دەرگای زیندان بۆ كلیچدارئۆغڵو دەكرێتەوە، رەنگە ببرێتە لای دەمیرتاش
3 مانگ پێش ئێستا
كارزان گلی
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، دوای ئەو شكستەی بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغاندا دووچاری بوو، ئیدی وەكوو سەركردەیەكی كاریگەر پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا، ئەمەش دەرگای زیندانی بۆ واڵا دەكات.
كلیچدارئۆغڵو، پێشتر وەكوو پەرلەمانتار پارێزبەندی هەبوو، راستە سەرۆكی جەهەپە بوو، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەڵام لە هەمان كاتدا پەرلەمانتاریش بوو، بۆیە لەناو پەرلەمان گوتاری بۆ ئەندامانی پارتەكەی دەدا.
دوای ئەوەی لە 28ی ئایار، لە هەڵبژاردنی سورۆكایەتیی گەڕی دووەمدا كلیچدارئۆغڵو وەكوو بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دۆڕاندی، ئیدی وەكوو پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا، ئێستا كلیچدارئۆغڵو، پارێزبەندی نییە، بۆیە ئەگەر زۆرە ئیدی دادگا لەسەر ئەو دۆسیانەی لەسەریەتی جموجۆڵ بكات و پەلكێشی دادگای بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كلیچدارئۆغڵو، 60 دۆسیەی لەسەرە لە دادگا، لەو ژمارەیە 16 دۆسیەی لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە داوای لەسەر تۆمار كراوە، بەهۆی ئەوەی سووكایەتی بە پۆستی سەركۆمار و خودی ئەردۆغان كردووە، هەروەها دۆسیەكانی تریش، تۆمەتباركردنییەتی بەوەی رق و كینەی لەناو چین و توێژەكانی توركیادا دروست كردووە، كە سەلاحەدین دەمیرتاشیش هەر بەو تۆمەتە خرایە زیندانەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، میدیاكانی سەر بە ئاكەپە، باس لەوە دەكەن، كلیچدارئۆغڵو دەدرێتە دادگا، چونكە پێشتر چەندین دۆسیەی لەسەر هەبووە و دادگا نەیتوانیوە راپێچی بكات، چونكە پارێزبەندی هەبووە، بەڵام ئیدی ئەو پارێزبەندییەی نەما.
راپێچكردنی كلیچدارئۆغڵو، ئەگەرێكی مەحاڵ نییە، چونكە پێشتر چەندین سەركردەی تری توركیا راپێچی دادگا كراون و تەنانەت تا پەتی سێدارە بردراون، نموونە عەدنان مەندەریس بە تۆمەتی ئەوەی رق و كینەی لەناو خەڵكدا دروست كردووە و لە بەرژەوەندی توركیای داوە، لە 1960دوای ئەوەی كودەتای بەسەردا كرا، راپێچی دادگا كرا و لەگەڵ سێ وەزیردا لە سێدارە دران. ئەگەر نموونەی ئەم سەردەمەش وەربگرین، لە 2016، سەلاحەدین دەمیرتاش، كە پارتەكەی خاوەنی 67 كورسی پەرلەمان بوو و شەش ملیۆن دەنگی توركیایان هێنابوو، بەڵام وا بۆ حەوت ساڵ دەبێت زیندانی كراوە، بۆیە ئەگەر كلیچدارئۆغڵو بدرێتە دادگا و زیندانی بكرێت، رووداوێك نییە چاوەڕوانكراو نەبێت.
جیا لە كلیچدارئۆغڵوش، دۆسیەی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورەشارەوانی ئیستانبۆڵ وەكوو خۆی ماوەتەوە، چونكە دادگا بڕیاریدا زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی بكرێت، چونكە وشەی (ئەحمەق)ی بەرامبەر بە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەكارهێناوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەكە بۆ كاتێكی تر دوا خراوە، ئەگەر زۆرە بەر لەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا ئەنجام بدرێت كە نۆ مانگی ماوە، دۆسیەی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو بهێنرێتەوە بەرباس و ئەویش بخرێتە زیندانەوە.
ئاشكرایە ئیمامئۆغڵو، لە ئیستانبۆڵ كەسایەتییەكی كاریگەرە، یەكێك لەو هۆكارانەشی كە نەبووە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بە هۆی ئەو دۆسیەیەوە بوو كە لە دادگا لەسەری بوو و ترسان دوای ئەوەی بەربژێر بكرێت، دۆسیەكە زیندوو بكەنەوە و بیخەنە زیندانەوە، بۆیە بۆ ئەوەی ئیمامئۆغڵو لە كێبڕكێی ئەو هەڵبژاردنە دوور بخرێتەوە، وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، رەنگە دۆسیەكەی بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان یەكلایی بكرێتەوە و شارەوانییەكەی قەیووم بكرێت و بۆ خۆشی بخرێتە زیندانەوە.