بۆ فیلمی The Whale گرنگە؟
3 مانگ پێش ئێستا
فیلمەکە لەدیمەنی سەرەتادا کاراکتەرێکی ناحەزمان پیشان ئەدات "کەسێکی یەکجار قەڵەو، لەماڵێکی شێواو و پیسدا، تەماشای دیمەنی پۆڕن ئەکات و توشی هەناسەسواری بوە" بەڵام بەدیمەنەکانی تر وردە وردە ڕامان ئەگۆڕێت و پێمان ئەڵێت ئەوەی دیمان هەموو دیوەکانی ئەم مرۆڤە نیە، مرۆڤ یەک دیو نیە.
لەناوەڕاستی فیلمەکەدا، بەهێمنی دەستبەرداری هەستی ناحەزی ئەبین و هاوسۆز ئەبین لەگەڵ مرۆڤێکی قەڵەو و ناساغدا، کەکێشی ناهێڵێت وەک پێویست بجوڵێت، بەڵام سەرباری ئەوە مامۆستایە و وانەی ژیان بەئۆنڵاین پێشکەش ئەکات و مەسجێکی هەیە.
دواتر کەئێمەش ناڕەحەت ئەبین لەگەڵ دۆخی تەندروستی و خەمەکانیدا، وردە وردە هەستی اعجاب و ڕێز دامان ئەگرێ، اعجاب بۆ مرۆڤێک کەبەشی کۆتایی ژیانی داناوە بۆ قەرەبوکردنەوەی هەڵەیەک کەلەبەشی یەکەمی ژیانیدا کردویەتی.
فیلمی نەهەنگ کەبەبودجەیەکی کەم "3 میلۆن دۆلار" و لەیەک ماڵدا دروستکراوە و دوو ئۆسکاری وەرگرت "بەنواندنەوە" شایەنی تەماشاکردن و لەسەروەستانە.
توانا عوسمان