شیعری جوان
3 مانگ پێش ئێستا
حەمەسەعید حەسەن
لەمێژە شیعر دەنووسم، هەیە بە شیعری من سەرسامە، هەیە نا. من هەر شیعر نانووسم، ڕەخنەیش دەربارەی شیعر دەنووسم. کە وەک ڕەخنەگرێک سەرنجی شیعری خۆم دەدەم، هەست دەکەم وەک چۆن شیعری جوانم گوتووە، شیعریشم نووسیوە، هەنووکە ڕووکەش و ڕووتوڕەجاڵ دێتە بەر چاوم و بە خۆم دەڵێم: بریا ئەو شیعرەم نەنووسیبا.
شیعرم نووسیوە باس لە ئەڤینی نیشتمان دەکات و بە جوانی دەزانم. شیعرم نووسیوە، دەکەوێتە خانەی ئەدەبی بەرەنگارییەوە و بە جوانی دەزانم، شیعرم نووسیوە، ڕەنگدانەوەی جیاوازیی چینایەتییە و بە جوانی دەزانم، شیعرم نووسیوە زادەی خەمی دوورەوڵاتییە و بە جوانی دەزانم، ساتیرەشیعرم نووسیوە و بە جوانی دەزانم، وەلێ لەکن خۆم، جوانترین شیعرم ئەوانەن، بە کاریگەریی خۆشویستنی ژن نووسراون.
نیزار قەبانی یەکێک بوو لەو شاعیرە گەورانەی، دەیتوانی بەبێ ئەوەی چیرۆکێکی دڵداری لەئارادا هەبێت، جوانترین شیعری دڵداری بنووسێت. من بە پێچەوانەی ئەو شاعیرە مەزنەوە، لە هیچی نەبوو، ناتوانم شیعرێکی جوانی ئەڤینداری بنووسم. ناڵێم هەر شیعرێکی دڵداریی من بگریت، زادەی چیرۆکێکی ئەڤیندارییە، وەلێ هەر شیعرێکی دڵداریی من بخوێنیتەوە، لاپەڕەیەکە لە چیرۆکێکی ڕاستەقینەی دڵداری و زادەی ئەفسوونی ئەڤینی ژنێکە.
با هەست بە غەریبی نەکەی
ئەوە دڵم
وەرە بیکە بە نیشتمان
با هەست بە تەنیایی نەکەی
هانێ ئەوە دەستەکانم
وەرە بیانکە بە ستیان
جارێکیان ژنێک لەو ئەسکەندەنافیایە پێی گوتم: زۆر هەست بە غەریبی دەکەم. ئەو ڕستەیە هەوینی یەکێک بوو لەو شیعرانەم کە بە جوانیان دەزانم. کە شیعرەکەم بۆ خوێندەوە، گوتی: ئەوە جوانترین پێشنیازە، لە ژیانمدا گوێم لێ بووبێت. هەر لە هۆنراوەی (پەشیمانی)یەوە کە ١٩٧٠ نووسیومە و بە گۆرانی گوتراوە، تا دوا شیعری ئەڤینداریم، هیچیان زادەی وەهم نین. ئەوی چیرۆک بنووسێت، ناچارە هەم قارەمان بخوڵقێنێت، هەم ڕووداویش، نازانم چۆن هەندێک شاعیر، بەبێ هەبوونی ڕووداوێکی ڕاستەقینە، دەتوانن ببن بە قارەمانی شیعر! لە هەر شیعرێکمدا، بگۆ کەسی یەکەمی تاک بێت، شاکەسی ڕاستەقینەی شیعرەکە، خۆمم. ئەگەر قارەمانی شیعرەکانیشم نەبم، خۆم بە هەموو مانای وشەکەوە لەنێویاندام، بۆیە بڕوام بەو جۆرە ڕەخنەیە نییە کە تێکست لە نووسەرەکەی جوێ دەکاتەوە.
سوپاس بۆ خوێنەرانم کە هێندە متمانەیان پێمە، هەرگیز بڕوا ناکەن، شیعرم بۆ تارمایی گوتبێت، قەت بڕوا ناکەن درۆیان بۆ بهۆنمەوە. سوپاس بۆ ئەوانەی کە دیمانەیان لەگەڵدا ساز کردووم و هەر لە سەرەتاوە لێیان پرسیوم: بەڕاست ئەو شیعرە ناسکانە بۆ کێ دەڵێیت؟ داوای لێبوردن لە هەموو ئەوانە دەکەم کە خۆم لەو پرسیارەیان دزیوەتەوە.