ھەست بە ماندوو بوون دەکەیت لە قاچەکانتدا؟
4 مانگ پێش ئێستا
ھۆکار و چارەسەری بزانە .
ھۆکار زۆرە کە ماندووبوون دروست دەکات لە قاچدا، کەلەوانەیە ئازار و گرژی و کزانەوەی لەگەڵدا بێت یاخود نا.
ھەستکردن بە ماندووبوون مەرج نیە نەخۆشی بێت، بەڵام گرنگە کە گرنگی بەجەستەمان بدەین، کاتێک ھەست بەماندووبوون دەکەین.
گرنگترین ھۆکارەکانی :
١- بەکارھێنانی زۆر و خراپ بەکارھێنان: بەتایبەت ئەو کەسانەی کەپێشتر کەمتر بەکاریان ھێناوە ، وەگرنگە کە بەکارھێنانی بەپێی توانای جەستەی خۆت بێت.
٢- کەم بەکارھێنان : ئەمیش ھۆکارێکە بۆ ماندووبوون، بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەکی زۆر دادەنیشن یاخود پاڵ دەکەون.
٣- گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ: کەئەمیش دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە ماندوویەتی، پێویستە لەو کاتەدا پشووی تەواو بە قاچەکان بدرێت ھەتا نیشانەکان نامێنن.
٤- کەمی پۆتاسێۆم : کاتێک ڕێژەی پۆتاسێۆم کەمدەبێت لەلەشدا، لەوانەیە ئەم نیشانانەی تریشی لەگەڵدا بێت :
--- بێتاقەتی
--- بێھێزی
---گرژی قاچەکان
--- قەبزی
٤- دەوالی : کاتێک خوێنھێنەرەکان بەباشی کارناکەن، خوێن تیایاندا کۆدەبێتەوە، خوێنھێنەرەکان گەورە دەبن و دەئاوسێن.
٥- کەمبوونەوەی سوڕی خوێن بۆ قاچەکان : لەم حاڵەتەدا خوێن بەباشی ناتوانێت بگواسترێتەوە بۆ پەلەکانی خوارەوەو گەڕانەوەی خوێنیش بەباشی نابێت بەرەو دڵ بۆیە ھەڵئاوسان دروست دەبت لە قاچ و پێی و قولەپێدا.
٦- دوو گیانی : کە ھەڵئاوسان و ماندووبوون بەھۆی ئەم ھۆکارانە دەبێت :
--- گۆڕان لە ھۆرمۆندا.
--- کوبوونەوەی شلە و ئاو لەخانەکاندا .
--- زیادبوونی فشاری سەر خوێنھێنەرەکان.
٧- نەخۆشی (MS):
قورسبوون و ماندووبوونی قاچەکان یەکێکە لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، دیاریکردنی ئەم نەخۆشییە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت.
چۆن چارەسەری ماندووبوونی قاچەکانم بکەم ؟
١- شانەکردنی وشک : ئەمیش بە فڵچەی تایبەت دەکرێت، کەیارمەتی چالاک کردنی سوڕی خوێن دەدات، سوڕی لیمف چالاک دەکات، وزەی زیاتر دەدات بەقاچەکان ، جگە لەوەی خانەکانی پێست تازەدەکاتەوە. شانەیەک بەکاربھێنە یاخود فڵچەیەک کەدانەکانی سروشتی بن و ڕەق نەبن، لە پێیەکانتەوە دەست پێبکەو بەرەو قاچ و بەرەو دڵ، ئەمە بۆ ماوەی (١٠-١٥)خولەک بکە پێش حەمامێکی سارد.
٢- حەمامی گەرم : چوونە ناو حەمامی گەرم یارمەتی خاوبوونەوەو ڕیلاکسەیشن دەدات، سوڕی خوێن چالاک دەکات، دەتوانیت ٢ کوپ خوێی ئینگلیزی " خوێی دەریا" یاخود سۆدەی نان بکەیتە تەشتی حەمام یاخود بانێۆکەوە بۆ ماوەی بیست خولەک .
٣- حەمامی قاچ : شوشتنی قاچەکان یارمەتی پشوودانی قاچەکان دەدات بە کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان و ھەوکردن. باشترە تەشتێک یاخود سەتڵێک ئاوی شلەتێن بێنیت و یەک کوپ سرکە یاخود خوێی زبری تێبکەیت و بۆ ماوەی بیست خولەک قاچەکانتی تێبکەیت.
٤- سرکەی سێو : ھەندێک لەتوێژینەوەکان دەڵێن، چەورکردنی قاچەکان بەسرکەی سێو نیشانەکانی دەوالی کەمدەکاتەوە، وەکو گرژبوون و ئازار و ماندووبوون.
٥- ڕێگای ڕایس (RICE):
R : پشوودان بە قاچەکان
I : ئایس بە واتای دانانی سەھۆڵ لەسەر قاچەکان
C : کۆمپرێشن بەمانای بەستنی قاچەکان بە سپلینتی تایبەت یاخود بە باندج
E : ئیلیڤەیشن بە مانای بەرزکردنەوەی قاچەکان ، دانانی .
لەسەر گۆشە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و ناڕەحەتی.
٦- مەساجکردن و شێلان.
٧- وەرزشی ئاسان و سادە : ھەندێک وەرزشی ئاسان یارمەتی کەمکردنەوەی ماندووبوونی قاچەکان دەدەن، بۆنموونە :
--- دانانی تۆپێکی تێنس لەژێر پێیەکاندا و جوڵاندنی
--- قولەپێت بجوڵێنە بەشێوەی میللی کاتژمێر، یان ھەوڵبدە لەسەر زەوییەکە بازنەیەک بکێشیت. دەتوانیت ئەم وەرزشە بکەیت لە کاتێکدا دانیشتویت یان بەسەر پێوەیت.
--- قاچەکانت بەرزبکەرەوە یاخود سکوات ئەنجامبدە
--- کاتێک بەسەر پێوەیت ھەوڵ بدە لاسەر پەنجەی پێیەکانت خۆت بەرزبکەیتەوەو دووبارە پێیەکانت دابەزێنیتەوە بۆ زەوی .
ھەرشاد و تەندروست بن
د. ھەڤین کەمال شا محەمەد
پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج
ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن .