ڕۆحی شادی - بەشی دووەم

3 مانگ پێش ئێستا

پەیكار عوسمان
وتمان کورد کائینێکی هەڵپەڕیوی نامۆیە، چونکە لە ڕۆحە کولتوورییەکەی خۆی پچڕاوەو نازانێ بۆ هەڵئەپەڕێ. ئەو چیرۆکی شاد بە ڕۆحی ئەخوات، کەچی بە چیرۆکی غەمگینی خۆی قان داوە. ئا لێرەدا حیزب و شۆڕشی ئێمە، شتێکی تەواو ناکوردییە، چونکە لەلایەک پشت بە خیتابی مەرگدۆستی و شەهیدسازی ئەبەستێ، لەلایەکیش گوندی کاولکرد، کە کلیلی پەیوەندی ئێمەو سروشتە. ئەو سروشتەی کە لە قووڵایی مێژوویەکی دووردا، ڕۆحە کولتوورییەکەی ئێمەی ئاوداو تەڕی کرد!
لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە، عیبارەتی (ڕۆحی شادبێ) لکاوە بە مەرگەوە، کە ئەوە ئینقیلابێکی زمانیی فرە خراپە، چونکە ڕۆحە شادەکەی کورد، پەیوەندی بە ئێستاو خودی ژیانەوە هەیە، نەک بە دوای مردنەوە. ئەو تەڕییەی لە شیعری مەولەوی و نالیدا هەیە، پێمان ئەڵێ، کولتوری ئێمە کولتوری دواخستنی شادی نیە. 
کولتووری ئێمە ئایدۆلۆژییانە نیەو لەسەر شادییەکی دواتر دانەمەزراوە، بەڵکو ژیانییەو پەیوەندییەکی ئێستایی مرۆڤ و سروشتەکەی بووە. دواخستنی شادی بۆ دوای مردن، یان بۆ دوای هەبوونی دەوڵەت، یان بۆ دوای نەمانی چینایەتی، یان بۆ دوای گەڕانەوەی خیلافەت، یان بۆ دوای ئەو دیموکراسییەی کە ئەمریکا بە سواری دەبابەوە بۆتی ئەهێنێ.. ئا ئەوانە فێڵی ئایدۆلۆژیاو حیکایەتی پێشخستنی مەرگە!  
سی ساڵە دەسەڵاتی کوردی، کار لەسەر بە عاشوراکردنی ئەنفال و بە شیعەکردنی میزاجی کوردی ئەکات، کەچی کورد هەر خەریکی هەڵپەڕکێ ی خۆیەتی، کە ئەوە وانەیەکی گەورەیە بۆ تێگەیشتن لە خۆ، ئەگەر بمانەوێ تێبگەین. بەڵام ئەو عاشوورا سیاسییە، کە پێچەوانەی شادییە کولتوورییەکەیە، کاریگەری خۆی هەبووەو ئێستا ئێمە، لە پارادۆکسی زەوقداین، شانزەی سێ گریانەو لە حەڤدەوە دەسئەکەینەوە بە هەڵپەڕکێ و جەو!
حیزب لە سێ جێگاوە لە ڕۆحی ئێمەی داوە، یەکەم مەعنەوی لە خیتابی مەرگسازییەوە. دووەم کرداریی لە گەندەڵی و ستەمکارییەوە. سێیەمیش لە نابووتکردنی گوندەوە، کە ئەمەی کۆتایی، تەنیا ڕەهەندی ئابووری و هاوسەنگی دانیشتوان و ئەو شتانەی نیە، بەڵکو بۆ ئێمە، ڕەهەندە کولتوورییەکەی زۆر گرنگترە! 
لەڕاستییدا بەرامبەر بەو داگیرکارییە کولتوورییانەی کە لە سەرمانە، شار بەرگەناگرێ، تەنیا گوند ئەتوانێ بەرامبەر سەلەفیەت و هەڵکەوتیزم و کاڵای تورکی و نیولیبرالیزم.. مرۆڤی کورد ڕاگرێ. ئێمە لە شاردا، کولتوورسازیمان نەکردوە، تەنیا قەرەباڵغییمان دروستکردوە، بۆیە شار ناتوانێ بەرگری کولتووری بکات!
هۆشیاری یەعنی زیاتر لە سروشت، ئەگەر تەنیا سروشت بەسبووایە، پشیلەیەک لە منو تۆ عاقڵتربوو، چونکە ئەو خودی سروشتە، بەڵام مرۆڤ سروشتەو تۆزێ ئەولاتریش. ئا ئەو تۆزە، موعجیزەی بوونە، چونکە لەوێدا پرسیار لە خودی بوونیش ئەکرێت. ئەو تۆزەیە کە کولتوور دروستئەکاو منیش لێرەدا "ژیانی کولتووری" وەکو پێچەوانەی "ژیانی سروشتی" بەکارناهێنم، بەڵکو مەبەستم ئەو ژیانەیە کە لە کارلێک و پەیوەندی بە سروشتەکەوە پەیدابووەو ڕەنگ و ڕۆحێکی تایبەتی دروستکردوە. 
من لە "گوند" مەبەستم لادێ نیە، مەبەستم دۆخی سروشتییش نیە بە مانا پشیلەیی و پێش عەقڵییەکەی، بەڵکو مەبەستم دۆخێکی کولتوورییە، کە لە پەیوەندی هەزاران ساڵەی ئێمەو ئەو سروشتەوە دروستبووەو کردوینی بەم میلەتەی کە جیایە لە میلەتێکی تر. 
