شیعر و شۆڕش و مەی
4 مانگ پێش ئێستا
حەمەسەعید حەسەن
کە ئەنتۆلۆجیای شیعری عێراقی بڵاو دەبێتەوە، ناوی ئەوی تێدا نییە، کە لێکۆڵینەوە لەسەر شیعری عێراقی دەکرێت، باسێک لە شیعری ئەو نییە، تەنانەت لە ڕۆژنامەگەریی عێراقیشدا بە گوتارێک، یان هیچ نەبێت، بە ستوونێک شیعری ئەو بەسەر ناکرێتەوە، هەرچەندە ناوبانگی بە دونیادا بڵاو بووەتەوە. لەو بارەیەوە خۆی دەڵێت: (ئەوەم بەلاوە گرینگ نییە، ڕەخنەی ئەدەبی منی فەرامۆش کردووە، ئەوەم پێ گرینگە دەست بە نووسینی شیعرێکی تازە بکەم. دەزانم فەرامۆشکردنی من، زادەی ترسە لە فەرمانڕەوایانی عەرەب)
دوای کوودەتاکەی بەعس لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا، چونکە ترسی ئەوەی دەبێت دەستگیر بکرێت، بە ئومێدی گەییشتن بە یەکیەتیی سۆڤیەت، بەرەو ئێران هەڵدێت، لەوێ ساواک دەیگرن و دەیدەنەوە دەست ئاسایشی عێراق. بە لە سێدارەدان سزا دەدرێت، بەڵام بە هەوڵی کەسوکاری، سزاکەی بۆ سووک دەکرێت، لە زیندانی نوگرە سەلمانەوە بۆ زیندانی حیللە دەگوێزرێتەوە، لەوێ ١٩٦٧ لەڕێی تونێلێکەوە کە لەگەڵ هاوڕێ کۆمۆنیستەکانیدا، لێی دەدەن، لە زیندان هەڵدێت.
بەشێوەیەکی ئاسایی عێراق جێ دەهێڵێت، ئاخر کە ١٩٦٩ لێبوردن بۆ ئۆپۆزیسیۆن دەردەچێت، لەڕێی عەلی ساڵح ئەلسەعدییەوە کە یەکێک دەبێت لە سەرانی بەعس، سەددام حوسەین دەبینێت، داوای لێ دەکات، پاسپۆرتێکی بدەنێ تا بچێت بۆ بەیرووت، سەرپەرشتی لە چاپدانی دیوانەکەی بکات. سەددام هەم پاسپۆرتی بۆ جێبەجێ دەکات و هەم دەمانچەیەکیشی بە دیاری پێشکەش دەکات، پاسپۆرتەکە وەردەگرێت و بە ئەدەبەوە دەمانچەکە ڕەت دەکاتەوە.(*) موزەففەر نەوواب (١٩٣٤ - ٢٠٢٢) کە ١٩٦٩ بەو پاسپۆرتە سەفەر دەکات، ئایاری ٢٠١١ لەسەر داوای مام جەلال کە سەرۆکی کۆماری عێراق دەبێت، دەگەڕێتەوە.
وەک چۆن دوور لە وەتەن
وێڵم
لە وەتەنیشدا هەر وێڵ بووم
خۆشەویستی ڕێگای نییە
ڕێبوارێکی
ڕێگەی هەوار لێ بزر بووم
موزەففەر نەوواب شاعیرێکی میللییە، بەڵام میللییەکی ئاسایی نا، میللییەکی باڵا و بێوێنە، کە هەر جەماوەر نا، بژاردەیش سەرسام دەکات. شیعرە میللییەکانی بە دیالێکتی زۆنگاوەکان دەنووسێت کە زمانی ناخی خەڵکی باشووری عێراقە و سیخناخە لە سۆز و نوستالژیا و هەر وشەیەکی لە ڕستەیەک دەوڵەمەندترە. ئەو کە بەو زمانە میللییە دەنووسێت، شاعیرێکی گوندی نییە، شاعیری هەموو ستەملێکراوانە، ئیدی لە هەر کوێیەک بژین.
