سەبارەت بە فیلمی؛ Supercell

4 مانگ پێش ئێستا

کاتێک (گیا),لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە!
فیلمێکـی خانەوادەیی، فیلمێک سەرەڕای ئەوەی ڕوداوەکانی تەواو وابەستەیە بە ڕوداوی (سروشتی - ژینگەوە)، بەڵام بەشێکی وەک ھۆشیارکردنەوە و وەرگرتنی زانیاری نوێیە سەبارەت بە دەرکردن و زانینی یەکێک لە ھەرە دیارە سروشتیە نامۆ و کەموێنە و مەترسیدارەکان کە لە کاتی ڕودانیدا دەبێتە ھۆکارێکی پڕ مەترسی بە زیانپێگەیاندن بە مرۆڤ و ژینگە و دەوروبەر بەگشتی.
بە زمانێکی ئێجگار سادە، باس لە کرۆکی ئەم فیلمە دەکەم؛
فیلمی (Supercell)، بەرھەمی ساڵی(٢٠٢٣)ە، کە باس لە ڕودانی دیاردەیەکی سروشتی زۆر ترسناکی ژینگەیی دەکات بە ناوی (سۆپەرسێڵ)ەوە، کە بەھۆیەوە کارەساتی زۆر ترسناکی گیانی و ماددی لێدەکەوێتەوە.
مێردمنداڵێکی ١٦ ساڵان، گەرچی باوکی قوربانی دیاردەی سروشتی - (سوپەرسێڵ- Supercell)ە، بەڵام دەیەوێت ھەمان ڕێگەی باوکی بگرێتەبەر، تاوەکو یەکەم شانازی بە باوکییەوە بکات و پاشان لە نھێنی ئەو کارەیش تێبگات کە باوکی ئەنجامیداوە.
ئەم مێردمنداڵە ١٦ ساڵە، ھێشتا ئازاری لە دەستدانی باوکی لە یاد نەکردەوە کە (١٠)ساڵ، لەوەوپێش بەھۆی دیاردە و کارەساتی سروشتی (ھەوری سوپەرسێڵ)ەوە، گیانی لە دەستداوە.
بێگومان باوکی لە ماوەی ڕابردودا یەکێک بوە لە کەسە شارەزا و زیرەکانی بواری کەشناسی، کە بێ خوێندن و ھەبونی بڕوانامە نازناوی (ڕاوچی گەردەلول)ی وەرگرتوە، ھەربۆیە پاش مەرگییشی پێگە و ناوی، بۆتە ناوێکی دیار و ناسراو لە نێو خەڵکیدا کە دواجار، وەک شانازییەکیش بۆ کوڕەکەی ماوەتەوە، تەنانەت بەھۆیەوە تیمی (بێڵ برۆدی)یان، دەمەزراندوە.
بێڵ برۆدی، لە ڕابرودا، کاتێک کوڕە تاقانەکەی شەش ساڵان بو، بە ئەشق و تەشویەوە وەسفی جوانی دیاردەی (ھەوری سوپەرسێڵ)ی، بۆ دەکات بەوەی ئەو دیاردەیە ھەر چەند ساڵ جارێک ڕودەدات، ھەر ئەمەیش ھۆکارە کە دواتر کوڕەکەی شوێنپێی باوکی لە بواری زانینی کەشوھەوا و گۆڕانکارییە ژینگەییان بگرێتەوە بەر.
بەڵام پاش دە ساڵ، کوڕەکەی، بەھۆی برینی ساڕێژنەبوی مردنی باوکییەوە، عەشقێکی سەرکێشی و یاخیبون لە ناخیدا دروست دەبێت، کە بە ھۆەوە یبە ھەمان ڕێچکەی باوکی دەگرێت و شوێن نھێنیەکانی پشت ڕودانی دیاردەی سوپەرسێڵ دەکەوێت... بەڵام دواتر خودی خۆی و خانەوادەکەی ڕوبەڕوی ھەمان مەترسی دەبنەوە کە ئیدی دەربازبون لێی دەبێتە کردەیەکی ئەستەم و نەکردە.
بێگومان ئەم فیلمە، ناو لێنانێم شاکار و ناوازە، بەڵکو ناوی دەنێم؛ فیلمێکی زۆر بەسود و جوان بەوەی بینەر دەرکی مەترسییەکانی دیاردە سروشتیەکان بکات و لانیکەم بە جۆرێک لە لە جۆرەکان لە کاتی ڕودانیدا بتوانێت خۆی لێی دەرباز بکات.
(دیاردەی سوپەرسێڵ چییە)؟
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دیاردەیەکی سروشتیە زیاتر لەو ناوچانەدا ڕودەدەن کە دەکەونە سەر ھێڵەگەرمەکان، ئەوەیش لە ئەنجامی کۆبونەوەی ھەورێکی چڕی تا ڕادەیەک ڕەنگتاریک و ڕەنگخۆڵەمێشی و بروسکەداری ترسناک، کە ئەوەیش لە ئەنجامی ھەبونی (ھەوایەکی سارد) لە چینەکانیی سەرەوە و ھەروەھا (ھەوایەکی گەرم)ی چینی خوارووە، کە لە کەشێکی زۆر سارد و گەرمییەکی (شێیاوی - شێدار)دا، دروستدەبێت. بە جۆرێک ھەنگاو بە ھەنگاو لە بەرزییەوە بەرەو نزمبونەوە ھەنگاو دەنێت و پاشانیش شێوەی ھەورەکە ھاوشێوەی فۆڕمێکی لولەکی و قوچەکی و نوکتیژ شۆڕدەبێتەوە - کە بە (تۆڕنادۆ) ناودەبرێت. ئیدی لەوە و دواییش بارانێکی بەخوڕ و بە پڕتاو دروستدەکات و تەنانەت شێوەی دەنکەباران و دڵۆپەبارانەکان بەرەو حەجمێکی گەورەتر دەچن، کە لە سەرو حەجمی دڵۆپەی بارانی تەرزەوە حسابی لەسەر دەکرێت لە کاتێکدا بەر ھەر تەن و شت و مرۆڤێک بکەێت زیانی گەورەی ماددی و گیانی لێدەدات.
شـادمان محـەمـەد