پابلۆ نێروودا، بە شێرپەنجە مرد یان کوشتیان؟

4 مانگ پێش ئێستا

حەمەسەعید حەسەن
پابلۆ نێروودا (١٩٠٤ - ١٩٧٣) یەکێک نییە لە شاعیرە گەورەکانی سەدەی بیستەم، گەورەترین شاعیری سەدەی بیستەمە. بە گەلێک فۆرم و ناوەڕۆکی جیاواز شیعری نووسیوە، لە ئێرۆتیکاوە بۆ سوریالیزم، لە خۆشەویستییەوە بۆ مانیفێستی سیاسی و تا دەگات بە پەخشان نووسینەوەی ئۆتۆبیۆگرافیا. مارکیز گوتوویەتی: نێروودا چاکترین شاعیری سەدەی بیستە لە هەموو زمانەکانی دونیادا. هاروڵد بلووم لە بارەیەوە گوتوویەتی: (ناتوانین هیچ شاعیرێکی خۆرئاوا بە نێروودا کە پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتبوو، بەراورد بکەین.) بیست شیعری ئەڤینداری و گۆرانییەکی نائومێد (١٩٢٤) کە یەکەمین کۆشیعری بڵاوکراوەی بوو، بۆ چەندان زمان تەرجەمە کرا، میلیۆنان دانەی لێ فرۆشرا و لە دونیادا دەنگی دایەوە. سەروەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، (١٩٣٦- ١٩٣٩) نێرودا لەوێ کونسوڵ دەبێت و ناسیاوی لەگەل ڕافایل ئەلبێرتێ و لۆرکادا پەیدا دەکات. هەر لەوێشەوە گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێت و ئیدی لەبری خەمی خودی خۆی، خەمی خەڵکیش بە کۆڵیدا دەدات، دواتر دەبێت بە کۆمۆنیست و هەتا کۆتایی ژیانیشی هەر کۆمۆنیست دەبێت. نێرودا کە لە ١٥ی تەممووزی ١٩٤٥دا، لە یاریگای ساوپاوڵۆ شیعر دەخوێنێتەوە، سەدهەزار کەس بە تامەزرۆیییەوە گوێی بۆ ڕادەدێرن.
کوشتنی لۆرکا لە لایەن فاشیستەکانی ئیسپانیاوە، بە قووڵی کاری تێ دەکات، ئیدی شێلگیرانە داکۆکی لە کۆمارییەکان دەکات و تەنانەت کۆشیعرێکیش بە ناوی: (ئیسپانیا لەناو دڵدا ١٩٣٨) بڵاو دەکاتەوە. نێروودا گەلێک پۆستی بڵندی وەرگرتووە، کونسوڵ، ئەمبسادۆر، سێناتۆر و پاڵێوراوێکی بەهێزی سەرکۆماریش بوو، لە قازانجی سەلڤادۆر ئالەندێ کشایەوە، بەڵام خۆی پێی وابووە، جوانترین ئەرکێک لە ژیانیدا ڕایپەڕاندبێت ئەوە بووە، سەروەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، توانیویەتی بە کەشتییەکی کۆن، دوو هەزار پەنابەری ئیسپانیایی بگەیەنێتە چیلی. نێروودا وەک ئەکادێمیای سوێد ئاشکرای کرد: (بۆیە ١٩٧١ نۆبێڵی پێ بەخشرا، چونکە بە کۆمەکی شیعری، کە هەر دەڵێیت هێزێکی سروشتییە، توانیویەتی خەون و داهاتووی بەشێک لە دونیا بە زیندوویی ڕابگرێت.)
ئیسلا نێگرا گوندێکی گچکەیە لە خوار (ڤالپارایسۆ)وە، پابلۆ نێروودا، لەوێ نێژراوە. ئێستایش لەوێ، هەندێک دروشمی دەیان ساڵ بەر لە ئێستا نووسراو، بە هەڵواسراوی ماون، یەکێکیان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت: (نێروودا بە ئارامیی ڕانەکشاوە.) یەکێکی تریان دەڵێت: (حەقیقەتمان دەوێت.) لە یادی چل ساڵەی کوودەتا خوێناوییەکەی (جیلی)دا، (١١/٩/١٩٧٣) کە ٢٥ سەرباز و ١٨٢٣ سیڤیلی تێدا کوژرا، لە هەموو وەختێک گەرموگوڕتر باس لە شاعیری گەل دەکرێت، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێزە، دوازدە ڕۆژ دوای کوودەتاکە، (٢٣/٩/١٩٧٣) نێروودا لە سانتیاگۆ، لە کلینیکی سانتا ماریا، بە مەرگی سروشتی، (بە شێرپەنجەی پرۆستات،) نەمردبێت، بەڵکوو بە ژار کوژرابێت.
