دادگا فیدراڵ بەتەمای چییە؟!

2 مانگ پێش ئێستا

لەوانەیە گرفت بۆ هەڵبژاردنی كوردستان درستبكات
سەرتیپ جەوهەر
سەرباری دواخستنی داوای تایبەت بە درێژكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ 29ی مانگ، بەڵام هەوڵێك هەیە بەرلەهەمواری یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن، دادگای فیدراڵ بەجۆرێك بڕیاربدات پەرلەمانی كوردستان روبەرووی ئاستەنگی بڕیاردان بكاتەوەو گرفت بۆ هەڵبژاردن دروست ببێت.
بەپێی زانیاریی سەرەتایی، دادگای فیدراڵ سەبارەت بەداوای پەرلەمانی كوردستان لەنێوان دوو ئەگەری زۆر پڕ ئاستەنگدایە. یەكەمیان؛ ئەگەر بڕیار بدات بەیاسایی بوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوا رێگەخۆش دەكات بۆ درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی عیراق لەداهاتوودا! كە ئەمە قبوڵكراو نییەو گرفتێكی گەورەیە، خۆی روبەرووی گرفت دەكاتەوە، بەتایبەت پێشتر دادگای فیدراڵ پێشینەی بڕیاردانی هەیە، لە 2021  دادگای فیدرال درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی بەنادەستوریی لەقەڵەمدا، بۆیە ناكرێت بڕیارێكی پێچەوانەی پێشینەی بڕیاری خۆی بدات.
 دوومیشیان ئەگەر بڕیار بدات بەنایاسایی بوونی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوا گرفت بۆ شەرعیەتی بڕیارو یاساكانی پەرلەمان دروستدەكات بەتایبەت یاسای هەڵبژاردنی كوردستان كە ئێستا خەریكە هەمواربكرێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژاردنی نوێ‌ بكرێت!  
جارێ‌ دیار نییە دادگای فیدراڵ چ بڕیارێك دەدات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵ ئەوەندەی بڕیارێكی سیاسی دەبێت ئەوەندە بڕیارێكی قانونی نابێت، 
هەموومان دەزانین درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم تەواو ناقانونییەو هیچ سەنەدێكی قانونیی نەبوو بەڵكو بەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتیی و گۆڕان كرا، بەڵام لەهەمووی خراپتر، فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی قەزا لەعیراق داردەست و پیاوی ئێرانە، بۆیە ترسی جددی هەیە دادگای فیدراڵ لەژێر كاریگەری دەستوەردانی ئیقلیمیی (وەك پێشتر كردویەتی) بڕیارێك بدات گرفت بۆ هەڵبژاردن لەهەرێم دروستبكات.