تیمی مێروولەی سپی

08/04/2021

فەیسەڵ عەلی

فەیسەڵ عەلی
بەپێی تێگەیشتنمان لە زیرەكی، زۆربەمان هیواخوازین كە خۆمان و منداڵەكانمان خاوەن رێژەیەكی بەرزی زیرەكی بین تاوەكو بتوانین لە ژیانماندا سەركەوتوو بین و بەسەر كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەماندا زاڵ بین، كۆی بیركردنەوەمان بۆ زیرەكی لە پێناسەیەكی سنورداردا كورت دەكەینەوە، ئەویش لە پرۆسەی خوێندن بە تایبەتی لە كۆتا قۆناغی ئامادەیی نمرەیەكی بەرز بهێنن تاوەكو لە باشترین زانكۆ و باشترین كۆلیج وەربگیرێن، پاشانیش وەزەیفەیەكی باش بۆخۆیان مسۆگەر بكەن، ئەوكات زۆر دڵخۆش دەبن و پارەیەكی باش بەیەكەوە دەنێن، بەڵام واقیعی زیرەكەكان و ئەو توێژینەوەی لەسەریان كراون، وات لێدەكات سوپاسگوزاری ئەوە بیت كە لەوان نیت. 

بۆ زانینی ئاستی پەیوەستبوونی زیرەكی و شادمانی و سەركەوتووی، لویس تێرمانی دەروونناسی فەڕەنسی لە ساڵی 1926دا، توێژینەوەیەكی تاقیگەیی لەسەر كۆمەڵێك منداڵی بەهرەدار ئەنجامدا، تێرمان لە قوتابخانەكانی كالیفۆرنیا بەدوای هەرە زیرەكەكاندا گەڕا، دواتر (1500) قوتابی دەستنیشان كرد، كە ئاستی زیرەكییان لە (140) بەرەو سەروو دەست پێ دەكات، (80) قوتابییان ئاستی زیرەكییەكەیان (170)ی تێپەڕاند.
ئەو قوتابییانەی بە (مێرولەی سپی) ناونا، بە ئێستاشەوە سەركەوتن و شكستەكانیان لە ژێر توێژینەوەدایە.
بەڵێ هەندێك لەوانە سامان و ناوبانگیان بەدەست هێنا، لەوانە جیس ئۆبنهایمەری شانۆنووس، بەڵام بەشێكی دیاری ئەندامانی تیمی مێرولەی سپی، بوونە خاوەن كاری زۆر ئاسایی، وەك دەریاوان و نووسەری ئامێری چاپ، تا بە جارسۆنی چێشتخانە و بارەكان دەگات.
تێرمان بەو دەرئەنجامە گەیشت كە زیرەكی و سەركەوتن بە یەكەوە پەیوەست نین.
هەروەها زیرەكی بە درێژایی ساڵانی ژیانیان بەختەوەری بۆ دەستەبەر نەكردوون، ئاستی لێكجیابوونەوەی خێزانی، راهاتن لەسەر ماددە هۆشبەرەكان، خۆكوشتن لەو تیمە لە هەمان ئاستی كەسە ئاساییەكانی ناو كۆمەڵگە بوو.

رەنگە لە گرنگترین هۆكاری شكستی ئەو زیرەكانە دەركركردنیان بوو بێت بە بەهرەمەندی خۆیان، چونكە دوای ئەوەی لە دوای (80) ساڵ، لەمەڕ رەوتی ژیانیان پرسیار لە تیمی مێرولەی سپی كرا، هیچ سەركەوتنێكی خۆیان بیر نەبوو، بەڵكو باسیان لەو پرسانە كرد كە لە دەستەبەركردنیدا شكستیان هێناوە، لەبەر ئەوەی بەو ئامانجانەی لە گەنجێتیدا بۆ خۆیان دیارییان كردبوو نەگەشتن.

زۆربەری زیرەكەكان بەدەست دڵەڕاوكێوە دەناڵێنن، ئەو دڵەڕاوكێیەیان لە هی كەسانی ئاسایی جیاوازە، ئەوان بۆ زۆر پرس و بۆ ماوەی درێژ لە رۆژێكدا دوودڵی دایان دەگرێت.

جێی داخە، كە زیرەكییان نابێتە یارمەتیدەری بڕیاردانی دروستیان، یان بە رێگەیەكی دروست بڕیار لەسەر پرسەكانی ژیانیان بدەن، یان بە عەقلانی حوكم لەسەر گرفتەكان بدەن، ئەوان دووچاری كوێری بەهرەمەندی خۆیان بوونە.

بەڵام ئەندامانی رێكخراوی (منسا) كە ئەندامانی رێژەی زیرەكییان لە 98٪ بەرزترە، زیاتر لە كەسە ئاساییەكان دووچاری ناجێگیریی مەترسیدار بوونەوە، وەك خەمۆكی، تێكچوونی میزاج، وەسواسی، لاوازبوونی هۆشداری لەگەڵ زیادبوونی چالاكی، هەروەها هەستیاریی ژینگەیی وەك رەبو، نەخۆشی نەمانی خۆپارێزی ( نقص المناعە)، هۆكارەكەیشی بۆ چالاكی لە رادەبەری مێشك لە لەشێكی لە رادەبەری هەستیار بە هۆكاری دەرەكی.