دیكتاتۆر و فوتبۆڵێن

03/03/2021

هونەر تۆفیق

هونەر تۆفیق 
جیهانی وەرزش لە ڕۆمای كۆنەوە (ئارێناكان) گۆڕەپانێك بووە بۆ نمایشكردنی كێبڕكێكان . سیاسیەكانیش هێز و جەبەروتی خۆیان لە دروستكردنی گۆڕەپان و پاڵەوانەكانیدا نیشانی خەڵكداوە . 

پەیوەندی نێوان دیكتاتۆر و وەرزش، پەیوەندیەكی دوو سەرەی نمایشكارانەیە. هەمیشە دیكتاتۆرەكان وەرزش، بەتایبەتی كایە جەماوەریەكەی كە تۆپی پێ یە، بەكاردێنن بۆ خۆنمایشكردن لەڕێگای گروپ و یانە و ئەستێرەكانی تۆپی پێوە. زۆرجار ئەستێرەكانیش لە غەفڵەت و سادەییانەوەبێت یان لە زۆرزانی و ماشینەوەی دەستكەوتی مادیەوە بێت ڕازیبوون بەو یاریەی لەدەرەوەی گۆڕەپانەكانەوە دیكتاتۆرەكان پێیان دەكەن . 

هیتلەر و مۆسۆلۆنی لەپاش سەردەمی ڕۆما، دوو داهێنەرترین دیكتاتۆری بەكارهێنەری وەرزش بوون بۆ نمایشكردنی كەسایەتی سیاسی خۆیان. 
سەرەتای نمایشی جیهانی نازیەكان لە سازدانی ئۆلمپیادی ١٩٣٦ ی بەرلەینەوەبوو كە هیتلەر بەخۆی سەرپەرشتی كردووە. 
فرانكۆی دیكتاتۆری ئیسپانیش دەستێكی باڵای هەبووە لە بەكارهێنانی تۆپی پێ بۆ نمایشكردن و بەجەماوەری كردنی كەسایەتی خۆی. یانەی ڕیاڵ مەدریدی كردبووە پێشانگا و خۆی لێوە نمایشدەكرد. 
فیدڵ كاسترۆی دیكتاتۆری كوبیش ئەستێرەی تۆپی پێی جیهانی مارادۆنای بەهەمان مەبەست بەكاردەهێنا. 
كیم ئۆنی دیكتاتۆری كۆریای باكووریش لەگەڵ پاڵەوانەكانی وەرزشی جیهانیدا سەخی تەبیعەت و دەستكراوەیە لەبەخشینی دیاریەكانی بە ئەستێرە وەرزشیە ئەمریكی و یابانی و ئەوروپیەكان. 
بۆ بەجەماوەری كردنی كەسایەتی خۆی. ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی دیكتاتۆری توركیش وەك كۆنە وەرزشوانێك، دەستێكی باڵای هەیە لە بەكارهێنانی وەرزش و ئەستێرەكانی فوتباڵدا بۆ بەجەماوەری كردنی كەسایەتی خۆی. لەهەمان كاتدا وەرزشوانە زرنگەكانیش كە دژ بە سیاسەتی بەكارهێنانیانن لەلایەن دیكتاتۆرەوە لە توركیا دووردەخرێنەوە و وەك دوژمن سەیریان دەكرێت . 

ئەم جۆرە خۆنمایشكردنەسیاسیە لەڕێگای وەرزش و ئەستێرەكانی فوتباڵەوە بەڕەهایی هەموو دیكتاتۆرەكان ئارەزووی تاقیكردنەوەی دەكەن لە سەدام حوسەین و قەزافیەوە تا بچوكترین دیكتاتۆری دنیا وەك ئەوەی هەرێمی كوردستان .