ماڵی ئیبراهیمیی - بەشی چوارەم

2 مانگ پێش ئێستا

پەیكار عوسمان
وتمان پێشمەرجی بینین، ئەوەیە کە مەسافەیەک لەگەڵ شتەکەیا وەرگریت بۆئەوەی بتوانی بیبینیت.. جا فێڵێک کە بە درێژایی مێژووی ئەدیان، کاهینەکان کردویانەو نانەکەشیان لەسەر ئەوەیە، ئەوەیە کە لە ڕێگەی ترس و عاتیفەو کەشی سایکۆلۆژییەوە، نەیەڵن تۆ ئەو مەسافەیە وەرگریت و شتەکە ببینیت. خۆ بە وەرگرتنی ئەو مەسافەیە، خواو ئیمان هیچی لێ نایەت، بەڵام تیجارەتی دەجالەکان پوچەڵ ئەبێتەوە، چونکە تۆ هەر ئەونەی بتوانی شتێک بکەیت بە "مەوزوع"، یەعنی خۆت بوویتەتەوە بە "زات"، ئیتر لێخوڕینیشت ئاسان نابێت! 
خاڵی هاوبەشی هەموو حەرەکەتە دینی و نادینییە جەماعەتگەراکان، لێدانی فەردە، چونکە فەرد زاتی هەیەو ئەتوانێ پرسیاری مەوزوعی بکات. مرۆڤ کە زاتی خۆی ئەکتیڤ بوو، هەست بە کەرامەت و موکەڕەمیی خۆی ئەکاو ئیتر یەکێ لەو دۆخانەی کە پێی ڕازی نیە، وەڵامی ئامادەو دۆخی پاشکۆیەتییە، کە کۆی سیستەمی مێگەلایەتی لەسەر ئەوە وەستاوە!
فەرد تۆزێ لە "پرسیاری مەوزوعی" زیاتریش ئەڕواو ئەتوانێ "پرسیاری وجودی"شی هەبێت، بۆ ئەمەش پشت بە دەنگی دڵ و ڕۆحی خۆی ئەبەستێ، یەعنی "ناوچەی سەڵات" ئەدۆزێتەوە. ئەوێش نە حەرەکات و چپەچپە، نە بەرماڵ و پەرستگایە، ئەوێ قووڵایی ویژدانی خۆتە، ئەو شوێنەیە کە پێویستی بە وەعز نیەو خۆی ئەزانێ چی چاکە.  
تینوێتییەک لە ڕۆحی مرۆڤدا هەیە، لە کەشێکی زۆر تایبەتدا ئەشکێ، ئەو کەشەش ناوەکی و فەردییەو هەرچی داهێنانی ئاینی و عیرفانی و هونەری و فەلسەفییە لەوێدا ڕوویداوە. فێڵەکە ئەوەیە، ئەو کەشە فەردییە داهێنەرە، بکەیت بە کەشێکی سایکۆلۆژیی جەماعی، کە ئەمەیان نەزۆکەو بە درێژایی مێژوو، جگە ئیسغلاکردنی زۆرینەیەک لەلایەن کەمینەیەکەیەوە، هیچی تری بەرهەم نەهێناوە. ئا ئەوەش قێزەونترین داهێنانی مرۆڤە، کە لە کاهینەکانەوە داکەوتووەو دواتر سیاسییەکان هەڵیانگرتۆتەوە! 
کەشە جەماعییەکەی سەرەتا، پێویستی قۆناغەکە بووە، چونکە کۆمەڵگای سەرەتایی، تەنیا یەک دەزگای هەبووە کە پەرستگایە، ئیتر ڕێکخستنی کۆمەڵگاو ئیمان، یاخود موقەدەس و سیاسەت، هەر یەکێکەو جەماعیی بووە. بەڵام پێویستی کۆمەڵایەتی شتێکەو کەوشاندنی مرۆڤ شتێکی ترە، کە دواتر لە پشتی ڕێکخستنەوە ئەمەیان ڕوویداوە!
مرۆڤ کۆمەڵایەتییەو هەر داهێنانێکی فەردییش، دواتر هەر دێتەوە ناو کۆمەڵگاو دەسکاری ئەوێ ئەکات. پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە ئەزانین خەڵوەتی تاقە مرۆڤێک، قورئانێکی لێوە پەیدابوو، بەڵام نوێژی جەماعەتی هەزار ساڵی ئەو ملیارە بەشەرە، چی لێوە پەیدابووە؟! 
