مەریخ چیمان پێ دەڵێت..؟

2 مانگ پێش ئێستا

لوقمان حەوێز، ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی تەكساس
دیمەنەكانی هەسارەی مەریخ، ئاماژەن بە شۆڕشێكی نوێ لەبیركردنەوە...
مرۆڤەكان لەوەتەی هەبوون لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی تا سەدەی شازدەهەمی زایینیش بە گشتی وایان زانیوە كە گەردوون پێكهاتووە لە پانتاییەكی تەخت كە ئەوان لەسەری ژیاون و پێیان ووتووە زەوی كە لەلای ئەوان سەنتەری هەموو گەردوون و بوون بووە، بە پێی لێكدانەوەكانیشیان خۆر و مانگ و ئەستێرەكانیش بە دەوری ئەو سەنتەرەدا سوڕاونەتەوە و بەو هۆیەوە شەو و ڕۆژ دروست بووە...

بەڵام لەسەرەتای سەدەی شازدەهەم و بە وردی لەساڵی 1514 ی زایینی گەردوونناسی بەناوبانگ نیكۆلاس كۆپەرنیكۆس زۆر بوێرانە ووتی: گۆی زەوی سەنتەری بوون و گەردوون نیە، تەنێكی زۆر تایبەتیش نیە، ئەم لێكدانەوە نوێیەی ئەو بە شۆڕشەكەی كۆپەرنیكۆس ناودەبرێت، ئەم لێكدانەوە و بۆچوونەی ئەو سەرەتای سەرهەڵدانی ڕابوونێكی زانستی نوێ بوو، ئیلهام بەخشیش بوو بۆ هەموو فیزیاناس و زاناكانی دوای خۆی كە بوێرانە و بێ ترس لێكدانەوە زانستیەكانیان بخەنەڕوو...
بێ گومان دوای ئەو بە نزیكەی 100 ساڵ زانای گەورە گالیلۆ گالیلی ئەوەشی سەلماند كە هەسارەی زەوی جگە لە سوڕانەوەی بە دەوری خۆر بە دەوری خۆشیدا دەسوڕێتەوە و بەو هۆیەوە شەو و ڕۆژ دروست دەبێت...

ئێمەش كە لەئێستادا هەین لە سەردەمێكی زۆر سەرنجڕاكێشدا دەژین، زانیاریەكانمان لەهەموو بوارەكان ئەوەندە زۆربوون و زۆر خێرا زۆرتریش دەبن، ڕۆژانە چەندەها شتی نوێ فێردەبین، وێنە و پشكنینەكانی سەر هەسارەی مەریخیش پێمان دەڵێن كە هەسارەكەمان كە تاوەكو ئێستاش تاكە جیهانە بۆ ئێمە پێدەچێت ئەوەندە شوێنێكی تایبەتی نەبێت لە گەردوون، ئەوەتا هەسارەیەكی تر كە بەپێوەرە گەردوونیەكان بێت لەپاڵ ئێمەیە، بەڵام وەكو زەوی چەم و شاخ و گڵ و بەردی لێیە، ئاوی لێبووە و دور نیە پێشتر ژیانیشی لێ بووبێت...

پرسیارە گەورەكانیش ئەمانەن: بەپێی خەمڵاندنەكانی ئێستامان تەنیا لە گەلەئەستێرەی ڕێی كاكێشان پتر لە 40 ملیار هەسارە هەیە كە لە زۆنی گونجاون بۆ ژیان، واتە دوریەكانیان لە ئەستێرەكانیان ڕێگە دەدات بە سەرهەڵدانی ژیان تیایاندا ئەگەر پێداویستیەكانی تری ژیان بەرجەستەبوون، كەواتە دەبێت دۆخەكانی ئەو دەیەها ملیار هەسارەیە چۆن بێت..؟ ئاخۆ دەبێت لەچەندیان ژیانی سادە یان فرەخانەیی سەری هەڵدابێت..؟ 
ئەم ژمارەیەش تەنیا ئاماژەیەكە بە هەسارەكانی ڕێی كاكێشان كە تەنیا تاكە گەلەئەستێرەیەكە، ئەی باشە دەبێت چی بگوزەرێت لە گەلەئەستێرەكانی تر كە ژمارەیان تەنیا لە گەردوونی بینراو پترە لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە..؟؟! 
بۆ زانیاریشتان تێكڕای هەموو گەردوون گەلێك لە گەردوونی بینراو گەورەترە، بەڕاستی هەموو گەردوون و بوون سەرسوڕهێنەرە، ئەقڵ وەستێنیشە بۆیە ئیتر منیش لێرە دەوەستم..!

ئەم وێنەیەی خوارەوەش هی ناوچەیەكی سەر ڕووی هەسارەی مەریخە كە بە Gale.crater ناسراوە و بەكامیراكەی گالیسكەی گەڕۆكی كریاسیتی Curiosity.rover چركێنراوە...