ئیسلام و موسڵمان و ئیسلامیی
4 مانگ پێش ئێستا
جیاوازییەکان بە زمانێکی سادە و بەکورتی.
ئیسلام، دینە، کە لە دایکم دەپرسی و دەمگۆت دایە ئیسلام چیە؟ دەیگۆ کوڕم ئیسلام یەعنی دینی محەمەدی. پێموایە ئەو پێناسە سادەیە کافیە بۆ ناساندنی ئیسلام.
موسڵمان، واتە کەسێکی باوەڕدار بە دینی ئیسلام. لەو سێ زاراوەیە موسڵمان لە ھەمووان ئاسانترە پێناسەکردنی.
ئیسلامیی، واتە کەسێک کە ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی لە دینی ئیسلام ھەڵدەھێنجێت. ئەو ئایدیۆلۆجیایە بەگشتی وەک ئیسلامیزم، یان ئیسلامی سیاسی، ناودەبرێت و ناسراوە. وشەی ئیسلامیی، بە دوو "ی" لەنێو نووسینی کوردیدا نوێیە، تەمەنی لە چل ساڵ تێپەڕناکات.
ھیچ موسڵمانێکی کورد نیە نە ئەمڕۆ نە لە مێژووی زمانی کوردی بەخۆی گوتبێت، یان پێیگوترابێت، ئیسلامیی. ئەوە ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانن کە پێیاندەگوترێت ئیسلامیی. تێکەڵکردنی ئەم دوو تێرمە، مەبەستدارە، ئیسلامییەکان بە ئانقەست تێکەڵی دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە پەنای موسڵمانان حەشاردەن، بۆ ئەوەی موسڵمان و ئیسلامیی لێکنەکرێنەوە.
من کتێبێکم بەناوی بەسیاسییکردنی ئیسلام نووسیوە، تا ئێستا دوو چاپی بڵاوبۆتەوە. تەواوی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ جیاکردنەوەی ئیسلام لەگەڵ ئیسلامیزم. لەوێدا من پێداگری لەسەر ئەوە دەکەم کە ئیسلام دینە و ئیسلامیزم، ئیسلامی سیاسی، ئایدیۆلۆجیایە. ھاوکات بەدرێژی باس لەوە دەکەم کە چۆن دینی ئیسلام لەلایەن ئیسلامییەکان، نەک موسڵمانان، لە پڕۆسەیەکی مێژوویی، سیاسی، ئابوری، بەسیاسییکراوە. بێجگە لەوە باس لە ھۆکارەکانی پشت بەسیاسیکردنی ئیسلام دەکەم. لەوەش گرنگتر، تەواوی ئەو جەدەل و بەڵگە و فاکتەرەرانەی ئیسلامییەکانی وەک سەید قوتب و قەرەزاوی و مەودودی بەکاریدێنن بۆ بەسیاسییکردنی ئیسلام بنکۆڵدەکەم و بێبنەمایان دەکەم.
ئەوانەی ئیسلامیی و موسڵمان لێکجیاناکەنەوە ڕاستناکەن، نەک لەگەڵ خۆیان لەگەڵ خواکەشیان ڕاستگۆ نین.
د. شێركۆ كرمانج