کاتێکیش کە جوابەکەی هیچە، ئیتر یەعنی فێڵێک کراوەو کەشێک گۆڕدراوە بە کەشێکی ترو هۆشیارییەکی ساختە خراوەتە جێگای هۆشیارییەکی ڕاستەقینە!
وەحی ئەو شتەیە کە هەرگیز بۆ جەماعەت نەهاتووەو ئەگەر لە دینەکاندا ساتێکی پیرۆز هەبێت، فەردییەو لە کەسی یەکەمدا ڕوویداوە، کەچی دواتر خودی دین، ئەکرێتە مەکینەیەکی گەورە بۆ کوشتنی فەردانیەتی ئینسانەکان. لێرەشەوە ئیتر ئەو ساتە ڕووناکەی کە لە تاقە کەسێکدا ڕوویدا، بە ملیارێک بەشەر ناتوانن ساتێکی وا بخولقێنن، ئەم نەتوانینەش ئەدەنە پاڵ خوا، گوایە ساتەکەی یەکەم پەیوەندی بە ڕامانی مرۆڤێکەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە ئارەزووی خوایەکی میزاجییەوە هەیە کە عەقڵی ئەوی گرتووەو کەسێکی تری نەگرتووە!
خودی پێغەمبەرایەتی لەو ساتەدا ڕوویداوە، کە مەزهەب و پەرستگاو جەماعەت و شەعائیر و شوناس و ڕووکەش، بوونی نیەو کەسەکە تەواو بەری و ئازادە لەو شتانە، کەچی دواتر ئەو شتانە، ئینقیلاب ئەکەن بەسەر ئەو کەشەدا کە وەحی تیادا ڕووئەدات! 
مێگەلگەرایی، کفرە بە خودی نبووەت، چونکە نبووەت لە فەرددا ڕوویداوەو شوێنی نیشتنەوەی وەحی، جیهانی ناوەکی مرۆڤێک بووە، نەک کەشە سایکۆلۆژییەکانی جەماعەت. 
کاری هۆشیاریی هەر ئەوەیە کە مرۆڤ، پرسیاری گشتی هەبێ و شتە جەماعییەکان بخاتە ژێر پرسارەوە. کاتێ کە مرۆڤ ئەمە ئەکات، جوڵەی گەورە رووئەداو کاتێ کە ئەوە ناکات، چەقینی گەورە ڕووئەدات. مارکس تاقە نەفەرێکە، کاتێ کە پرسیاری گەورە ئەکات، جیهانێک ئەجوڵێنێ، بەڵام کاتێ کە مارکسییەت ئەبێتە مێگەلی مرۆڤە کۆپییەکان، ئیتر چەقینێکی گەورە ڕووئەدات!
هیدایەتی مرۆڤی موسوڵمان، لەوێوە دەست پێئەکات، کە ئەوەی لە دینەکەتدا جەماعییە، بیخەیتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەش لەبەر ئەوەنا کە لەودنیا حساب و کتاب فەردییە، بەڵکو لەبەرئەوەی کە لەمدنیا مێگەلاندن جەماعییەو تۆ لەوێوە لێئەخوڕدرێیت. 
کاتێکیش کە هۆشیاری فەردی دروست ئەبێت، بەرەڵایی و خۆپەرستی ڕوونادا، بەڵکو هۆشیاریی بە "بەرپرسیارێتی گشتی" بەرزئەبێتەوە، لەکاتێکا هەمان هۆشیاریی لە مێگەلگەراییدا هەمیشە نزم و نزیک بە سفرە. مەسەلەن بۆ ساتێک سیستەمێکی دیکتاتۆریی بەرەڵاکە، خەڵکەکەی یەکسەر لە تاڵانییەوە دەست پێئەکەن، چونکە مێگەل بەرپرسیارێتی گشتی نافامێ. بەڵام چوارجار حکومەتێکی دیموکرات هەڵوەشێنە، ڕەنگە تاڵانییەک ڕوونەدات، چونکە لەوێدا کە فەرد تەحقیقی زاتی کردوە، ئیتر هۆشیاری گشتییش دروستبووە. 