موزەففەر نەوواب ئەگەر تەنیا هەر (ڕێل و حەمەد)یشی هەبووایە، پێی دەبوو بە شاعیر، وەک زۆر شاعیر کە بە تاقە شیعرێک ناوبانگ پەیدا دەکەن. سەعدی یوسف دەڵێت: (نێوچاوانی شیعرم، دەخەمە بەر پێی ڕێل و حەمەد.) ڕێل ئینگلیزییە بە مانای شەمەندەفەر هاتووە، لایەنێکی گرنگی ئەو شیعرە ئەوەیە، دەربڕی دەنگی مێیە، ئاخر ئەوی دەپەیڤێت کچێکە، ستەمی خێڵ لێ نەگەڕاوە بە ئەڤیندارەکەی شاد ببێت، کچەیش کە لە دەست ستەم هەڵدێت و بە سواری قیتارەوە، بە بیاباندا بە لای هەواری خۆشەویستەکەیدا تێدەپەڕێت، چیرۆکی عیشقی بە دابڕان دواییهاتووی خۆی وەبیر دێتەوە، بە خەیاڵ گوێی لە قاوەکوتانی ماڵی یار دەبێت و هەست بە بۆنی حێلی نێو قاوەکەیشیان دەکات.
موزەففەر نەوواب بە شیعرەکانی خەڵک بۆ ئەوە هان دەدات لە ڕژێمە ستەمکارەکان یاخی ببن، بە گژیاندا بچنەوە و بیانڕووخێنن. لە دونیای عەرەبدا ئەوە کەسانی خوێنڕێژ و خەونکوژن فەرمانڕەوایی دەکەن، کەسانێکن گەل لە تێکشکانێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەبەن و هەنگاوێکان بۆ ڕۆنانی جڤاکێک نەناوە، لایەنی کەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی تێدا هەبێت و لێ نەگەڕاون کۆمەڵ ڕێگەی داهاتوویەکی گەش بگرێتە بەر. نەوواب دەسەڵاتدارانی عەرەب وەک خۆیان پیشان دەدات کە گەل لە سایەیاندا هیچ دەستکەوتێکی وەدەست نەهێناوە و هیچ ئاواتێکی بەدی نەهاتووە. هێندە کاریکاتێرانە وێنەی فەرمانڕەوایانی عەرەب دەکێشێت، دەیانکاتە کەرەسەی پێکەنینێکی قووڵ کە دەشێت بە قوڵپی گریان دوایی بێت، بۆیە ئەو ساتیرەشیعرانەی دەیاننووسێت، نموونەی گەشی کۆمێدیای ڕەشن.
وەک منداڵێک چۆن کە زۆری بۆ دەهێنن، جنێو دەدات یان دەگری، ئەویش کە لە ناخیدا منداڵێک دەژی، لە دۆزەخی غەریبییەوە بەدەم جنێودانەوە بە سەرانی عەرەب، خوڕ خوڕ دەگریا. دەربڕینە توندوتیژەکانی و تەنانەت جنێوەکانیشی چونکە لەگەڵ سەلیقەی خەڵکی ستەملێکراوی عەرەبدا دەگونجان، بە ئاسانی تێپەڕ دەبوون. وەک چۆن زایەڵە لە دەنگ جودا ناکرێتەوە، موزەففەر نەووابی شاعیریش لە ئەوی خەباتگێڕ جودا نابێتەوە، ئاخر ئەو شاعیرە کە کوشتەی دەستی نەخۆشیی نوستالژیا بۆ نیشتمان بوو، بە یەک دەست، پشکۆی شۆرش و پشکۆی شیعری توند توند گرتبوو.
زەلیلی نەبێ
چی دیکە هەیە، بە هەمووی ڕازیم
بەڵام مەحاڵە، بەوە قایل بم
لەنێو قەفەزی، کۆشکی سوڵتانا
دڵم دیل بکرێ.
تەیریش وەتەنێ
شک دەبا کە بۆی
بگەڕێتەوە،
وەڵاتی عەرەب
لە ئەمپەڕییەوە، تاکوو ئەوپەڕی
بەندیخانەیە،
ئەم پاسەوانی زیندان دەیداتە
دەست ئەو پاسەوان.
(قەحبە دایکینە! ئەتککراو چۆن کڕ دەبێت؟)(**) چونکە دەسەڵاتدارانی عەرەب شکۆی ئینسان پێشێل دەکەن، سامانی گەل دەدزن و نیشتمان بە موڵکی خۆیان دەزانن، بۆیە ئەگەر موزەففەر نەوواب جنێویشیان پێ بدات، پێستی ڕوویان هێندە قایمە، بە بڕبەندی هیچ جنێوێک ناڕووشێت، یان خۆی گوتەنی: هێندە پیسن، هیچ جنێوێک لەوان پیستر نییە. موزەففەر نەوواب ئەوەی زیاتر بەلاوە گرینگە، جەماوەر لە دژی دەسەڵات هان بدات، دەماری دەسەڵاتداران بگرێت و لە خاڵی لاوازیان بدات، بەبێ گوێدانە ئەوەی، دەشێت ئەو ڕاشکاوی و ڕاستەخۆیییە، بە زیان بۆ لایەنی هونەریی شیعری بشکێنەوە. شیعری لەوە دەچێت بۆ ستران نووسرابن، بۆیە خۆیشی لە کۆڕەکانیدا، لەناکاو لەبری خوێندنەوە، بە گۆرانییەوە دەیگوتن. ئەگەر شاعیرانی دیکە لە ڕێی دیوانەوە بناسرێن، نەوواب لە ڕێی کۆڕەکانییەوە کە نزیکەی هێندەی گەمەی تۆپی پێ جەماوەریان هەبوو، ناسراوە و دواتر ئەو کۆڕە شیعرییانە، بە باڵی کاسێت دەفڕین و دونیایان تەی دەکرد.
نەوواب لاسایی هیچ شاعیرێکی پێش خۆی نەکردووەتەوە، ستایشی هیچ فەرمانڕەوایەکی نەکردووە و بەردەوام سترانی بۆ شۆڕش و بۆ شۆڕشگێڕان گوتووە. بەدەم خواردنەوەی مەیەوە، شیعری دەخوێندەوە، کە دەستی پێ دەکرد، سەرەتا وشەکانی لە نمەی باران دەچوون، هێدی هێدی دەبوونە لێزمەی بەخوڕ. لە وشەکانیدا کە بۆ ئەوەی دەنووسین گوێیان بۆ ڕادێرین، نەک بیانخوێنینەوە، دڵیت دەبینی، (لە سەد لاوە شکاوە.) شیعری هەرچەندە میللی بوون، بەڵام ئەوەندە دڵنشین بوون، هەر دەتگوت بە زمانێکی هاوبەش نووسراون، نەک بە دیالێکتی ناوچەیەک.
هەرچەندە ناوبەناو جنێوی دەدا، بەڵام شاعیری جنێو نەبوو، وەک ناحەزانی دەیانگوت، بەڵکوو شاعیری ئەڤین بوو، شاعیرێکی سۆفی بوو، غەریبی و هەژاری ئەویان بەرەو سۆفیگەری بردبوو، هەر بۆیە لە شیعریدا کە شیری دەستی هەژاران بوو، چیرۆکی ناو قورئانی وەگەڕ دەخست، چەمک و دەربڕینی سۆفییانەی بەکار دەهێنا و خەونی بە دنیایەکی پاکژەوە دەبینی. لە کاتێکدا دەسەڵاتداری ستەمکار سڵ لە هیچ بەدئاکارییەک ناکاتەوە، ئایا ئەوە ئەرکی شاعیرە، لە ڕەوشێکی وادا، هانا بۆ وشەی ناسک و نیان ببات؟ کە مووزەففەر نەوواب هەجووی فەرمانڕەوایانی عەرەبی دەکرد، جەماوەرێکی بەرین، ئەو شیعرانەی ئەویان لەسەر پەڕەی دڵیان دەنووسییەوە، ئاخر ئەوەی ئەو شاعیرە بوێرە بە زمانێکی پوخت و پاراو بە دەسەڵاتدارانی دەگوت، قسەی دڵی خەڵک بوو.
لە موزەففەر نەووابدا کە لە وەچەی ئیمام موسای کازم بوو، مارکسیزم، ناسیۆنالیزم و سۆفیگەری کۆ بووبوونەوە، لە مەنفاوە کە خەریکی ڕێکخستنی غەریبییەکانی بوو، ئەوەی لە یاد نەدەچوو کە لە کوودەتاکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣دا کە قەلاچۆکردنی شیوعییەکانی بە دوادا هات، یەک گەڕەکی سوننەنشین لە دژی بەعسییە کوودەتاچییەکان ڕانەپەڕی، ئاخر ئەو سەروەختە و پێشتر و دواتریش، سوننەی دەسەڵاتدار ستەمی لە شیعەی بێدەسەڵات دەکرد. باپیرانی لە دەست ستەمی عەبباسییەکان بۆ هیندستان هەڵاتبوون، لەوێ ئینگلیزی داگیرکار لێیان نەگەڕابوو، بۆیە لە ناچارییەوە بۆ عێراقی عوسمانی گەڕابوونەوە.
موزەففەر نەوواب لە کۆڕەکانیدا وەک شاعیرێکی کاریزماتیک دەیتوانی جەماوەر بخاتە بن ڕکێفی خۆیەوە و وەک دەخوازێت هەستیان ببزوێنێت، ئاخر وێرای ئەوەی لە شیعر خوێندنەوەدا بەهرەدار بوو، وەک شانۆکارێکی لێزانیش لەسەر شانۆ دەبینرا و دەنگیشی بۆ گوتنی ستران گونجاوبوو. ئەوانەی ئامادەی کۆڕەکانی دەبوون، بریتیبوون لە خەڵکانی چەپ بە پیر و گەنجەوە، خوێندکارانی زانکۆ و ئەدیبان کە دەیتوانی هەموویان پێکەوە بهەژێنێت و هەموو پێکەوە لە هاڕەی چەپڵە بدەن بۆی، یان پێکەوە لەگەڵیدا جارێک بگرین و کەڕەتێک قاقا پێبکەنن. هەمیشە ئەو شیعرانەی کە هەجووی دەسەڵاتدارانی عەرەبی پێ دەکردن، زۆرترین جەماوەریان هەبوو.