لە ١٩٧٣وە (مانوێل ئارایا) کە ئەوسا شوڤێری نێروودا بوو، خەبات بۆ ئەوە دەکات، حەقیقەتی مەرگی خاوەنکارەکەی ساغ بکاتەوە، بەڵام ئەوانەی سەرپەرشتیی میراتی نێروودا دەکەن، هەمیشە بە درۆی دەخەنەوە و هەرگیز (ماتێڵدە ئوورووتا)ی هاوژینی نێرودایش بایەخی بە قسەی مانوێل ئارایا نەداوە. ٢٠١١ گۆڕانێک ڕووی دا، دادوەر (ماریۆ کەرۆزا) لەبەر ڕۆشناییی زانیارییەکانی (مانوێل ئارایا)دا، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و داوای کرد ئێسک و پروسکی شاعیر لە تابووتەکەی دەربهێنرێت و پشکنینی بۆ بکرێت. لە ئاداری ٢٠١٢ەوە پشکنین بۆ ڕووفاتی نێرودا دەستی پێ کردووە.
سەعات حەوتی بەیانی بوو، ڕۆژی سێشەممە بوو، ١١/٩/١٩٧٣ بوو، سەلڤادۆر ئالەندێ و هاوکارە نزیکەکانی، لە کۆشکی کۆماری دەبن، لەوێوە، لە سانتیاگۆوە، ئالەندێ لە ڕێی رادیۆوە، قسە بۆ خەڵکی چیلی دەکات، بەڵام ڕادیۆکانی وڵات، یەک لە دوای یەک بێدەنگ دەکرێن. (بڕوام بە چیلی و ئایندەی هەیە.) کە ئالەندێ وای گوت، باڵافڕەکان کەوتنە بۆمببارانکردنی کۆشکی کۆماری. بۆ سبەینێ دەرکەوت سەرکۆمار کوژراوە و (ئاوگوستۆ پینۆشێ)ی سوپاسالار (١٩١٥ - ٢٠٠٦) کە چەند ڕۆژێک پێشتر، لایەنگریی خۆی بۆ سەلڤادۆر ئالەندێ دووپات کردبووەوە، بوو بە فەرمان(ڕەوا)ی وڵات.
هەرچەندە کوودەتاکە چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام هەر وەک شۆکێک هات. هەموو بەرەنگاربوونەوەیەک تێکشکێندرا. بە خاکسپاردنی تەرمی پابلۆ نێروودا لە کۆتایی ئەیلوولدا، دەرفەتێک بوو، بۆ ئەوەی خەڵک بوێرن کۆ ببنەوە و دروشم دژی کوودەتاچییان بڵێنەوە. لە سەرەتای ساڵانی هەشتاوە، پرۆتێست دژی ڕژێمی پینۆشێ دەستی پێ کرد و هەمیشە نێروودا چراوگی بۆنە کولتووررییەکان بوو، تەنیا لەبەر ئەوە نا، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتبوو، لە سۆنگەی ئەوەیشەوە، لەناو خەڵکدا شاعیرێکی خۆشەویست بوو، هێندە خۆشەویست بوو، کە شیعری لەسەر قەوان تۆمار دەکرا، هێندەی لێ بڵاو دەبووەوە، بەناوبانگترین گۆرانیبێژ، ئیرەیی پێ دەبرد.
ئێستایش کەسانێکی زۆر سەردانی خانووەکەی نێروودا لە گوندی ئیسلا نێگرا و خانووەکانی دیکەشی کە کراون بە مۆزە، دەکەن. کە لە ساڵانی هەشتادا، ئاگری پرۆتێست دژی ڕژێمی پینۆشێ بڵند بووەوە، ئۆپۆزیسیۆن زوو زوو لەسەر مەزاری نێروودا کۆ دەبوونەوە و یادکردنەوە و گوێگرتن لە شیعرەکانی، گوڕوتینی پێ دەبەخشین. ترسی میلیتار لە نێروودا ئەوەبوو، خەڵکێکی زۆر بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و وایش بکات، کوودەتاچییەکان لەسەر ئاستی دنیا وەتاق بکەونەوە. هەر لەبەر ئەو ترسەیش بوو، کوشتیان.