ڕۆحی "ئیسلامێکی خۆماڵی" لە گوندە، چونکە لەوێدا ئێمە لەسەر زەمینەی کولتووریی خۆمانین، بەڵام لە شاردا بە ئیسلامیزم ئەدۆڕێین، چونکە لێرەدا لە ڕۆحی کولتووری خۆمان پچڕاوین. ئەخلاقی ئێمە لە گوندەو کورد لەوێ زیاتر بەخشندەو هاوکارە، بەڵام لە شاردا نازانێ وەکو پێویست ئەخلاقیی بێت و زیاتر تەماعکارو چاوچنۆکە! 
ئابووری کورد لە گوندەو لەوێ ئێمە سەربەست و بەرهەمدارین، بەڵام لە شاردا بەکاربەرو کۆیلەی موچەین. تەنانەت سیاسەتیشمان هەر لە گوندە، سەیرکە کورد لە شاخ، ئەوە ئەفامێ کە "سیاسەت" بەرپرسیارێتی گشتی و بەشداریی هەمووانە، بۆیە ئەنجومەنی گوندەکان دروستئەکات، بەڵام لە شاردا، سیاسەتی کوردی فاسدئەبێ و ئەبێتە هەرکەس بۆ خۆی! 
کاتێ مامۆستایەکی فەلسەفە، پایتەخت جێدێڵێ و لە خورماڵ ئەگیرسێتەوە، ئەو ڕووداوەش پێمان ئەڵێ، فەلسەفەی ئێمە لە گوندە، شارو زانکۆ تەنیا کاوێژی فەلسەفەی خەڵکی تری  تیائەکرێتەوە! فێمینیزمی کوردییش لە ڕێکخراوەکانی شارو شەڕە جێندەردا نیە، لە ژیانی تێکەڵ و هەرەوەزی گونددایە، لە شۆڕشی ژینادایە کە ژن و پیاو لە تەنیشتی یەکدا وەستان، هەر بەو جۆرە گوندییەی کە لەکاتی کشتوکاڵ و دروێنەدا لە تەنیشتی یەکدابوون و هێشتا "سەرمایەداری و ئیسلامیزم" ئەوانی نەکردبوو بە وەحشی سێکسی و بە دوو کائینی ترساو لە یەکتر!  
لێرەدا لە گوندو شار، مەبەستم سلێمانی و قەرەگۆل نیە، مەبەستم بوونی هۆشیارییەکە بە ڕۆحی کولتوریی، کە ئەشێ تۆ لە شاردا هەتبێ و لە گونددا نەتبێ یان بە پێچەوانەوە. لێرەشدا هەوڵەکانی (عیرفان مستەفاو ئۆجەلان و رێبوار سیوەیلی) جێگای ڕێزە، چونکە بۆ ئەو ڕۆحە کولتوورییە ئەگەڕێن و ئەیانەوێ کورد خۆی بناسێ و لەناوەوە ئیمکانی خۆی بهێنێتە دەرەوە، نەک ئەوەی لە یزم و هاوکێشەکان و پێدراوە دەرەکییەکاندا بۆ خۆی بگەڕێ، کە سەت ساڵە هەر ونتری ئەکەن! 
تێزەکەیان چیەو چەنێک بەرگەی ڕەخنە ئەگرێ، ئەوەیان شتێکی ترە.. ئەوەی کە بۆ من گرنگە دوو شتە: ئەوەیە کە بۆ ڕۆحی کولتووریی ئێمە ئەگەڕێن و لە شوێنێکی دروستیشا بۆی ئەگەڕێن، کە هەر ئێرەیەو دوورنەکەوتوونەتەوە لە خۆمان. عیرفان و ڕێبوار زیاتر کولتووریین، بۆیە ڕوونترن، بەڵام ئاپۆ زیاتر ئایدۆلۆژییە، ئیتر فیکرە کولتورییەکەشی ئەبێت بە ژێر تەپوتۆزی ئەنارکیزم و کۆمۆنیزم و ڕێکخستن و شۆرشەوەو سەرئەکێشێ بۆ ڕەچەتە نوسین، کە ئەوە ساتی ناشتنی فیکرە لە گۆڕی ئایدۆلۆژیادا.
ئەگەرچی هەرسێ دیدەکە، بڕێک شیعری و ڕۆمانسییە، بەڵام گەڕانە بۆ ئێمە، لە ناو خۆماندا. ڕێبوار ئەڵێ حەزارەتی کورد حەزارەتی ژینگەیە. عیرفان ئەڵێ کوردبوون سیستەمی جیاوازییە. ئۆجەلانیش شریتی مێژوو ئەگەڕێنێتەوە بۆ ساتێک، کە لەوێدا "ژن و کوردو سروشت" هەرسێکیان ئاشت و ئازادن. ئەگەر منیش ئیزافەیەکی بچوکی بۆ بکەم، ئەڵێم: کورد ڕۆحێکی شادەو ئایدۆلۆژیاو سیاسەت، فێڵی لێکردوەو پێ ی وتووە ڕزگاریی تۆ لە دواخستنی شادیدایە!
ئێمە یان بیر لەخۆمان ناکەینەوە، یان بیرکردنەوەی ئەوان لە خۆمان دووبارە ئەکەینەوە، یان بیرکردنەوەکە ئەخەینە بازنەی بچوکی ئایدۆلۆژی و نایەڵین گەورەببێ. بەرەکەتی زانست لە خۆبچوکردنەوەو پشکنینی بەشدایە، بەرەکەتی فیکر ئەوەیە کە بازنە لە دوای بازنە خۆی گەورە بکاو بڕوا بەرەو حەڵقە گەورەکانی مرۆڤ و ژینگەو گەردوون و بوون. مانگی سێ مانگێکی زۆر کوردییەو پڕە لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ئێمە، بۆیە بیرکردنەوەیەکی "بچوک" لە خۆمان، کە ڕەهەندی "گەورە"ی هەبێت، خراپ نیە. 
ماویەتی