مێژووی یارییەك

6 مانگ پێش ئێستا

فەیسەڵ عەلی
زۆرێك عاشقی بوون، چ بە كردار یان بە كۆمپیوتەر یان لەڕێی ئینتەرنێتەوە یاری پێ دەكەن، كێبڕكێی و پاڵەوانێتی بۆ ساز دەكرێت.
یاریزان وزە نەرێنێیەكانی تێدا بەتاڵ دەكاتەوە و ماوەیەكی باش لە واقیعی حاڵ دووری دەخاتەوە، هەموو هۆش و خەیاڵی بۆ پلان و چۆنیەتی گەمەكردنی تەرخان دەكات. بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع یارییەكی هاوردە كراوە و بۆتە یارییەكی تاڕادەیەك جەماوەری و دەشێ هاوڕێیەتی و دۆستایەتی كۆتایی پێ بهێنێت.

ئەو یارییانەی هەمان كاغەزی تێدا بەكاردەهێنرێت فرەجۆرن، چ یارییەكی ئاسایی بێت یاخود قومار یان سیحر و خانوو دروستكردن بێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرن ئەوانەی مێژوو و رەمزیبوون و نیشانەی سەر كاغەزەكان نازانن، ئەستەمە بتوانرێت بەدواداچوون بۆ مێژووی ئەم یارییە لە شارستانییە كۆنەكاندا بكرێت، بەڵام نیشانە سەرەتاییەكانی كاغەزی یاری لە چین و هیندستان و میسرەوە بە دیار كەوتوون، هەندێك پێداگیری دەكەن كە سەرەتاكەی بۆ خێزانی پاشایەتی «تانگ»ی چین لە سەدەی نۆیەمی زایینی دەگەڕێتەوە، بەوەی لە سەدەی دەیەمی زایینی باسی ئەم یارییە لە ئەدەبی چینیدا كراوە، لەڕێی بازرگانیشەوە بۆ دەوڵەتانی تر گوازراوەتەوە، دوا ڤێرژنیشی لە فەرەنسا پەرەی پێدراوە.

پرسیارەكە ئەمەیە، نهێنی ژمارەی كاغەزەكانی چییە؟ كە ژمارەكەی 52 كاغەزە، هەر (13) كاغەزی لە یەك لەو چوار جۆرە ناسراوەیەتی، ناسنامەی كەسایەتییەكانی كێن؟

ژمارە (52) ژمارەیەكی هەڕەمەكی نییە، بەڵكو ژمارەی هەفتەكانی ساڵە، چوار جۆرەكەیشی نیشانەی هەر چوار وەرزەكەی ساڵە، هەردوو سورەكەی مانای هەردوو وەرزە گەرمەكەیە، وێڕای ئەوەی نیشانەی هێزی روناكییە، وەلێ هەردوو رەشەكەی نیشانەی هەردوو وەرزە ساردەكەی ساڵە، هەروەها نیشانەی تاریكیشە. دەشێ هێمای هەر چوار چینی كۆمەڵایەتیی سەردەمی كۆن و ناوەڕاست بێت، ئەوانیش، كوپ هێمای دەسەڵاتی پیاوانی ئاینی و كڵێسایە، سینەك سوپای دەوڵەتە و قەرە وێنای كشتوكاڵ و جوتیارانە و دیناریش واتە چینی بازرگان.

(بیلی) هێمایە بۆ گەوهەری شتەكان و سەرەتاكان، كاغەزە وێنەدارەكانی تر، مەلیك (شایب)، هێمای دەسەڵات و باوكایەتییە، لە كاتێكدا مەلیكە هێمای دایكایەتی و مرۆڤایەتییە، گەنجەكەیش هێمایە بۆ منی باڵای مرۆڤە و شەهوەتە، ئەمریكییەكان دواتر دوو جۆكەریان بۆ زیاد كرد، كە بوونی لە حەرەمی پاشاكانی سەدەی ناوەڕاست ئاسایی بوو، بۆ هەموو بارێك خۆیان دەگونجاند.