رۆژئاوای کوردستان و مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان
4 مانگ پێش ئێستا
سۆزان حەمەتاتە
ئەزموونی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان لە درووستبوونییەوە تائێستا لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە، بە پلەی یەکەم مەترسییەکانی لەلایەن تورکیاوە کەوا تاکلایەنە بەردەوام هێرشی کردووەتە سەری، مەترسیی داعش و هێزە ئیسلامییە تووندڕەوەکان، هەروەها مەترسییەکانی بەهێزبوونەوەی بەشار ئەسەد و رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا و دواتریش پێکەوە هەوڵدان بۆ لەقاڵبدانی کورد و ئەزموونەکەی.
تا ئەم ساتە وەختە دوو هۆکار هەن بۆ مانەوەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان:
یەکەمیان: بنیاتنانی ئەزموونێکی سەرکەوتوو لەلایەن پارتی یەکێتیی دیموکرات- پەیەدە، کە هاوکات یەکەینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە، هێزە تۆکمە سەربازییەکەیەتی و ئازایانە رووبەڕووی مەترسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بووەتەوە.
دووەم: بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و سەربازی بە پەیەدە و یەپەگە، ئەوەش جێگەی نیگەرانی سوریا و تورکیا و ئێران و رووسیایە.
لەگەڵ بوونی ئەو دوو هۆکارە بەهێزەشدا، ئاماژەی زۆر هەن بۆ دروستبوونی مەترسیی نوێ لەسەر رۆژئاوای کوردستان زوو یان درەنگ، چونکە ئەگەری گۆڕانکاریی زۆر هەن لە ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، لەگەڵ ئەوەشدا دوو رووداو رەنگە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر رۆژئاوای کوردستان هەبێت:
یەکەم: ئاشتکردنەوەی سوریا و گەڕانەوەی بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی و وەرگرتنەوەی کورسیی ئەندامێتییەکەی، ئەوە هۆکارە بۆ بەهێزبوونەوەی سوریا، راستە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیانی سوریایان لە ئەسەد کردووە و وەکو مەرج دایانناوە لەسەری، بەڵام هیچ وڵاتێکی عەرەبی لەگەڵ پێدانی مافە نەتەوەییەکانی کورد نییە لە سوریا، مەگەر هەندێک رێوشوێنی بچووک کە بۆ کورد دەستکەوت نین.
دووەم: سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ رۆژئاوای کوردستان مەترسییەکی گەورەیە، بۆ ئەوەش دوو سیناریۆ هەیە:
سیناریۆی یەکەم، ئەردۆغان ببێتەوە سەرۆک بەهێز بەبێت و فشاری زۆر دەخاتە سەر بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر و یەپەگە، دوور نییە بە بیانووی جیاواز هێرش بکاتەوە سەریان، وەکو ئەوەی لە عەفرین روویدا.
سیناریۆی دووەم، رێککەوتنی ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، لێرەدا خاڵی هاوبەشیان کۆتاییهێنان بە پەیەدە و یەپەگەیە، هەردوولایان لەسەر ئەمە هاوڕان، راستە جێبەجێکردنی پیلانێکی وا زۆریش ئاسان نییە، ئەگەرێکی کراوەیشە.
ئەرکی سەرەکی بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرێتیی خۆسەرە بۆ روودانی هەریەک لەو مەترسی و سیناریۆیانە، لەبەرئەوەی کورد دەوڵەتی سەربەخۆی زوو دەکرێتە قوربانی، تەنانەت هێزە باڵادەستەکانی لەناو خۆشیاندا یەکگرتوونین، ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورەیە