سروودی ئینتەرناشیۆناڵ
3 مانگ پێش ئێستا
حەمەسەعید حەسەن
ئینتەرناشیۆناڵ هەر سروودی کۆمۆنیستەکان نییە، چەپەکان، سۆسیال دیموکراتەکان و ئەنارشیستەکانیش بە سروودی خۆیانی دەزانن. ئۆرجیناڵی ئینتەرناشیۆناڵ، یوژێن پۆتێ (١٨١٦ - ١٨٨٧) کە کرێکارێکی فەرەنسایی و ئەندامی کۆمۆنەی پاریس بوو، لە یونیی ١٨٧١دا، هاوزەمان لەگەڵ نسکۆی کۆمۆنەدا نووسیویەتی. ناونیشانی سروودەکە، ڕێزلێنانە لە ئینتەرناشیۆنالیزمی یەکەم کە ١٨٦٤ لە لەندەن پێک هێنرا و لە ١٨٧٦دا هەڵوەشایەوە. تێکستی ئینتەرناشیۆناڵ، لەبەر ڕۆشناییی مانیفێستی کۆمۆنیستدا، چەوساوەکان بۆ ڕابوون هان دەدات. سەرەتا یوژێن پۆتێ خوازیاربوو تێکستی ئینتەرناشیۆناڵ، بە هەمان ئاوازی مارسێلیێز، (سروودی نیشتمانیی فەرەنسا) بگوترێت کە لە کۆتاییی ئەپریلی ١٧٩٢دا، (کلۆد دی لیسلە) نووسیبووی، بەڵام (پیێر دیگیتەر)ی (١٨٤٩ - ١٩٣٢) دارتاشی دەستڕەنگین کە کۆمپۆزیتوێریش بوو، میلۆدیی بۆ دانا.
لە ١٩٠٤ بە دواوە، ئینتەرناشیۆناڵ کە ناوبەناو لە گەلێک لە وڵاتانی ئەورووپایش قەدەغە دەکرا، بوو بە سروودی بزووتنەوەی کرێکارانی دنیا و بۆ زۆر لە زمانانی گەلان تەرجەمە کرا. ئینتەرناشیۆناڵ کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٧ تا ١٩٤٤ سروودی نیشتمانیی یەکێتیی سۆڤیەت بوو، شانبەشانی سروودی نیشتمانی، لە گەلێک وڵاتی دیکەی سۆسیالیست و کۆمۆنیستدا دەگوترا و تا ئێستایش لە یەکی ئایاردا، لە سەرانسەری دنیادا دەگوترێت.
ئینتەرناشیۆناڵ شیعرێکە لە شەش کۆپلە پێک دێت، کە ڕۆژنامەنووس هەنریک مێناندەر (١٨٥٣ - ١٩١٧) لە ١٩٠٢ دا، دەیکات بە سوێدی، کۆپلەی پێنجەمی تێکستەکە بەو پاساوەی چەوساوەکان بۆ خەباتی چەکداری هان دەدات، بە گونجاو نازانێت و فەرامۆشی دەکات. دواتر ئینتەرناشیۆناڵ چەند جارێکی دیکە، بە کۆپلەی پێنجەمیشەوە، تەرجەمەی سوێدی دەکرێت، بەڵام کرێکارانی سوێد، هەر وەرگێڕانەکەی هەنریک مێناندەریان بەلاوە پەسەند دەبێت.
لەسۆنگەی درێژیی شیعرەکەوە، لە زۆربەی وڵاتاندا، هەڵبژاردەیەک لە تێکستەکە دەگوترێت، نەک هەمووی. کە لە دەستی دووەمەوە، ڕەنگە دەستی سێیەمیش بووبێت، کراوە بە کوردی، نیوەی تێکستە ئۆرجیناڵەکە فەرامۆش کراوە. ئینتەرناشیۆناڵ لای کەم دوو جار تەرجەمەی کوردی کراوە، یەکەم جار جەلال دەباغ و دواتر موسڵیح شێخولئیسلامیی ناسراو بە ڕێبوار. (لێ دەن هەتا ئاسن گەرمە. ج. د.) یان: (بکوتین بە گەرماوگەرمی ئاسنمان. ڕێبوار) ئەو ئیدیۆمە کە دواتر لای (لینین) دەبێت بە: (دوێنێ زووبوو، سبەینێ کات بەسەر چووە،) لە تێکستە ئۆرجیناڵەکەدا هەیە و جێی بایەخی هەردوو وەرگێڕە کوردەکە و وەرگێڕانی سوێدی و ئینگلیزی و عەرەبییش بووە.
(هەستن ئەی هۆزی بەشمەینەتان،
ئەی خێڵی بەرهەمهێنەران. ڕێبوار)
هۆز و خێڵ، گونجاو نین و لە دەقە ئۆرجیناڵەکەیشدا نین، شەڕی پرۆلیتاریا، شەڕێکی ڕەوای چینایەتییە، نەك شەڕی پۆخڵ و ناڕەوای نێوان هۆز و خێڵەکان.
هەڵسن لە خەو کۆیلە و (برسی) ئەم جیهانە
ئەی ئەوانەی ساڵ دوانزەی مانگ (برسی)تانە. جەلال دەباغ
ئەوەی کە برسی دووبارە بووەتەوە، هەم شیعرەکەی پێ لاواز بووە و هەم لە دەقە ئۆرجیناڵەکەیشدا، یەک جار وشەی برسییەتی دێت، نەک برسی.
بە بەراوردێکی خێرای نێوان دوو وەرگێڕانە کوردییەکە و دەقە ئۆرجیناڵەکە، کە بە عەرەبی، سوێدی و ئینگلیزییش لەبەر دەستمدایە، ئەوە بە ڕوونی بەدیار دەکەوێت، هیچ کام لە دوو وەرگێڕە بەڕێزە کوردەکە، چونکە لە بواری هونەری وەرگێڕاندا شارەزایییەکی باشیان شک نەبردووە، بە لایانەوە جێی بایەخ نەبووە، دەستپاکیی تەواو ڕەچاو بکەن. هەقە ئەوەیش بڵێم، وەرگێڕانەکەی جەلال دەباغ، گەلێک لەوەی ڕێبوار، جوانتر و لەسەر زار خۆشترە.
*
(*) دەقی وەرگێرانەکەی جەلال دەباغ، سەرەتا لە ١٧/٢/١٩٧٤ دا، لە ژمارە (٨٧)ی (بیری نوێ)دا و دواتر لە ٦ی مەی ٢٠١٢ دا لە سایتی (کڵاوڕۆژنە)دا بڵاو کراوەتەوە.
(**) وەرگێڕانەکەی ڕێبوار لە ٩/٦/٢٠١٢ دا لە ئەکاونتی لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا بڵاو بووەتەوە.