من دووازدە مانگ بەڕۆژووم

14/04/2021

ئەژین عەبدولخالق
من ساڵێ یەك مانگ بەڕۆژی نابم لە تۆزێ خواردن و ئاو، من ساڵی دوازدە مانگ هەوڵدەدەم بە ڕۆژووبم لە هەموو ئەوانەی وا دەكەن نا مرۆڤانە دەركەوم. 
بە دەگمەن، ئەگینا قەت سێ ژەم ناخۆم ، بگرە زۆربەی جار یەك ژەم دەخۆم.
من لە بەڕۆژوو بوونم چاوەڕوانی هیچ پاداشت و حۆری و شەرابی بەهەشتێك نیم، من چاوەڕوانم ئەو دونیا ناشیرینەم تۆزێ دادپەروەرانەتر بەڕێوەچێ  بە دەست مرۆڤ.
لەوەتەی قۆناغی مناڵی و هەرزەكاریم تێپەڕاندوە، بە ئەنقەست نەمویستوە ئازاری كەس بدەم.
زۆر ئاسانیش بەدەممدا دێت داوای لێبووردن بكەم.
بڕوانامەی بەرزم هەیە لەبواری ئاین و تیۆلۆجیا، بەڵام قەت ڕۆژێ هەوڵمنەداوە بە جلێكی گرانبەها وەك شارەزاێكی ئاینی دەركەوم، و ئاین بكەمە سەرچاوەێك بۆ پەیداكردنی مووچەو پارە.
من بۆ ئاژەڵێك، مرۆڤێك لە ڕەنگ و ئاین و ئاكاری جیاواز  گریاوم لە هەر كوێیكی ئە  دونیایە بووبێ، هەندێكجار بۆ سووتانی دارستانێك گریاوم، و بە جێگای ئەوە چەندین نەمامم لە شوێنیتر چاندووە.
زۆرجار  گەر پارەم پێ نەبووبێ بیدەمە كەسێكی كەمدەرامەت، بەڵام وەك مرۆڤ ڕێزم گرتووەو سڵاوێكی پڕ ڕێزم لێكردووە كاتێك بە تەنیشتیدا تێپەڕبوویم. 
جلەكانی خۆم و منداڵەكەم سەدا نۆوەدی هی دەستی دوون، نەك تەنیا لەبەر  نرخەكەی، بەڵكو  دەمانەوێ هێندە مۆڕاڵمان هەبێ كە بوێرین جلی مرۆڤێك لەبەركەین كە لەوەیە هەڵگری نەخۆشی بووبێت و پێش ئێمە لەبەری كردبێ، یان ڕەنگ و پێست و ئاینێكیتری هەبێ، یا لەوەشە مردبێ.
 جلی ئەو كارگانە ناكڕین  كە  پێستی ئاژەڵ بەكاردەهێنن، یانیش كرێكارەكانیان وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ. 
ئێمە خواردن فڕێنادەین،  هەفتەی چەند ڕۆژێكیش هەوڵدەدەین خواردنی  زۆر سادە بخۆین. بۆ ئەوەی لەشمان نەبێتە بار بەسەر ئەو هەسارەیەی كە دووقاتی توانای خۆی مرۆڤی هەڵگرتووە. 
من لە مناڵێك زیاترم دروست نەكرد، بۆ ئەوەی پەشی چەندین مناڵیتری هەژار نەچێتە قوڕگی منداڵی من.
من و كچەكەم لە شەست مەتر دەژین، بۆ ئەوەی پانتایی زۆرتر بمێنێ بۆ ئەو مرۆڤانەی لە دەوور و پشتمانن.
ساڵانە سی و دوو  لە سەدای مووچەكەم دەچێ بۆ دەوڵەت و دەوڵەتیش دەیدات بەو بێ دەرامەتانەی پێویستیان پێیە.
بە سێ بڕوانامەی جیا و چەندین كتێب، خاوەنی تەنیا یەك موچەم كە لە مانگێكدا زیاتر لە سەد و شەست سەعات كاری بۆ دەكەم.
من لە هەموو ئەو كارانە بەڕۆژووم كە وا دەكەن مرۆڤ نەبم، تەنیا یەك مانگیش نا، بەڵكو دوازدە مانگ لە ساڵێكدا.