال و شەهیدسازی شۆڕشگێڕەکان، چونکە ڕۆحی چیایی ئێمە شادەو چیرۆکی غەمگین نامۆی ئەکاو ناتوانێ هێزی پێببەخشێ!
هەواڵەکەی تر ئەوەیە، ئێستا فۆڕمێکی دین هەڵکشاوە، کە لەسەر (ترس و غەمگینی و یەکڕەنگی) دامەزراوە، کە ئەوە تەواو ناکۆک و پێچەوانەیە بە ڕۆحی کولتووری ئێمە، کە ڕۆحێکی شادو ڕەنگاڵەیەو پەیوەندیشی لەگەڵ سروشت و ئاسمان، دۆستانەیە نەک ترسانە.
تۆ ئەتوانی، نۆزدەی سێ، لە هۆڵێکدا هەزار کچ ڕێکبخەیت و یەکڕەنگیان بکەیت، بەڵام بیستی سێ، هەر بە ئاسایی و بەبێ ڕێکخستن، هەزاران کچ ئەچنەوە سەر فرەڕەنگی و لە سایکۆلۆژیای ترسی ناو هۆڵەکانیشەوە، دێنەوە ناو شادییەکەی سروشت!
یەکێ لە هۆکارەکانی مانەوەی کوردو بەرگەگرتنی بۆ سڕینەوە کۆن و مۆدێرنەکان، ڕۆحە شادەکەیەتی. لات سەیر نەبێ "هەڵپەڕکێ" بۆ ئێمە، تەنانەت لە زمانیش گرنگترە. هێزی "خۆبوونی کورد" زیا لە هەرشتێکی تر، لە ڕۆحە شادەکەیدایە، بەڵام ئێستا مرۆڤی کورد نامۆ بووە، چونکە هەڵئەپەڕێ، بەڵام نازانێ بۆ هەڵئەپەڕێ!
ماویەتی