پاشەكەوت و بێ شعوورەكان و هاوڵاتی ئاسایی
4 مانگ پێش ئێستا
سامان ساڵح
لە كاتی گێژاوە سیاسی و كێشەكاندا "سیاسییەكان" كە لەریزبەندی پلەی یەكەمی بێ شعوورەكاندان؛ دوای ئەوانیش هەندێك لە"ئەكادیمییە زڕ و بێ ناوەڕۆك و زۆرینەی قەڵەم فرۆش و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسان"، دەكەونە كۆكردنەوەی سەرمایەی جۆرا و جۆر بۆ خۆیان بەهەموو رێگەیەك.
ناشرینترین رێگەی هەلپەرستیی ئەم بێ شعوورانە، قۆستنەوەی "ئاگادارنەبوون یان شارەزانەبوونی" هاوڵاتی ئاساییە لەبارەی بابەتەكانی قانونی و مافەكانی.
لەدوای ئەوەی كە شەوی پێنج شەممە (26ی ئایاری 2023)لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رەشنووسی پڕۆژە قانونی بودجەی 2023ی عێراقی یەكلاكردەوەو رەوانەی پەرلەمانی كردووە بۆ دەنگدان، تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان و ماددەی 13 و 14، زۆر قسە دەكرێت، من ناچمە ناو باسی مادە و قانونەكە، چونكە سەرەتایەكم لەبارەوە خستەڕوو، بەڵام:
ئەگەر قانونی بودجەی 2023ی عێراق وەك خۆیشی لە هەرێمی كوردستان جێ بەجێ بكرێت! (كە ناكرێت) ئەوا پێویستە ئەم راستیانە بەخەڵك بوترێت، نەك یاری بە هەست و هۆشی بكرێت:
1- هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق، بەندەكانی جێ بەجێ دەكەن، نەك حیزبەكان بە مەن و گەزی خۆیان.
2- رادەی پابەندبوونی حكومەتی هەرێم، پەیوەستە بە پابەندبوونی حكومەتی عێراق، وەك ئێستا دەیبینین.
3- لەناو ئەدەبیاتی حكومەتی هەرێمدا، واتە نووسراوی فەڕمی دامودەزگایی حكومەت تەنها (پێنج) مووچە ناوی "پاشەكەوت"ی لێ نراوە.
4- لێبڕێنی مووچە، بەبڕی جیاواز (41 و 32 و 21) لەسەد، لەناو نووسراوی حكومەتدا بە مانای پاشەكەوت نەهاتووە.
5- خەرجنەكردنی (حەوت) مووچە، ناوی پاشەكەوتی لێ نەنراوە.
بۆیە؛ هاوڵاتی بەڕێز: گوێ لە بێ شعوورەكان مەگرە كە هەندێك شتیان بۆ نووسراوە و پێیان وتراوە دەبێت بەمجۆرە قسە بكەن، ئەوەی بۆتۆی هاوڵاتی گرنگە زانینی مافەكانتە لەڕێگەی راستەوە، جا بۆ ئەوەی (هەموو رۆژێك لە كونێكەوە مار نەتگەزێت) تكایە خۆت هەندێك هەوڵبدە و بزانە مافەكانت چین؟ چ ناوێكیان لە ناو دامودەزگای حكومەتیدا هەیە؟
چونكە ئەوەی لە ناو بودجەی عێراقیش هاتووە، هەر دەڵێت: (مووچە پاشكەوتكراوەكان) نەك مووچە نەدراو و لێ بڕینەكان!
من باش دەزانم؛ ئەوانەی لەوێ بوون، كە وەك دەستكەوت ئەم رووداوە باس دەكەن، هیچ زانینێكیان لەبارەی جیاكردنەوەی دەستەواژە و چەمكەكان نییە و (پاشەكەوت و لێبڕین و خەرجنەكردن) كە هەموویان چەمكی؛ دارایی و ئابووری و سیاسین، لەیەك جیاناكەنەوە.
بۆیە؛ بەدڵنیاییەوە ئەگەر حكومەتی هەرێم هەر بەوجۆرە تەفسیر بۆ ئەو ماددەیە بكات كە مەبەستی تەنها "پاشەكەوت"ـە، ئەوا؛ پاشەكەوتەكە تەنها پێنج مووچەكەی ساڵانی (2016 و 2017) دەگرێتەوە، ئیتر ئەوانی دیكە، لێ بڕین و خەرج نەكردنن و رێگە و شێوازی دارایی جیاوازی خۆیان هەیە.
بێگومان حكومەتی هەرێم، زوو هەستی بەوەكرد، كە چەمكی (پاشەكەوت) لاببات، بەڵام "دوكانەكانی راگەیاندن و سیاسییە بێ شعوورەكان و زڕە ئەكادیمییەكان" وەكئەوەی هەنگیان لە كلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، هەر دەیانوت "پاشەكەوت".
لە كۆتاییدا؛
چەند خۆش بوو ئەگەر میللەتی ئێمەش هۆشیارییەكی ئەوتۆی هەبوایە، ئەو بێ شعوورانە، نەیان توانیایە یاری بە هەشت و هۆشی بكەن.