بۆ وەزیری پەروەردە (سەرنج و پێشنیار)

6 مانگ پێش ئێستا

هیوا زێڕە
- ئامانجی پەروەردەی ئێمە چییە؟
- خوێندكار لەم ڕۆژگارەدا پێویستە فێری زانستێك چ ببێت؟
- كاتی گۆڕینی پڕۆگرامی كۆمپیوتەر نەهاتووە؟
- سەردەمی خوێندنی بابەتی كۆمپیتەر لە بەشەكانی كۆمپیتەر و ناساندنی بەرنامەكانی مایكرۆسۆفت وۆرد و ئێگزڵ تەواو نەبێت؟ 
- وانەیەك هەیە كاری لەسەر بكەین بۆ ئەوەی داهاتووی نەوەكانی دواڕۆژی لەسەر بنیاتبنێین؟ 
- كاتی ئەوە نییە ڕۆشنبیری بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا بچێتە ناو پڕۆگرانی خوێندنەوە؟

ئامانجی پەروەردە ئامادەكردنی تاكە بۆ ناو كۆمەڵگە و ژیان. تەكنەلۆژیا و میدیا لە ئێستەدا دنیایان تەنیوە، بە جۆرێك هیچ تاكێك نییە كە بەركەوتەی نەبێت و بەكاریهێنەریان نەبێت. هەڵبەتە تاكەكانی ئێمە هۆشیاری بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا شیان نییە چ جای بگاتە كاركردن لەسەر تەكنەلۆژیا! 

ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوەدەكەن لە دوای سەرهەڵدانی كۆڕۆناوە گەشەسەندنێكی گەورە لە بواری تەكنەلۆژیادا ڕوویدا بە جۆرێك تەكنەلۆژیا ڕیزبەندی دووەمی گرتووە لە ئاستی بازرگانی جیهانیدا لە دوای نەوت. لە ئێستە وڵاتە زلهێزەكانی جیهان دەكۆشن لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئاستی تەكنەلۆژی لە وڵاتەكانیاندا و لە سیستمی خوێندنی قوتابخانەكاندا جێگیریان كردووە و پڕۆگرامی تایبەتی بۆ ئامادەكراوە.

دیارترین ئەو وڵاتانەی كە گرنگییەكی زۆر بە بابەتی تەكنەلۆژیا دەدەن لە مەنهەجە فێركارییەكانی خوێندیاندا بریتین لە:  كۆریای باشور، ئیسڕائیل، سەنگافورە،ئەمریكا، ئەڵمانیا، یابان، مالیزیا، ڕوسیا، چین، سوید، بەریتانیا، نۆرویژ و هتد. بە جۆرێك دوای شەڕی ١٩٦٠ كۆریای باشور لە هەرە هەژارترین نەتەوەكان بوو، بەڵام ئێستە هەر كە باسی كۆریای باشور دەكرێت ڕاستەوخۆ خەیاڵت بۆ لای دوو شت دەچێت: موبایل و سەیارە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بینیمان دەستەیەكی باش لە گەنجانی هەرێمەكەمان كار لە بواری تەكنەلۆژیادا دەكەن، ئەمما دەستكەوتیشیان زۆر باش بووە، لە كاتێكدا لەوەیە باگراوەندێكی باشی مەعریفیان لە بوارەكەدا نەبوبێت، جگە لە ویست و ئارەزووی تاكەكەسیان كە خۆیان بونە هۆكاری فێركردنی خۆیان. بوونی بەشی كۆمپیوتەر لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا زامنی ئەو كارامەییەیان ناكات، لە كاتێكدا دەشێت فێرخواز كە لە ئاستی بەرایدایە وەكو دیڤڵۆپەر كار لە پڕۆگرامەكاندا بكات و ئاشنایان ببن.

ئەو پڕۆگرامەیەی كە ئێستە لە قوتابخانەكان دەخوێندرێت بە حكومی و تایبەتەوە زەمینەساز نییە بۆ بەرەوپێشبردنی توانستە زانستی و مەعریفەیەكانی خوێندكار، هاوكات دەروەستی توانای زۆرێك لە خوێندكاران ناكات، لە دیدی منەوە ئەم پڕۆگرامە بۆ ١٢ ساڵ بە لە ئێستە شیاو بوو، بەڵام ئێستە كاتی ئەوە نەماوە خوێندكار فێری دیسكتۆپ و بەشەكانی بكرێت. 

لەوە خراپتر سیستمی هەڵسەنگاندنە بۆ ئەم پڕۆگرامە كە بە تەواوی دژوەستاوی یەكترن، بە جۆرێك خوێندكار دەبێت پێناسەی بەشەكانی كۆمپیتەری لەبەر بێت و فرمانەكانیان بزانێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی فێربوونی خوێندكار لە كۆمپیوتەردا! بۆ هەڵسەنگاندنی كۆمپیوتەر تیۆری بێت؟
ئەمە وەكو ئەوە وایە من بە خوێندكارەكانم بڵێم فێری پایسكیل لێخوڕینتان دەكەم بەم جۆرە: پایسكیل لە تەنێكی ڕەقی شێوە ئاسۆیی پێكدێت، كە لە ڕێگەی دوو ویلی بازنەییەوە بە گۆشەی ٣٦٠ هاوسەنگ ڕادەوەستن كە یارمەتیدەرن لە وەگەڕخستنی ڕۆیشتنی پایسكیلەكەوە بە هاوكاری بزوێنەری پایسكیلەكەوە. ئەم پێناسەیەی من چەند هاوكاری خوێندكارێك دەكات بۆ فێربونی لێخوڕینی پایسكیل، هەڵسەنگاندنی 
وانەی كۆمپیوتەریش هەر ئەوەندە!

بە هۆی ئاشنابونی فێرخواز بە تەكنەلۆژیای سەردەمەوە بە هۆكاری زۆری بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەشێكی زۆر لە فێرخوازان ئاشنای دنیای تەكنەلۆژیا بوون، ئەمما ئێستە پێویستییان بە مامۆستا و ڕێبەرێكە كە هاوكارییان بكات لە بەكارهێنان و فێربوونی پڕۆگرامە سەردەمییەكان.

  ئەگەر ویستمان هەیە نەوەكانی داهاتوومان هاوتای نەوەی گەلانی تر بكەین و لەسەر ڕێچكەیەكی مۆدێرن ئاڕاستەیان بكەین بە ئامانجی درووستكردنێكی تاكێكی كاریگەر و سودمەند بۆ كۆمەڵگە، پێویستە دەروەستەی گۆڕانكاری بەردەوام و بەرۆكگیری نوێ ببین. پێشنیار بۆ بەڕێزتان دەكەم كە گرینگی ئەوتۆ بدەن بە تەكنەلۆژیا و دنیای ڕۆبۆتینگ ئەویش لە ڕێگەی: گۆڕینی پڕۆگرام، ڕاهێنانی مامۆستایان، دابینكردنی كەرەستەی بەردەست بۆ خوێندكاران.