میتۆدی جۆن ویک، بەڵام بە ئاکشنێکـی تاقەتپڕوکێنەوە...
4 مانگ پێش ئێستا
لە دەرەوەی گرێچنەی فیلمی (جۆناسان- جۆن ویک) - ی، چواردا و ھەروەھا سەرجەم بەشەکانی پێشویشی...کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو خۆی لە؛ یاخیبونـی جۆن ویکدا، یەکێک لە ئەندامە سەرەکیەکانی ڕێکخراوە تاوانی و پەنھانییەکە دەبینێتەوە کە ئەرکیان فەرمان دەرکردنە بە کوشتنی کەسانی لە یاسا دەرچوەکانی تایبەت بە ڕێکخراو، پاشانیش و ڕاوەدونان و سزادانی ھەر ئەندامێکی تر کە بڵێت؛ نا! لەگەڵیدا ھەڵھاتن لە پەیڕە و پرۆگرامی ڕێکخراو، یاخود ھەڵگەرانەوە و ڕوبەڕوبەرو بونەوەی (ڕێکخراو)، کە ئەوانیش لە بەرانبەردا سزادانی ھەرکەسێک لە ناوەوە دەرەوەی ڕێکخراوەکە کە دژیان بوەستنەوە. بەڵام لە سەر ھەمو ئەوانەیشەوە ھێشتا (جۆنی ویکـ)ی ئەمجارە - واتا؛ بەشی چوار، بە ھۆی بونی ئاکشنی زۆرەوە، بینەرەکانی زۆر ماندو دەکرد!
سەرەتا؛ ئێمە وەک بینەر و ڕەخنەگر و شیکەرەوەیەک، باس لە کەشومودی فیلمەکە دەکەین، واتا؛ بێ ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی فیلمەکە لە جیھاندا بەوەی بڵێین؛«ئەم فیلمە فاشیلە، یان بەس فیلم نیە و سەرکەوتو نەبوە، بەڵکو تەنھا لە چوارچێوەی بونی داتا فاکتەکاندا کە دەتوانین بڵێین؛ لە ڕوی بەدەستھێنانی بڕە پارە و داھاتدا لە ترۆپکدا بوە و بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار داھاتی تێپەڕاندوە»!
بەڵام گەر لە ڕوانگەی کەشی فیلمەکەوە و بە تایبەت وەک لایەنی ئاکشن و شەڕ و روبەروبونەوەکان و شەرانگێزییەکان لێی بڕوانین ئەوا لە ڕاستیدا ھێندە زۆر و بۆر و تاقەتپڕۆکێن بو، بەجۆرێک وەک بینەرێک ھەستت بە ماندوتیەکی زۆر دەکرد بەجۆرێک ئەوتوانی ناو بە ناو ئیستێک وەربگریت و چاوت کەمێک غافڵگیر کەیت لەسەر ھەندێک لە دیمەنە ئاکشن و شەڕەتەقەکان. بەڵام وەک لایەنی(وێنەگرتن - سینەماتۆگرافی)، ھێنفە جوان و ناوازە بو، لە باسکردن نایە و کە ئەمەیش دیسان ھەر کاری ئێمە نیە، تاوەکو بچینە ناوی!
جا خاڵێکی تریش بە لای منەوە شایەنی باسکردنە، ئەوەیش ئەوەیە؛ وەک بینەرێک ھەستم بە (ڕۆحساردی) کۆی گشتی کارەکە کرد! بەتایبەت بەراورد بە بەشەکانی ڕابردو تری، واتا؛«١-٢-٣». جا ئەمە سەرەڕای ھاتنەناوەوەی کۆمەڵێک ڕوخسار و ئەکتەری نوێ و ناوازەی نێو فیلمە ئاکشنەکان بەتایبەت(نواندنکارە ناودارە چینییەکان). بەڵام ھێشتا بەوجۆرەیش ھەستم بە ساردییەکی نامۆ کرد لە کۆی گشتی بەرھەمەکەدا، ھەربۆیە وا بیردەکەمەوە ئەم بەشەیان، واتا؛ چوار، ببێتە ڕێگەخۆشکردن بۆ بەرھەمھێنانی بەشی پێنج بە زویی، بەجۆرێک وەک یەک تەماشایبکەین و پێنجیش ببێت بە دو!ئەمەیش تەنھا بۆئەوەی بتوانن درێژە بە بەرھەمھێنانی زنجیرە فیلمەکانی جون ویک بدرێت، ئیتر ئەوەیش بزنسە و ئێمە لێی نازانین! چونکە دواجار دوا دیمەنی کۆتایی فیلمەکەیش ھەر ئەوە پێوتیین؛ بەرەو جۆن ویکی پێنج...
(میتۆدی جەنگـ و شەڕەکانـی جۆن ویک)
لە ڕاستیدا، بە ھۆی بونـی چواربەشی دوا بەدوای یەکترییەوە، دەکرێت بڵێین؛ کارەکتەری جۆن ویک؛ شتێکی دیار و ڕون لە شێواز و میتۆد و ستایلی ئاکشن و جوڵە و شەڕەکانیدا بەدیدەکرێت کە ئیدی خەریکە و نزیکە بە ئاسان دەرکی بکەین ئەوەیش بەھۆی بونی قژێکی خاوی پەرشوبڵاو، چاکەت و پانتۆڵی ڕەنگڕەش، کەمدویی، ڕێورۆیشتن، شێوازی دەمانچەگرتن، تەقەکردن، چۆنێتی روبەروبونەوە و شەڕ لەگەڵ نەیارەکانیدا، کە کۆی ھەمو ئەمانەیش نزیکە ببێتە ئەوەی ناوی بنێین؛ «میتۆدی جۆن ویکـی»، ھەروەک چۆن لە ڕابردودا بینەران ھەریەک لە کارەکتەرە دیار و ناسراو و بەناوبانگەکانی جیھانی فیلم و سینەما وەک؛ بروسلـی و جاکیشان و ئاڕنۆڵد و ڕامبۆ و ڤاندام- یان، پێ دەناسیەوە، کە چۆنیش دواتر بونە سومبوڵ و ھێما و دیاردە و میتۆدی سینەمایی لە جۆر و ژانرە ئاکشنەکاندا.
نـوسین؛ شـادمان محەمەد