دوای بڕیارەکەی دادگا، پارتی و یەکێتی بە نیازی چین؟
3 مانگ پێش ئێستا
دڵشاد ئەنوەر
سەرباری تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەو بە نادەستوری ناساندنی درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام یەکێتی و پارتی هەر لایەنەو بە هۆکارێکی جیاواز بێ دەنگن، ڕەنگە ئەم بێدەنگییە بۆ هیچ لایەکیان تاسەر نەبێت، سەرباری ئەوەی کارتی هەردوولایان بەهێز نییە.
ئەجێندای پارتی و یەکێتی بۆ قۆناغی داهاتوو جیاوازن لە یەکتری، پارتی چاوەڕوانی چۆنییەتی پەسەند کردنی بودجەو یەکێتیش چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکانیەتی لە دادگای فیدراڵی عێراق.
پارتی
پارتی نیگەران نییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەلایەن دادگاوە، چونکە گەر هەڵبژاردن بەیاسا کۆنەکە ئەنجام بدرێ، هەرێم وەکجاران هەر یەک بازنەیە و کورسی پێکهاتەکان وەکو پێشوترەو دۆخەکە لە زیانی نییە.
ئەوەی پارتی نیگەران کردووە، ترسییەتی لەوەی سکاڵاتۆمار کردن لە دادگای فیدراڵی ببێتە نەریت، حیزب و سەرکردەکانیشی دووچاری گرفتی یاسایی بکرێنەوە، بەتایبەت لە هەنگاوەکانی داهاتووی عێراق تێگەیشتووە.
بۆیە پارتی سەرباری ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە زەرەری نییە، بەڵام نیگەرانەو خەریکبوو بارزانی بڕیارەکەی دادگا ڕەتبکاتەوەو بڵێ قەبوڵی ناکات، پاشگەز کرایەوەو داوای دان بە خۆدا گرتن و چاوەڕوانی لێکرا.
جیاواز لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، پارتی زۆر نیگەرانە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق کە بەدەنگی زۆرینە لە لیژنەی دارایی تێپەڕێنراوە و ئامادە کراوە تا لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێ.
پارتی هێشتا بە ئومێدە گۆڕانکاری لە پرۆژە یاساکەدا بکرێ، بۆیە بێدەنگی هەڵبژاردووە، گەر پرۆژەکە بە زۆرینە تێپەڕێنرێ، سەردەمی بێدەنگی پارتی کۆتایی دێت و جارێ تر کێشمەکێش سەرهەڵدەداتەوە، خۆ گەر خواستەکانی پارتی لەبەرچاو بگیرێ لە پرۆژەی بودجە دۆخەکە لەگەڵ ئێستا زۆر جیاوازی نابێ.
یەکێتی
یەکێتی نیگەرانە لەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەوڵەکانی لەمەسەلەی کورسی پێکهاتەکان و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و بە چوار بازنەکردنی هەرێم گەڕایەوە بۆ چوارگۆشەی سەرەتا و دەبێت هەڵبژاردن بەیاسا کۆنەکە بێت، بەڵام هێشتا چاوەڕوانە!
بڕیاربوو ڕۆژی ٣/٥ دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام یەکێتی خێرا ڕۆژی ٢/٥ لە بەغدا سکاڵای تۆمار کرد، بۆیە دادگا بڕیارەکەی بۆ کۆتایی مانگی رابردوو دواخست.
یەکێتی بەرچاوی ڕوونبوو، دادگا پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێم سفر دەبێتەوە، بۆیە پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، لە هەمان دادگا سکاڵای تۆمار کردووەو داوای بەچوار بازنەکردنی هەرێم و دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن دەکات.
یەکێتی سەرباری ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لەبار برد، بەڵام چاوی لە دادگای فیدراڵییە سکاڵاکانی یەکلایی بکاتەوەو هەرێم پابەند بکات بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن.
واتە پارتی و یەکێتی بێدەنگن، پارتی چاوەڕێی چۆنیەتی تێپەڕاندنی یاسای بودجە و یەکێتیش چاوی لەسەر سکاڵاکانیەتی لەدادگای فیدراڵی.