عەسکەر هەر زوو بانگەشەی ئەوەیان کرد، ئەوان (ئالەندێ)یان نەکوشتووە، بەڵکوو خۆکوژیی کردووە، بەڵام ئەو چیرۆکە بە گوێی خەڵکدا نەچوو، کەچی (ئیسابێل)ی کچی لە کۆتایی ساڵانی هەشتادا گوتبووی، ڕاستە، باوکم خۆی کوشتووە! هەرچەندە ئالەندێ لە دوا ڕستەکانی ژیانیدا لە ڕادیۆوە گوتبووی: لەسەر بەرەنگاربوونەوە سوور دەبم و لە کۆشکی کۆماری، بە زیندووی ناچمەوە دەرەوە. کە ئالەندێ کوژرا، بەوە لەبەر چاوی دونیا گەورەتربوو، کوودەتاچییەکانیش بە کوشتنی ئەو، بوونە سیمبۆلی ستەم و دڕندایەتی.
کوودەتاچییەکان بە هەمان ئەو شێوەیەی لە نەخۆشخانە، نێروودایان پێ کوشت، دواتر لە ١٩٨٢ دا (ئێدواردۆ فرەی مۆنتالڤا)یشیان کە سەرۆکی کریستیانە دیموکراتەکان بوو، کوشت. کارمێن کە کچی مۆنتالڤا بوو، بەردەوام دەیگوت: باوکمیان لە کاتی نەشتەرگەریدا، بە ژار کوشت. کە دوای ٢٧ ساڵ، پشکنین بۆ ئیسکوپروسکی مۆنتالڤا کرا، نیشانەی ژار دۆزرایەوە و شەش کەس لەسەر ئەو تاوانە سزا دران. کە پابلۆ نێروودا لە ٢٣ی ئەیلوولی ١٩٧٣دا لە کلینیکی سانتا ماریا کۆچی دوایی کرد، (مانوێڵ ئارایا)ی لەکن نەبوو، دۆکتۆرێک ناردبووی بۆ کڕینی دەرمانێک کە گوایە لە کلینیکەکە دەست ناکەوێت. لە ڕێ دوو سەیارە کە سەرنشینەکانیان، سیڤیلپۆش دەبن، ڕێی لێ دەگرن، تەقەی لێ دەکەن و بە برینداری بەرەو ئەو یاریگایەی دەبەن کە دوای کوودەتاکە، کرا بە زیندان. لەوێ ئەشکەنجە دەدرێت و لەبارەی نێرووداوە کە ئەو وەختە کۆچی دوایی کردبوو، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بۆ مانوێل ئارایا کە سەر بە خێزانێکی هەژاری گوندنشین بوو، حیزبی کۆمونیست بووبوو بە خانەوادەی و بە کۆمەکی حیزب، فێری شوفێری بووبوو. کە لە ئەیلوولی ١٩٧٢دا پابلۆ نێروودا، دوای ئەوەی دوو ساڵ لە پاریس ئەمباسادۆر دەبێت، بۆ چیلی دەگەڕێتەوە، خودی سەلڤادۆر ئالەندێ، مانوێل ئارایا بۆ شوفێر و هاوکاری شاعیر دەستنیشان دەکات. کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لێی دەپرسن: ئامادەیت قوربانی بە گیانی خۆت بدەیت، لە پێناوی پاراستنی نێرودادا؟ دەڵێت: بەوپەڕی دڵنیایییەوە. ئێستایش دەڵێت: بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەبارەی مەرگی نێرووداوە، ئامادەم خۆم بە کوشت بدەم.
