وەرزش و رێكردن

3 مانگ پێش ئێستا

بەپێی توانات ئەركەكانی ڕۆژانەت جێبەجێ‌ بكە. پیادەڕەوی وەرزشێكی بەسوودە بۆ پشت و ماسولكەكانی، ماسولكەی بەهێزی پشت یارمەتیدەرێكی باشە بۆ بڕبڕەكان تاكو فشاری زۆر نەخەنە سەر دیسكەكان.
تاكوو زیاتر بجووڵێیت و بەپێ بڕۆی ئەگەری چاكبوونەوەت زیاترە، بۆیە ئێستا ئێمەی پزیشكانی ئێسک و جومگە رێنمایی تووشبووان دەكەین تەنیا كەمتر لە پێنج رۆژ پاڵبكەون لەكاتی نۆرەی ئازارە توندەكاندا. بۆ شێوازی نووستنیش كامەیان زۆر ئاسوودەت دەكات ئەوەیان جێبەجێ بكە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك رێنمایی گشتیی هەن لەوانەیە بۆ زۆرینەی تووشبووان باش بن، لەوانە: راكشان لەسەر بێدێكی نیمچەرەق نەك ئیسفەنجی، هەروەها راكشان لەسەر لا و پشتییەك بخەیتە نێوان هەردوو ئەژنۆت.
●چارەسەری دەرمانی:
لە چەند رۆژی نۆرە ئازارەكاندا بە رێنمایی پزیشكەكەت بە ڕێك و پێكی دەرمانی دژی ئازار و هەوكردن (مەبەست دژە بەکتریا نییە) بخۆ، نەوەك تەنیا كاتێك ئازار بێزارت دەكات. لە نموونەی ئەوانە پاراسیتۆڵ و پرۆفین و هاوپۆلەکانیانە.
هەندێكجار دەرمانی خاوكەرەوەی ماسولكەشت بۆ دیاریدەكرێ.
جگە لەوانە دەرمانی دیكەش زۆرن كە ئەگەر پێویستی كرد پزیشك بۆماوەی دیاریكراو دەیاننوسێ.
● چارەسەری سرووشتی و فیزیایی:
لە هەندێ‌ لە حاڵەتەكاندا ئەو وەرزشە تایبەتییانەی بە رێنمایی پزیسکی ئێسک و جومگە و لەڕێگەیکارمەندی چارەسەری سرووشتییەوە فێریان دەبی سوودێكی بەرجاویان هەیە و کار بۆ بەهێزکردنی ماسولەکانی پشت دەکەن، هەروەك چارەسەری فیزیاییش هەن كە بۆ هەندێك لە تووشبووان بەسوودن.
● نەشتەرگەری:
ئەگەر نۆرەی ئازارەكە لە 6 هەفتە زیاتری خایاند بێ چاكبوونەوە و شێوازی ژیانی كەسەكەی شێواند، یان سەرەڕای چارەسەرەكانی دیكە هەر بەرەو خراپی دەچوو، یاخود لەمپەر بۆ میزكردن و پیساییكردن درووستبوو، پزیشك بیر لە رێگەچارەی نەشتەرگەری دەكاتەوە، کە لە پسپۆڕیی پزیشکانی نەشتەرگەری مێشک و دەمار، یان نەشتەرگەریی شکاوییە..
نەشتەرگەرییەكە بۆ ئەوەیە ئەو بەشە دەرپەڕیوەی دیسكەكە ببڕێت و فشاری سەر دەمارەكە نەهێڵرێت.
لە هەندێ‌ كەسدا دوای نەشتەرگەریش ئازار هەر بەردەوام دەبێت و تەواو چاك نابێتەوە.
بەگشتی 90-95%ی حاڵەتەكانی ئینزیلاق بەبێ نەشتەرگەری كۆنترۆڵ دەكرێن.
رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی نۆرەكانی ئازار:
1-پیادەڕەوی و وەرزشی ئاسایی باشترین رێگەن.
2-هەروەك گرنگە تووشبووان كێشیان رێكبخەن و خۆیان لە قەڵەوی بپارێزن، چونكە بەوە فشار لەسەر دیسكەكانیان كەمدەكەنەوە.
3-خۆپاراستن لەو هۆكارانەی حاڵەتەكە خراپتر دەكەن، زۆر چەمانەوە و بەرزكردنەوەی قورسایی لەكاتی چەمانەوەدا حاڵەتەكەت لێ‌ خراپتر دەكەن.

سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم