پەیکەرتاشەکانی ستەمکار

3 مانگ پێش ئێستا

کاوە محەمەد
لەڕۆمای کۆندا ئیمپراتۆر ژمارەیەک پەیکەرتاشی هەبوە کە پەیکەری جیاجیایان بۆی داتاشیوە تا وێنەیەکی جوان‌و پێگەیەکی سەرو مرۆڤی پێبدەن‌و ستەم بەنرخی دادگەری بەخەلک بفرۆشنەوە.. بێگومان دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان بۆ ڕەواجدان بەدەسەڵاتە ناشیرین‌و بەدەکانیان، پێویستییان بەدەستەبژێرێکی (خوێندەوار) هەیە تا دزی‌و گەندەڵییەکانیان، بێ دادی‌و سەرکوتکاری‌و یاساشکێنییەکانییان بکەن بە(زەرورەتێکی نیشتیمانی)و وای نیشان بدەن کە ئەگەر ئەو دەسەڵات‌و دەسەڵاتدارە نەبێت، نیشتیمان لەناودەچێت‌و بنمیچەکەی بەسەر هەمواندا دەڕوخێت.

لەمێژوی تازەدا (پەیکەرتاشەکانی ئیمپراتۆر) هاوشێوەی ستەمکارەکان دەرس‌و پەند لەئەزمونی دەسەڵاتدارە شکستخواردوو و ڕوخاوەکانی مێژوو وەرناگرن‌و بەقەدەر ئەوان‌و بگرە زیاتریش بەرپرسیارێتیی داڕمانییەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ.

جولیان بیندا- Julian Beda) 10 ساڵ پێش هاتنە کایەی دەسەڵاتە سامناکەکەی ستالین‌و شەش ساڵیش پێش هاتنەسەر دەسەڵاتی هیتلەر، مەترسیی ئەوەی هەبوو کە ئەو نوسەرو ڕۆژنامەنوسانەی بونەتە  ئامرازی پیاهەڵدان بەهەندێ لەسیاسییەکان‌و کارو بڕیاروکانیان، هەندێ لەشارستانێتییەکان بەرەو کارەسات‌و هەڵدێر دەبەن.

ئەوەتا ئێمەی خەڵکی هەرێمیش لەسایەی دەسەڵاتدارە شکستخواردوەکان‌و ئەو دەستەبژێرە لەنوسەرو ڕۆژنامەنوس‌و مامۆستایانی زانکۆو ئایینی‌و چالاکوانانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی کە بونەتە پەیکەرتاشی ستەمکاران، لەدۆخێکدا دەژین کە ڕۆژ بەڕۆژ لەداڕمان‌و داڕوخانی هەرێم نزیک‌و نزیکترمان دەخەنەوە، کەچی سەرەڕای ئەوەو دوای ئەو هەموو ئاماژە ناوخۆیی‌و دەرەکییانەی شکستەکە، ئامادەنین دان بەهەڵەکانیان دابنێن‌و بە
درەنگیشەوە بێت هەوڵی رزگارکردنی هەرێمەکە بدەن..