ڕۆژی جیهانی منداڵان
3 مانگ پێش ئێستا
عمر محمد صالح - مامۆستای زانکۆ
جیهانە جوان و ڕەنگینەکەی منداڵان پڕە لە پاکی و بەرائەت، لە ئەمڕۆدا بەر لەهەر شتێک پەروەردەی منداڵەکانمانە بەرپرسیارێتی گەورەیە، بەهەر پاساوێک بێت ناکرێت فەرامۆشیان بکەین، دەرفەتێکی گرنگ و پێویستە لەسەر هەموو پەروەردەکاران بە ئاڕاستەی دروست پەروەردەی منداڵەکانمان، ئەوان شایستەی زیاترن، ئەرکە لەسەرمان هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی دونیایەکی جوانەکەیان شادی بەخش بکەین، بۆ ئەوەی توانا و لێهاتووییەکان بەرجەستە بێت.
زۆر پەیڤ وشەی جوان لەم ڕۆژەدا دێنە نووسین، بەڵام گرنگتر لەو پەیڤان بە جدی لە خەمی پەروەردەیان بین، دەزگا پەروەردەییان بە جۆرێک لە ڕاستیدا زۆربەیان هەموو هەوڵەکان بۆ فێرکردن تەرخان کردووە، پەروەردە و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی وڵات لە قۆناغەکانی باخچەی منداڵان و بازنەی یەکەمی بنەڕەتی دەست پێدەکات، بۆیە لە ئێستادا زۆر گرنگ و پێویستە گرنگی بە بەها پەروەردەییەکان بدرێت تاوەک بە هەموومان تاکێکی تەندروست و بە ئاگا بۆ ئایندە دروست بکەین، مامۆستایانی ناوەندەکانی خوێندن سکاڵایان هەیە لەمەڕ هەندێک ڕەفتاری نابەجێی فێرخوازان، ئەمە دەرئەنجامی فەرامۆشکردنی پەروەردەیە، بە جدی خەمی پەروەردە کەس و کارەکتەری دڵسۆزی دەوێت، کە خەمخۆران و پەروەردەکاران بەرپرسیارانە شان بدەنە بەر ئەم ئەرکە قورسە، (تێری دێری) نووسەرێکی بەریتانییە ئاماژە بە بابەتێکی گرنگ دەکات لەو بارەیە ئەو بڕوای وایە کۆمەڵگا پێویستی بەو هەموو دادگا و بەندیخانەنە نەدەبوو، ئەگەر مرۆڤەکان پەروەردەیەکی دروست بکرێن لە منداڵییەوە.