نێروودا یەک ڕۆژ بەر لە مەرگی، داوا لە مانوێل ئارایای شوفێری و ماتێلدە ئوورووتیای هاوژینی دەکات، بۆ (ئیسلا نێگرا) بچن و هەندێک شتی لەوێ بۆ بهێنن، وەک کتێب و دەستنووس و مەدالیای خەڵاتی نۆبڵ، ئاخر قەرار بوو، لویس ئێچێڤارای سەرۆکی مەکسیک، فڕۆکەیەک بە دوایدا بنێرێت، بەڵام زەنگی بۆ لێ دابوون و داوای لێ کردبوون، بە گورجی بۆ کلینیکی سانتا ماریا بگەڕێنەوە. کە هاتبوونەوە پێی گوتبوون: دۆکتۆرێکی نەناس هاتووە و دەرزییەکی لێ داوم. جێی دەرزییەکەی کە سوور هەڵگەراوە و ژانی کردووە، پیشان دابوون و پەشیمان بوو لەوەی ڕێگەی داوە، ئەو دەرزییەی لێ بدرێت. ئا لەم ئانوساتەدا دەبێت کە دۆکتۆرێک دێت و مانوێل ئارایا بۆ دەرمانکڕین دەنێرێت. ئیدی دەگیرێت و دوای مانەوە لەژێر ئەشکەنجەدا، بۆ ماوەی چل و پێنج ڕۆژ، ئینجا بە لاق و باڵ و سەری شکاوەوە ئازاد دەکرێت. لە دیمانەیەکدا گوتبووی: بۆیە بەریاندام، چونکە وایاندەزانی، هێندە نابات دەمرم، ئاخر هەر پەیکەری ئێسکەکەم مابووەوە.
مانوێڵ ئارایا بێ گومان بوو لەوەی نێروودا کوژراوە، بەڵام نەیدەتوانی بیسەلمێنێت، یان هەر بڕوایان پێ نەدەکرد. بۆ یەکەم جار ٢٠١١ هەفتەنامەی (پرۆسێسۆ)ی مەکسیکی، گێڕانەوەکەی ئارایای بڵاو کردەوە، ئیدی شتگەلی نوێ ڕوویان دا. دیمانەکە بە دونیادا بڵاو بووەوە و (ماریۆ کەرۆزا)ی دادوەریش دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.
بەگوێرەی گێڕانەوەی فەرمی، کە نێروودا بۆ کلینیکی سانتا ماریا هێنراوە، هێندە ناساغ بووە، توانای پەیڤینی نەبووە و تەنانەت بێهۆشیش بووە، بۆیە لەو هۆڵەدا خەوێنراوە کە تایبەت بووە بەوانەی لە سەرەمەرگدان، بەڵام مانوێل ئارایا دەڵێت: نێروودا لەبەر ناساغی بۆ نەخۆشخانە نەهاتووە، بەڵکوو ئەوێی بە جێیەکی بێ مەترسی زانیوە، گەرەکی بووە لەوێ چاوەڕێی فڕۆکەکەی مەکسیک بکات، نەک لە ماڵی خۆی. ئارایا تەنانەت دەڵێت، نێروودا ئەوسا هێندە ڕەوشی باش بووە، لەوێ دوا دەستی بە بیرەوەرییەکانیدا هێناوە. هەر یەکسەر دوای کوودەتاکە، عەسکەر هاتوون ماڵی نێرودایان پشکنیوە، کە لێی پرسیون: بۆ چ شتێک دەگەڕێن؟ گوتوویانە: بۆ چەک. ئەویش پێی گوتوون: چەکی من شیعرە.
بە گوێرەی گێڕانەوەی نەخۆشخانە، مردنەکەی وێڕای شێرپەنجە، لەبەر بەدخۆراکی، داخورانی ئێسک، لاوازبوونی ماسولکە و ئانۆرێکسیا بووە، ئەمەیش لەگەڵ قسەی ئەوانەدا سەردانیان کردووە، ناکۆکە. جێی سەرنجە ڕۆژنامەیەکی چیلی کە لەسەروەختی مەرگی نێروودادا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە، تێیدا هاتبوو: شاعیر لە ئەنجامی دەرزییەکەوە کە لێی دراوە، دڵی لە لێدان کەوتووە، بۆیە گیان لەدەست داوە، ئەمەیش ئەو گێڕانەوەیە دەسەلمێنێت کە لەمێژە مانوێل ئارایا بانگەشەی دەکات.
