فیلمی نۆمادلاند

2 مانگ پێش ئێستا

جەبار سابیر
هەمیشە سەرەوە‌ی كۆمەڵگە و دەوڵەت و شارەگەورەكان دیارن و شتێك دەڵێن و پیشان دەدەن كە زۆر جیاوازە لەوەی لە ژێرەوە و دوور لە چاوی كامێرا و خەڵك و خوا دەگوزەرێ. سیستەمی سەرمایەداری و دیموكراتی و لیبراڵی زۆری بۆ مرۆڤ كردووە، بەڵام زۆریشی لێسەندۆتەوە و ئەویش دواجار وەك سیستەمی كۆمۆنیستی مرۆڤ وەك برغوویەك دەبینی لە لاشەی ئامێرێكی زەبەلاحدا كە ناوی دەوڵەتە و هەمیشە بەسەر لاشەی مرۆڤدا دەڕوا و دەیپلیشێنێتەوە.

فیلمی نۆماد لاند یا مەملەكەتی كۆچەرییان ڕێك ژێرەوەی دەوڵەت و شارەكان پیبشان دەدات. لەوێدا دەبینین كە دەوڵەت و كۆمپانیا گەو‌رەكان كاتێك كاریان بە مرۆڤ نامێنێ و وەك مێشوولە خوێنی هەڵدەمژن ئەوسا یەكێكی تێهەڵدەدەن بۆ ماڵەوە و ئیتر دەبێ دەستو پەنجە لەگەڵ مردندا نەرم بكات و ئامادەبێ. ئەم فیلمە قێزەونترین دیوی سیستەمی سەرمایەداری و دیموكراتی و مافی هاوڵاتی ئەمریكیمان پیشان دەدات و پێمان دەڵێ گەر سەرمایەداری ڕووبەرێكی بچووكی بۆ مرۆڤ كردبێتە بەهەشت، ئەوا سەد بەرامبەر ئەو ڕووبەرە دۆزەخی بۆ دروستكردووە و دواجار هەموومان ڕەوانەی ئەوێ دەكات.

 ئەمە ئەوە ناگەیەنێ سەرمایەداری بۆگەنە و كۆمۆنیزم لەو باشترە، ئێمە سیستەمی كۆمۆنیزمیشمان بینی كە لە زۆر وڵات پەیڕەو كراو هەمان دۆزەخی بۆ مرۆڤ دروست كرد. ئەوەی دەگوزەرێ لە هەر دوو سیستمەكەدا ئامێرێكی زەبەلاحە كە بۆ مانەوە و بەردەوامی خۆی پێویستی بە خوێن و وزەی مرۆڤه و ئەو ئامێرەیش دەوڵەتە. 

ئەم فیلمە ڕووداوی زۆر گەورە و گرنگی تێدانییە، شتێكی وەك بەڵگەفیلمە، بەڵام بەو نەرمی و ساردی و هێواشییەی خۆی زۆرشتمان پێدەڵێ و شایەنی ئەوەیە بیبینین.