كورەكانی دین و نەتەوە

2 مانگ پێش ئێستا

هونەر تۆفیق 
لەپاش كەوتنی سەڵتەنەتی عوسمانیەوە ، ناوچەكە كورەیەكی بەجۆشە بۆ شەڕەكانی ئایین و نەتەوە . لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لەبری ئەوەی ئەو كورەیە ساردبێتەوە ، بەردەوام تینی زیاتر دەستێنێت. بۆچی؟
ئەو هێزە براوانەی بوونە میراتگری عوسمانیەكان (بەریتانی ، فەرەنسی ، ڕوس) بۆچوونی سیاسیان بۆ ناوچەكە لەسەرەتاوە لەسەر ئایین و نەتەوە داڕێژرابوو . 
ڕوسەكان بەخۆیان بنەمای سیاسی دەوڵەتیان لەسەر دوو نەیار بوو. یەكەم دژ بە ئەوروپیە كاسۆلیكەكان ، چونكە خۆیان ئەرسۆزكس بوون . دووەمیان عوسمانیە موسڵمانەكان. دواتر بەلشەفیكەكان دەستەڵاتیان گرتەدەست. بەجۆرێكی تر عەقیدەی سیاسیان داڕشتەوە كە شیوعەت بوو. كە عەقیدەی شیوعیەت هیچی كەمتر نەبوو لە عەقیدە ئایینیە دۆگماكەی پێشتریان .

فەرەنسیەكان دوو سەدە پێشتر لە ڕێگای دەوڵەتی عوسمانیەوە ڕێگەیان پێدرابوو سەرپەرشتی مەسیحیەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەناو سەڵتەنەتدا بكەن . مەسیحیەكانی توركیا و عێراق و سوریا و لوبنان بەسترابوونەوە بە فەرەنساوە . بۆیە سیاسەتی فەرەنسی لەناوچەكەدا لەسەر بەرژەوەندی پارێزی مەسیحیەكانی خۆرهەڵات داڕێژرابوو.

بەریتانیەكانیش لەهیندەوە تا میسر بایەخیان بە ڕەچەڵەك و نەتەوەكان دەدا. چونكە نەیاندەویست روس و فەرەنسیەكان بۆچوونە ئایینیەكانیان لەسیاسەتی ناوچەكەدا سەربگرێت. ئەوان جیاكاریەكەیان بە دابەشكردنی نەتەوەكانی بەسەر جیوگرافیای سیاسیدا جێبەجێدەكرد . 

لەگەڵ كەوتنی دەوڵەتی عوسمانیدا بەهاندانی پێشینەی سیاسی هەریەك لە ڕوس و فەرەنسی و بەریتانیەكان، دینی سیاسی و نەتەوەی سیاسی لەناوچەكەدا پەرەیان سەند. ئیخوانەكان لە میسرەوە دامەزران، لە شامەوە بزوتنەوەی قەومی عەرەبی بڵاوبوویەوە. هەروەها لەگەلانی تری پاشماوەی عوسمانیدا بیری نەتەوەیی بە پشتیوانی بەریتانیەكان دروستبوو. لە لوبنانەوە فەرەنسیەكان مەسیحیەكانیان كردە حیزبی سیاسی . 

لەناو ئەو كورەیەدا بەردەوام نەتەوە و ئایین بەجۆشە. پاشماوەی بەریتانیەكان لە هیند و پاكستان و بەنگلادیش و عێراقدا بەرهەمهێنەری شەڕی بەردەوامی قەومین. لە ئێراندا چونكە سیاسەتی ڕوسی زاڵبوو ئاسەوارەكەی لە كۆتاییدا بەرهەمهێنانی كۆماری ئیسلامی شیعی مەزهەبە. جەنگی ناوخۆی لوبنانیەكان بەرهەمی كورە فەرەنسی و بەریتانیەكەی مەسیحیەت و قەومیەتە. بەرهەمی كورەی ئیخوانەكانی میسر لە ترۆپكدا داعشەكانی دەوڵەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادیە. 

ئەو فۆرمانەی بۆ سیاسەت داڕێژرا لەپاش عوسمانیەكانەوە تا ئەمڕۆ ئیشی پێدەكرێت و خۆیان بەرهەمدێننەوە. تەنیا چارەسەریش كۆتایی هێنانە بەو كورانەی لەناوچەكەدا دین و نەتەوە جۆش دەدەن. دەنا لەسەر هەمان بنەماكانی كۆلۆنیالیزمی فەرەنسی و ڕوسی و بەریتانی بەردەوامی هەبێت، شەڕی دین و نەتەوە هەر لەبرەودا دەبێت .