کە نێروودا گیان لەدەست دەدات، (لاورا)ی خوشکیشی لەکن دەبێت، ئەویش هەر پێی وا دەبێت، نێروودا نەمردووە، کوژراوە، بەڵام ماتیڵدە ئوورووتیای هاوژینی لە بیرەوەرییەکانیدا کە ساڵێک دوای مەرگی (١٩٨٦) بڵاو کرایەوە، لایەنی گێڕانەوە فەرمییەکانی گرتووە. مانوێل ئارایا دەڵێت: (ماتیڵدە بۆ ئەوەی میراتەکەی نێروودای بەربکەوێت و دەسەڵات کێشەی بۆ دروست نەکات، ئەو ڕاستییانەی دەیزانین، نەیدەگوتن.)
ماتیڵدە ئوورووتیا کەیفی بە حیزبی کۆمۆنیست نەدەهات، ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو کە نێروودا خانوویەکی لەسەر کۆمپانیایەکی سەر بە حیزب تاپۆ کردبوو. بەوەیش زۆر سەغڵەت بوو کە نێروودا، بە لە سەددا حەفتای پارەی خەڵاتی نۆبڵەکەی، چاپخانەیەکی بۆ ڕۆژنامەی حیزب کڕیبوو. یەکێک لە بڕیارە بەرایییەکانی کوودەتاچییان، دەستگرتن بوو بەسەر ماڵ و موڵکی حیزبی کۆمۆنیستدا، بەڵام ماتیڵدە ئوورووتیا چونکە لەبارەی مەرگی نێروداوە قسەی کوودەتاچییانی دووپات دەکردەوە، تووشی هیچ کێشەیەک نەهات و چی میراتی نێروودا هەبوو، بەری کەوت و پێش ئەوەیشی بمرێت، میراتەکەی بۆ کەسانێک بەجێ هێشت کە ناسیاوی خۆی بوون، نەک هی نێروودا.
نێروودا دەیویست بەو سامانەی هەیەتی گوندێک ڕۆ بنێت، گوندێک نووسەران و ڕۆشنبیران، بە ئارامی و هێمنی تێیدا بژین و خەریکی داهێنانی خۆیان بن. خەوی بەوەوە دەبینی کارێک بکات، بەردەوام لە سامانەکەی کۆمەکی داهێنەران بکرێت. قەراربوو پرۆژەکە لە ١١ی ٩ی ١٩٧٣دا، بە ئامادەبوونی سەلڤادۆر ئالەندێ جاڕ بدرێت، بەڵام لەو ڕۆژەدا کوودەتا قەوما و هێشتا خەونی شاعیر بەدی نەهاتووە. حاڵی حازر ئێسکوپروسکی نێروودا، لە تاقیگەکانی چیلی و ئیسپانیادا، لەژێر پشکنیندایە، ئەگەر دەرکەوت مانوێڵ ئارایا ڕاست دەکات، نێروودا بە ژار کوژراوە، ڕەنگە خەونەکەیشی بەدی بێت و هەواری نووسەرانیش ڕۆ بنرێت. ئەگەر نهێنییەکان ئاشکرا ببن، ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە.
ئێستا لە چیلی، دیمۆکراسی سەری هەڵداوە، کار بۆ ئەوە کراوە قوربانییەکانی یازدەی ئەیلوولی ١٩٧٣ قەرەبوو بکرێنەوە، ناوبەناو هاوکارانی پینۆشێ داوای لێبوردن دەکەن، بەڵام چاکسازی هەمیشە دوژمنیشی هەیە، برینەکانی سەردەمی دیکتاتۆر هێشتا ساڕێژ نەبوون و هێشتا خەڵکی چیلی گۆرانیبێژی زێدەخۆشەویست (ڤیکتۆر گارا)یشیان (١٩٣٢ - ١٩٧٣) لە یادە کە پێنج ڕۆژ دوای کوودەتاکە، فاشیستەکان لە یاریگە بەزیندانکراوەکەی سانتیاگۆدا کوشتیان.
*
(1) Lars Palmgren, Pablo Nerudas dröm lever än 8 september 2013 SVD kultur.
(2) Pablo Neruda, Kaptenens verser, översatt av Lasse Söderberg 1984 Norstedts Förlag.
(3) 20 kärleksdikter och en förtvivlad sång1968 i översättning av Peter Landelius, Bonniers förlag.