ملیاردەها دۆلاری تریش
24/01/2023هونەر تۆفیق
هونەر تۆفیق
یاسای ٦٤ی ١٩٧٦ ی هەموارکراو لە ١٩٨٨ دا، تایبەت بە چاودێری حەواڵەکردنی پارە لە بانکی مەرکەزی عێراقەوە تا ئێستا ئیشی پێدەکرێت . بەهیچ جۆرێک ڕێگە بە عێراقی نادات پارەی ناوخۆ بۆ وەبەرهێنان و بەناوی کاسپیکردن لەدەرەوەی عێراقدا ببرێتە دەرەوە . مەگەر کڕین ( هاوردە) یان سەفەر و گەشت یان بۆ خوێندن نەبێت . هەرچی پارە بردنە دەرەوەیەکی ناوخۆ کراوە نایاسایی و دژ بە ئابووری ناوخۆبووە .
بەدەر لەو سپی کردنەوەیەی وەک بۆمبێکی گەورە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە تەقیوەتەوە . دوو ڕێگای دیکەی پارە بردنە دەرەوە دەکرێت :
یەکەمیان : پاسپۆرت - جنسیە کڕینی دەرەوە . لە ئەسڵدا هیچ وڵاتێک جنسیەی وڵاتەکەی نافرۆشێت ، بەڵکە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنی دەرەکی دەکات تاوەکو سەرمایە بباتە وڵاتەکەیەوە . بە بەهای دەیان ملیارد دۆلار پارەی ناوخۆ بۆ کڕینی ئەو پاسپۆرتانە براوەتە دەرەوە . بەپێ ی قەبارەی ئەو وەبەرهێنەی پارەی بردۆتە ئەو وڵاتە بە کڕینی ئوتێل یان کردنەوەی پرۆژەیەکی ئابووری وڵاتەکە ئامادەیی پێدانی پاسپۆرت - جنسیەی هەیە بۆ وەبەرهێن و ستافە ئیداری و تەکنیکیەکەی . دەشێت قەبارەی پارەی وەبەرهێنەکە بایی سەد کەسی ئیداری و تەکنیکی بێت . ئەو وەبەرهێنەی خلیجی یە یان لە هەر وڵاتێکی ترەوەیە ، مینحەی جنسیە - پاسپۆرتەکە لەژێرەوە دەفرۆشێتەوە بە سەدان هەزار دۆلار و کوردەکانی هەرێمی کوردستان ، بەناوی کرێکاری ناو پرۆژەیەکەوە لەو جۆرە جنسیانە دەکڕنەوە کە دژ بەیاسای حەواڵەکردنی پارەی ناو عێراقە بۆ دەرەوە .
دووەم : بەشەریککردنی کۆمپانیای دەرەکی . زۆربەی پارەدار و سەرمایەدارەکان ، لە وڵاتێکی خلیجیەوە کۆمپانیایەکی دەرەکیان لەسەر ناوی کەسێکی ئەو وڵاتە کردۆتەوە . بە وەهمی بەشێک لە پرۆژە و کۆمپانیاکانیان فرۆشتۆتەوە بەو کۆمپانیایانەی خۆیان لەدەرەوە . بۆئەوەی وەک فێڵێکی قانونی بەناوی سوود و داهاتی کۆمپانیا وەبەرهێنە دەرەکیەکەوە پارەکانیان کە لە داهات و قوتی خەڵکەوە دەستیان کەوتووە ببنە دەرەوە .
قەبارەی بردنە دەرەوەی ئەو دوو فێڵە یاساییە زۆر زیاترە لەو حەواڵە وەهمیانەی کە کراوە .