هەر لێرەوەیە کە "کۆتایی مێژوو" لای هیگڵ، شتێکی تەسک و ئایدۆلۆژی نیە، بەڵکو شتێکی عەقڵییە. کۆتاییەکە "دەوڵەت" نیە، بەڵکو ئینسانێکی ئازادە کە تەحقیقی زاتی کردووەو خودی دەوڵەتیش بۆ ئەوەیە کە ئەو کەشە بڕەخسێنێ!
ئەو مرۆڤەی کە هۆشیارییەکەی لەناو خۆیدایە، فەزیلەتی گشتییشی بۆ دروست ئەبێت، بەڵام ئەو مقەبایەی کە خودێکی نیەو بوونی لەناو شتێکی تردایە، ئیتر فەزیلەتی ناوەکی نیە، بەڵکو قورمیشی دەرەکیی هەیە. ئیتر ئاسانیش ئەخزێ بۆ نائەخلاقییەت، چونکە ئەو فلتەرە ناوەکییەی کە لەوە ئەیپارێزێ، ئەو نیەتی و هەموو عەقڵ و ویژدانی خۆی خستۆتە قوماری قورمیشەکەوە. 
ئەو هەموو تاوانەی مێژوو، کە بەناوی خواو نەتەوەو شۆڕشەوە.. کراوە، لە قورمیشەوە کراوە. لەوێوە ڕوویداوە کە مرۆڤ خۆی بە مێگەل دۆڕاندوە!
شکۆی فەرد، لە عیرفاندا ئەگاتە لوتکە، عیرفان تا ئەوێ ئەڕوا کە بڵێ، گەردوون لەناو تۆدایە نەک ئەوەی تۆ لەناو گەردووندابیت. یاخود ئەڵێ، خودو خوداو بوون هەر یەکێکەو خواناسییش ئەکەوێتە ناو خۆناسییەوە، نەکئەوەی بکەوێتە ناو مێگەل و دەمارگیرییە جەماعییەکانەوە. 
ئەو خۆیەش کە عیرفان باسی ئەکات، نەک خۆپەرست نیە، بەڵکو لوتکەی فەناو خۆنەوستی لەوێدا ڕووئەداو دواجار دڵۆپەکان نامێنن و ئەبنەوە بە دەریاکە. 
قورئانیش ئەڵێ ئیبراهیم ئومەتە، بەو مانایە نا کە شوێنەکەوتەو تەنزیماتی هەبێ، بەو مانایەی کە مرۆڤێکە بیرئەکاتەوەو پرسیاری هەیە. ئیبراهیم نە شوێنکەوتەیەو دوای کەس کەوتووە، نە شوێنکەوتەی هەیەو کەس دوای کەوتووە. ئەو بەوە ئومەتە، کە پرسیاری هەیەو ئیمکانە ناوەکییەکانی خۆی ئەکتیڤ کردوە، کەچی دین یەکسانکراوە بە شوێنەکەوتەیی و بە بێ پرسیاریی!     
ئازادترین شوێنی ئەم دنیایە بۆ ئیسلامییەکان، غەرب و وڵاتە علمانییەکانە، کەچی هەر جنوێشیان پێ ئەدەن، ئەزانی بۆ؟ چونکە لەوێدا تاک سەروەرەو تۆ ئازادی لەوەی موسوڵمانبیت و تەنانەت سەلەفی و توندڕەویش بێت، بەڵام ئەوان ئەیانەوێ جەماعەت سەروەربێ و تۆ ناچاربی وابیت نەک ئازادانە وابیت، چونکە ئەگەر ئازادانە وابیت، ئیتر تۆ تەحقیقی زاتت کردوەو ئەشتوانی وانەبیت، ئەوانیش نایانەوێ ئەو ئەگەرەی دووەمت هەبێت!
ئەگەر نبووەت و عیرفان و فەلسەفەو هونەر، نمونە تاکوتەراکانی تەحقیقی زات بن، "ڕۆشنگەریی و مۆدێرنە" نمونە گشتی و دەزگاییەکەیەتی، کە لێرەدا ئیتر فۆڕمی ڕەعییەت و شوان تێئەپەڕێنرێ و یاساکان و پەروەردەو سیاسەت و دەوڵەت، بەو ئاڕاستەیەدا ئەڕۆن، کە مرۆڤ تیایدا سەنتەربێت و ئیتر لەبری "سێبەری خوا" کە تەنیا یەک کەسەو هەر پاشاکە خۆیەتی، مافی مرۆڤ و ئازادی و یەکسانی هەمووان دەستپێئەکات. 
