پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دوای بودجە

08/04/2021

جەعفەر عەلی

  جەعفەر عەلی
   لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و پێكهێنانەوەی دەزگاكانی دەسەڵات لە بەغدا، هەرگیز پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هێندە پتەو و سەقامگیر نەبووە، نە هەولێر و نە بەغدا بتوانن كار و بەرنامەی سیاسی و ئابووری خۆیان لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییانە دابڕێژن.
   هەڵكشان و داكشانی پەیوەندییەكان لە هەندێ قۆناغدا گەیشتووەتە ئاستی دابڕان و بایكۆتی سیاسی و كۆمەڵایەتی جومگەكانی یەكەمی بڕیار و دەسەڵات، تایبەت ئەو كاتەی مالكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و مەسعود بارزانیش سەرۆكی هەرێم بوو. 

   ریشەی پەیوەندییەكان جگە لەو سەردەمەی كە دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا ئۆپۆزیسیۆنی بەعس بوون، لە ژێر باری ناچاری و بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ناوچەیی و جوگرافی هەرێم، هەرگیز لە دۆخێكی ئاسایی و نموونەی پەیوەندی نێوان دوو بەرەی سیاسی و  هاونیشتیمانی هەڵگری یەك ناسنامەی قانونی هاوبەشی ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی نەبوون. دەتوانین بڵێین دۆخی پەیوەندییەكان بە ئێستای دوای پەسەندكردنی بودجەی عیراق و سازانی هەولێر و بەغداشەوە، لە ئاستێكدایە، بچووكترین لێكتێنەگەیشتن، یان بیانووی پێویستە، تا گێچی پەیوەندی و رێككەوتن و ئەنجامی سەفەرە مەكوكییەكانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا، لە یەك چركەدا بێنێتەوە سەر سفر. ئەم دۆخی پەیوەندییە لەرزۆكە، تەنیا پەیوەندی بە مەسەلەی بودجە و پارەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو وەحشە ترسناك و تاریكەوە هەیە، كە لە ناخی دۆزەخی سیاسییەكانی هەولێر و بەغدادا دەژی، وەحشێك، نە تەنیا  توانا و هێزی بیركردنەوەی ناگاتە ئاستی هەڵكشانی پتەوكردنی بنەما هاوبەشە نیشتیمانییەكان، بەڵكو زۆر لەوە بچووكترە ئەو بۆشایی و درزە مێژووییە گەورانە چارەسەر بكات كە لە نێوان هەر دوو لادا هەن و مەرجی دروستكردنەوەی متمانەش دەبن بۆ ئایندەی ژیان و سیاسەت و كاری بە یەكەوەیی لە عیراقدا. ئەو عەقڵەی لە برینەكانی مێژووەوە بنەماكانی گوتاری سیاسی دادەڕێژێت، هەرگیز لە دونیای هاوچەرخدا، ناتوانێ هەنگاوێك بە قازانجی دیموكراسی و داڕشتنی پەیوەندی سیاسی دروست، بچێتە پێش. 

   سیاسییەكانی هەولێر و بەغدا، شەیتانەكانی ناوەوەیان هێندە بە ئاگا و زیندووە، خەون بینینێكیان بەسە بۆ ئەوەی لە چركەساتێكدا دۆخەكە لە رێككەوتنەوە بگۆڕن بۆ گرژی، ئارامی سیاسی و بوژانەوەی ئابووری بگۆڕن بە سەرزەمینێكی دۆزەخی بۆ هاوڵاتییەكانیان. ئاسانترین شتێك كە سیاسییەكان دەتوانن بیكەن و بە پلەی ئیمتیازیش تێیدا سەركەوتوون، خوڵقاندنی دۆزەخە، ناشیرینكردنی جوانی و بەتاڵكردنەوەی ژیانە لە مانا. 

   ئەوان چونكە سیاسی ناهۆشیار بە زانستی سیاسی، دامەزراوەی نیشتیمانی، ئازادی و مافی ئینسانن، بەردەوام خەریكی فڕێدانی دروشمی قەبەی ناواقیعی، ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكان و تێكدانی ژیانی گشتی و ئاشتی كۆمەڵایەتین. ئاخر ئەگەر سیاسی بوو بە بازرگان، شەڕەكانی بە ناوی دیموكراسی، دەستور، نیشتیمان، نەتەوە و ماف و ئازادییەوە دەیكات، شەڕی راستەقینە نین و جەوهەری شەڕەكە گوزارشت لە دیوە دۆزەخییەكەی ناوەوەیان ناكات، چونكە پاڵنەری سەرەكی شەڕەكە لە تاریكی و دیوی ناوەوەیاندا پەنهان و شاراوەیە. ئەوەی لە شەڕدا خۆی بەیان دەكات، ئەوەی هاوار دەكات و پۆپۆلیستانە یاری بە هەست و هۆشیاری عەوام دەكات،  دیوە رووكەش و ساختەكەیە، نەك دیوە راستەقینە شاراوەكە. ئەم قسەیە هەم بۆ ئەو سیاسییانەی لە دەسەڵاتدان، هەم بۆ ئەوانەش كە لە ئۆپۆزیسیۆندان، راستی زۆری تێدایە. 

   سیاسی پۆپۆلیست، سیاسی بازرگان، هەر دووكیان پێویستیان بە عەوام، پێویستیان بە خەڵك هەیە، نە سیاسی پۆپۆلیست بێ عەوام دەژی، نە سیاسی بازرگان لە دەرەوەی خەڵك و بازاڕدا دەتوانێ سەرمایەی كەڵەكەبووی قەبەتر و گەورەتر بكات، بۆیە هەردووكیان وەكیەك شەڕی داگیركردنی دڵ و هۆشیاری خەڵك دەكەن، نەك ئازادكردنی. كێشەی سیاسەت لە هەرێم و عیراقدا هەر ئەوەیە، كە سیاسەت وەزیفەی بنەڕەتی خۆی لێوەرگیراوەتەوە و كراوە بە سەرپۆشێك بۆ داپۆشینی شكست و دۆڕان، كراوە بە بزوێنەری سەرەكی بە گەڕخستنی ماشێنی حەزە شەخسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەكان. تا سیاسەت بەم فۆرم و تێگەیشتنە لە عیراق و هەرێم درێژەی هەبێت، هەموو چركەساتێك ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەر رێككەوتنێك هەیە، هەموو رۆژێك لەبەردەم گێمێكی دیكەی پەیوەندی گرژ و ئاڵۆز و دیسانەوە تۆمەتباركردن و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆی بێزەنتیدا وەستاوین.