تەكتیك و پلان...باشترین یاریزانەكانیش پێویستیان بە ئاراستەكردنە

5 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان
هەندێك جار تیپ یاریزانێكی سوپەرستار و بەناوبانگی تێدایە، بەڵام ئەنجامی خراپە، بزانە راهێنەر بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام و دەربازبوون لەو دۆخە، دەبێت چی بكات؟

كاتێك فێل جاكسن بووە راهێنەری باسكەی یانەی "شیكاگۆ بۆڵز" لە ساڵی 1989، خاوەنی تیمێك بوو " مایكڵ جۆردن"ـی تێدابوو، هەموو شتێكی ناو یاریگە بە سادەیی لە رێگەی ئەوەوە ئەنجام دەدرا.
 مایكڵ جۆردن خاوەنی زۆرترین سكۆر و زۆرترین ئەسیست بوو، هەروەها رێژەی زۆرترین گەڕانەوەی تۆپیش بوو پاش لە دەستدانی هەلەكان، بەڵام شیكاگۆ بۆڵز هیچ نازناوێكیان بەدەست نەدەهێنا . 

جاكسن بە شێوەیەكی زیرەكانە دەستی بە هەوڵدان كرد بۆ دوورخستنەوەی مایكڵ لەو ڕۆڵە سەرەكییەی، كە لە تیمەكەدا دەیگێڕا، بەردەوام ئەو رستەی دووبارە دەكردەوە "هیچ پیاوێك بە تەنیا ناتوانێت ببێتە دوورگەیەك، هیچ پیاوێك بە تەنیا ناتوانێت رێگەیەك بگرێتە بەر"، ئەمانە وشەگەلێكی ئاسان نین بۆ یاریزانێك لە لووتكەدایە، بەڵكو راهاتووە هەمووان پێی بڵێن "تۆ تاكیت، تایبەتیت و هۆكاری هەموو سەركەوتنەكانی" .

جاكسن وای لە ئەستێرەكەی كرد كەمتر پێشكەش بكات، زۆرجار بە تیمەكەی دەگوت، ئایا تێدەگەن لەوەی پێتان دەڵێم؟ هیچ كەس بە تەنیا بۆ هیچ كوێ ناڕوات، ئێمە پێكەوەین لێرەدا .

مایكڵ جۆردن دەیویست بەردەوام بێت لە گۆڵ تۆماركردن و پێگەی یەكەمی ریزبەندی گۆڵكاران بۆ خۆی بێت. وردە وردە جاكسن و مایكڵ جۆردن گەیشتنە هەمان دەرئەنجام، بڕیاریان دا مایكڵ جۆردن لە ریزبەندی یەكەمی ئامارە تایبەتییەكاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئاساییە ئەگەر خاڵەكانی بە بەراورد بە ئامارەكانی ساڵانی پێشوو داببەزن، تا یاریزانانی چواردەوری زیاتر گەشە بكەن . 

چی ڕوویدا؟
مایكڵ جۆردن رەزامەند بوو، بڕیاری دا لەپێناو سەركەوتنی تیمەكەیدا، كاریگەریی خۆی لە یاریگە كەمتر بكاتەوە. ئەو وەرزە ئاستی شیكاگۆ بۆڵز بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر بەرزبووە و دواتر توانیان شەش نازناوی NBA بەدەست بهێنن، ئەوەی جێگەی سەرنجە مایكڵ جۆردن هیچ نازناوێكی بەبێ فێل جاكسن نەبردەوە، بەڵام فێل بەبێ جۆردنیش نازناوی بردەوە، جاكسن هەمان كاری لەگەڵ كۆبی براینتیشدا ئەنجامدا.