ئەوانەی ئەیانەوێ ناوچەی تەحقیقی زات داگیربکەن، هەرگیز خوا بۆ ئەوە تەوفیقیان نادات، چونکە خوا خۆی، لە تەحقیقی زاتی ئینساندا تەجەلی ئەکات نەک لە قەرەباڵغی مێگەلەکاندا. خوا ئەگەر تەجەلیاتی سیاسیی هەبێت، لە عەدالەتدا دەرئەکەوێ، نەک لە سەپاندنی ئەم ڕەنگ و ئەو ئایدۆلۆژیادا. خوا چەنێک تەوفیقی فاشیزم و نازیزیم و کۆمۆنیزمی دا بۆ یەکڕەنگکردنی دنیا، هەر ئەونەش تەوفیقی ئیسلامیزم ئەدا بۆ بۆیاخکردنی کۆمەڵگا کۆڵەوارەکەی ئێمە. 
کۆمەڵگا یەعنی هاوبەشی و ئەمە زۆر گرنگە، بەڵام لەولاوە زۆڵێتی ئیستغلالکردنی هاوبەشییەکانیش بوونی هەیە، کە دوکانە قەومی و دینی و سیاسییەکانی لەسەر دامەزراوە. کاری عەقڵ ئەوەنیە کە بڵێ هاوبەشی بوونی نیەو کۆمەڵگا ئیلغابکاتەوە، کاری عەقڵ ئەوەیە کە بڵێ هاوبەشی ناکاتە "مێگەل"و کۆمەڵگاش ناکاتە ئیلغاکردنەوەی ئینسان، بەڵکو کۆمەڵگای ڕاستەقینە، بریتییە لە فەزای تەحقیقی زاتی ئینسانەکان.
زانایەک فەیلەسوفێک حەکیمێک داهێنەرێک.. هەر یەکێ لەمانە بۆخۆی جیهانێکە، بە زمانی قورئان ئومەتێکە. نیوتن ئومەتێکە، بتهۆڤن ئومەتێکە، ابن سینا ئومەتێکە، کانت ئومەتێکە.. ئەی بۆچی زانست و داهێنانی گەورە، لەم ناوچەیەدا وشکی کردوە؟ زۆر بە سادەیی، چونکە فیکرەی ئومەت، لە فەردەوە ئینقیلابی پێکرا بۆ جەماعەت، ئیتر ئێمەش لە بری ئەوەی زاناو فەیلەسوفمان تیاهەڵکەوێ، زاوزێمان زیادی کرد! 
لەم دەڤەرە، هاوپەیمانێتی خێڵ و دین و سیاسەت، نایەڵن مرۆڤەکان تەحقیقی زات بکەن و ببن بە ئومەت و جیهانەکەی ناوەوەیان بهێننە دەرەوە. بەڵکو هێرشێکی چڕی دەرەکیی، خەریکی سەرکوتکردنی جیهانە ناوەکییەکەی مرۆڤە، ئیتر ئیبراهیمە فیکری و زانستییەکان پەیدا نابن و ئەبن بە ژێر لافاوی حیزب و وەعزو پۆپۆلیزم و گەشەپێدانی مرۆیی و ئیزدیحامی ڕاگەیاندنەوە!
ئومەتی جەماعی لە ئومەتە فەردییەکەوە دروست ئەبێت، چەنێک ئومەتە کۆییەکە، بە ئومەتە فەردییەکان خۆی ئەپدەیت و تازەبکاتەوە، ئەونە کۆمەڵگا ئەدرەوشێتەوە، چەنێکیش ئومەتە گەورەکە ئومەتە بچوکەکان بخنکێنێ، ئەونە تاریک دادێین.  
مەسەلەکە دژایەتی سیاسەت نیە، بەڵکو دژایەتی ئەو فۆڕمانەی سیاسەتە کە لەسەر مێگەلاندن و لێدانی تەحقیقی زات دامەزراون. مەسەلەکە دژایەتی کۆمەڵگاو نەریت نیە، بەڵکو کردنی کۆمەڵگایە بە شوێنی تەحقیقی زات. مەسەلەکە دژایەتی ئاین نیە، بەڵکو شکاندنی بتی ئەو فۆڕمانەی ئاینە، کە نایەڵن تۆ لە خودی خۆتدا ببیت بە ئومەت و وائەزانن ئومەت مێگەلی مرۆڤە کۆپییەکانە!  


ماویەتی