بێجگە لە شیعری داشۆرینی سییاسی و هی بەرەنگاربوونەوە، شیعری ئێرۆتیکا و هی وایشی دەنووسی کە زیاتر لە خوێندنەوەیەکیان هەڵدەگرت و بەسەر زیاتر لە لێکدانەوەیەکدا کراوە بوون. هونەرمەندانە مامەلەی لەگەڵ وشەدا دەکرد و وێنەی شیعری هێندە جوانی دادەهێنا، خوێنەری تووشی سەرسووڕمان دەکرد. لە شیعریدا هەم خەمێکی قووڵ هەیە و هەم نوستالژیایەکی کوشندە بۆ عێراق. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، ئینسان خۆی نەخۆشییەکانی هەڵدەبژێرێت، ئەوا موزەففەر نەوواب بە هۆشیارییەوە ئالزەهایمەری هەڵبژاردووە، تا واقیعی تاڵ و ترسناک و پڕ لە مۆتەکەی لە بیر بچێتەوە.
ئەم باسە بە چەند کۆپلەیەک لە (پاکانە)ی موزەففەر نەوواب دوایی پێ دەهێنم کە گەورەشاعیری شەهید دڵشاد مەریوانی (١٩٤٧ – ١٩٨٩) تەواوی شیعرەکەی هونەرمەندانە کردووە بە کوردی و سترانبێژی نەمر حەمە جەزایش (١٩٤٩ – ٢٠١٠) بە دەنگە گەرم و بەسۆزەکەی چڕیویەتی.
(سپێنەی ئەو دوو چاوانەت
شیری مەمکی داماویمە،
ڕەشێنەیان
شەونخوونی
شەوانی کولەمەرگیمە.
حیزب لانکەی منداڵێکە
کە بێ لانکە
حیزب باوکی منداڵێکە
کە بێ باوکە.
شیرم به تووتک حهڵاڵ بێ
نهک بهو کوڕهی
که پاکانهی له خهیاڵ بێ.
ڕۆڵه ئهوی پاکانه پڕ دهکاتهوه،
دووباره کۆست دهخاتهوه
شههیدهکان
لهنوێ شههید دهکاتهوه.
من حەز دەکەم
ڕووم ڕەش کەیت و
پەنجەکانم بقرتێنی
بەڵام هەرگیز
ناوی پاکانە نەهێنی.
ئێمە پیاوێکمان بۆ چییە
کە پارچەیە
پیاوەتیی پێشێلکراوی جەریدەیە!
*
سهری دایکێک نانهوێنم
به شیری گۆشی کردبم،
بینای حیزبێک ناڕووخێنم
به خوێنم گۆشم کردبێ.)
*
(١) شوقی بزیع، ما یبگل من عرچ الساحر ١١/٣/٢٠١٦ السفیر، بیروت.
(٢) محمد مڤلوم، مڤفر النواب سوریالی بالعامیە و شعبی بالفصحی ١١/٣/٢٠١٦ السفیر، بیروت.
(٣) گلال سلیمان، ربابە الحزن ١١/٣/٢٠١٦ السفیر، بیروت.
(٤) عباس بیچون، شاعر الوتریات ١١/٣/٢٠١٦ السفیر، بیروت.
(٥) لٶی ماجد سلیمان، الغربە اڵابدیە ١١/٣/٢٠١٦ السفیر، بیروت.
(٦) دڵشاد مەریوانی، کۆبەرهەم، ل ٣١١ دەزگای ئاراس ٢٠٠٩ هەولێر.
(*) هاوینی ١٩٨٣ کە لە گوندی خەتێ، چاوم بە مام جەلال کەوت، دەمانچەکەی قەدی خۆی پێشکەش کردم، سوپاسم کرد و بە گونجاوم نەزانی لێی وەربگرم.
(**) لە جڤاکی بابسالاردا کە سووک سەرنجی مێ دەدرێت، جنێوی پیس ئەوەیە بە دایکی، بە ژنی یان بە کچی نەیار دەگوترێت کە هەقبوو موزەففەر نەووابی شیوعی و ئینساندۆست ئەو نەریتەی پێڕەو نەکردبا.