بەتاڵبوونەوەی سحری یەكێتیە نوێیەكە!!

2 مانگ پێش ئێستا

هاوبیر عومەر
لەدوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە، كە یەكێتی ناوی نابوو كۆنگرەی نوێ بوونەوە، پارتی بە كاوەخۆ لەسەر هەر سێ ئاستی سیاسی و ئەمنی و ئیداری، دەیویست یەكێتی بخاتە بەر تاقیكردنەوەیەكی مێژوویی و بۆ دەیان ساڵی تر ئەوە بسەلمێنێ كە ... نەك ڤاكسینی كۆنگرە، بگرە یەكێتی بە نەشتەرگەریش ناتوانێ ببێتەوە ئەو حزبەی جورئەتی نەك ململانێ بەڵكو ڕكابەریش بكا .

لەسەر هەرسێ ئاستەكە حزبەكەی بەرزانی توانی یەكێتی سێ بە سێ تاڵاوی شكستی بە قورگا بكا، لە رووی سیاسیەوە هێندە بێ متمانەی كردووە هیچ پارتێ جورئەتی ئەوە ناكا راستەوخۆ یا نا، یەكێتی بە چاوێكی جیاتر ببینێ، یان لانیكەم وەك حزبێكی خاوەن ئەجێندای سەربەخۆ لەسەر ئاستە گشتیەكە دەركەوێ، پارتی بەپەرچەكرداری وورد وورد یەكێتی هێناوەتە ئەو ئاستەی كە هەموو ئەجێنداكەی ئەوە بێ پارتی چی ووت ئەم پێچەوانە بدوێ(نەك كار بكا).

لە رووی ئەمنیەوە، بە رۆژی رووناك پێشمەرگەی حزبەكەی لەناو ئاسایشی هەولێر تیرۆركرا جورئەتی ئەوەی نەكرد پرسەیەكی شایستەی لەناو هەولێر بۆ دابنێن و ئیستیسماری سیاسی لێ بكەن، رۆژانە بە پشتی پیكاب كادری لە بادینان دەستگیر دەكرێ نەك پێی بەرنادرێ بگرە ناتوانێ روخسەتی بینین بۆ خانەوادەكانیشیان وەربگرێ، جگە لەو فەوزا ئەمنیەی لە سنوورەكەی هەن... بەئاشكرا پرۆ پارتیەكان دەجوڵێنرێن بۆ گێچەڵكردن، دوای پەنجە ڕاوەشاندنیش بڕستی لێكۆڵینەوەشیان پێ نەماوە، كۆتا تەحەددی پارتی رادەست كردنەوەی سێ كادرەكەی پاراستن بوو كەتۆمەتباری هێرشەكەی سەر غالب محەممەدی پەرلەمانتار بوون، پارتی بەم كارەی دوا بزماری لەتابووتی جەبەرووتی یەكێتی دا لەژێر دەسەڵاتی خودی خۆی دا، توانی ئەو مەسجەی راوێژكارەكەی بەرزانی بكاتە كردار كە ووتی:راستە ئێمە حكومەت و پەرلەمانمان هەیە بەڵام قسەی كۆتایی بەرزانی دەیكا!
 
لە رووی حكومڕانیشەوە، یەكێتی هێندەی داینەمۆی هێزی پارتیە ئەوەندە بەتەنگ ناوبانگی حكومڕانی خۆیەوە نییە، یەكێتی لە ئێستادا هەموو هۆكارێكی ناماقوڵ و چەوێڵی ئامادەیە تا رۆژێ زیاتر درێژە بە شاگردی خۆی بدا لەناو سیستەمێكی حكومڕانی خێڵەكی دیكتاتۆریی دا، یەكێتی لە كایەی پەرلەمانیشدا نەك بڕیاربەدەست نییە بگرە سەرۆكەكەی ناتوانێ دانیشتنێ سەربەخۆ ببەستێ یا هەڵوەشێنێتەوە، لەحكومەتیشدا هێندەی خەمی مۆڕە كردنی سەرۆكەكەیانە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانا نیو هێندە بەتەنگ ناوبانگی زڕاوی حزبەكەیانەوە نین!